ئایار 16, 2021

د. زانیار هیوا: پێویست ناکات هەموو منداڵێک لەسەرەتای تەمەنیدا ڕێژەی خوێنی بپێورێت

ماكوان عيززه‌‌ت - هەولێر

 

سەبارەت بە مەترسی کەمی ئاسن لە جەستەی منداڵدا بۆچی دەگەڕێتەوە و چی کاتێک گونجاوە بۆ ئەنجامدانی پشکنینی ڕێژەی خوێن؟ د. زانیار هیوا فەریق، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان هۆكار وچارەسەرییەكەی بۆ دایك و باوكان ڕووندەكاتەوە.

د. زانیار هیوا، دەڵێت: "کەمخوێنی کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر گەشەی منداڵ بەو پێیەی ئەوە خوێنە کە کاری گواستنەوە دەکات لە جەستەدا و ووزە و خۆراک دەگەیەنێتە خانەکانی جەست". جا ئەگەر ئەم کەم خوێنییە بە هۆی کەمی ئاسنەوە بێت ئەوە جگە لە کاریگەری کەمخوێنییەکە ئەوە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی سەلمێنراویشی هەیە لەسەر پێگەیشتنی مێشک و توانای زیرەکی کەسەکە لە داهاتوودا بۆیە زۆر گرنگە کە هەرگیز کەمی ئاسن لە منداڵاندا پشتگوێ نەخرێت.
هەروەها دەشڵیت: ئەو ئاسنەی کە بەشێوەی خەزنکراو لە جەستەی هەر منداڵێکدا هەیە پاش لە دایک بوون تەنها بەشی ٤ بۆ ٦ مانگ دەکات و پاش ئەو کاتە ئەگەر سەرچاوەی تری ئاسن بۆ منداڵەکە دابین نەکرێت ئەوە تووشی کەمخوێنی بەهۆی کەمی ئاسن دەبێت، بۆیە زۆر گرنگە ئەو خواردنانەی کە دەیدەین بە منداڵەکانمان دەوڵەمەند بن بە ئاسن.
سەرەڕای ئەوەی کە ڕەنگە منداڵ تووشی کەمی ئاسن ببێت لەسەرەتای تەمەنیدا واتا ٤ بۆ ٦ مانگی و لەو ڕێگەیەشەوە کەمخوێنی درووست بکات، بەڵام پێویست ناکات کە هەموو منداڵێک لەسەرەتای تەمەنیدا ڕێژەی خوێنی بپێورێت هەتا تەمەنی یەک ساڵی کە کاتێکی گونجاوە بۆ ئەنجامدانی ئەو پشکنینە مەگەر ئەوەی کە پزیشکەکە پێی وا بێت ڕەنگە منداڵەکە کەمخوێن بێت ئەو کات دەکرێت ئەو پێوانەکردنە لە ٤ مانگیدا بێت.

 

© 2017 Hawler