تشرینی یەکەم 24, 2021

حەمەجەزا هونەرمەند و پێشمەرگە، ساڵیادی كۆچی دوایی نەكرایەوە

هەرچەندە رۆژی 1ی 10ی ئەمساڵ، 11 ساڵ بەسەر كۆچی دوایی هونەرمەند و پێشمەرگەی بەناوبانگ حەمەجەزا عەلی تێپەڕی، بەڵام هیچ یادكردنەوەیەكی بۆ نەكرا و ساڵیادەكە بە ساردوسڕی بەڕێ كرا؛ بەڕێوەبەری هونەری موزیكی سلێمانی دەڵێت، بەهۆی نەبوونی بودجەوە ناتوانن مەراسیم بكەن.

سەرلەبەیانی رۆژی 1ی 10ی ساڵی 2010 هونەرمەند و پێشمەرگە و كەسایەتی ناسراوی كوردستان و خەڵكی شاری سلێمانی محەمەد جەزا عەلی، بەهۆی ململانێیەكی سەخت لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە، ماڵاوای لە ژیان و كەسوكار و هاوڕێیان و هونەر كرد و لە گۆڕستانی شێخ مارفی نۆدێ لە شاری سلێمانی بەخاك سپێردرا.
بە وتەی هونەرمەندان، هونەرمەندی كۆچكردوو بە یەكێك لە هونەرمەندە ناوازەكان لە بواری هونەر دادەنرێت، چونكە هەم لە كاتی پێشمەرگایەتیدا لە شاخ خزمەتێكی زۆری بە هونەری كوردی كردووه‌، بەتایبەتیش جۆش و خرۆشدانی ورەی پێشمەرگە، هەمیش لە شار توانیبووی زیندوێتی هونەری كوردی بپارێزێت.
ساڵانە لەلایەن خانەوادەی ئەو هونەرمەندە و بەئامادەبوونی هونەرمەندان لەسەر گڵكۆی ئەو هونەرمەندە یادیان دەكردەوە، بەڵام ئەمساڵ هیچ یادێكی بۆ نەكرا، لەو بارەیەوە هونەرمەندی موزیكژەن، وریا ئەحمەد، سەرۆكی تیپی موزیكی (زیر و بەم) گوتی: بە داخەوە ئەمساڵ هیچ یادێك بۆ ئەو هونەرمەندە گەورەیەی كورد نەكرا و بە (هەولێر)ی راگەیاند، بەداخەوە هەرێمی كوردستان هونەری پشتگوێ خستووە، چونكە بۆ هونەرمەندێكی گەورەی وەك حەمەجەزا هیچ یادكردنەوەیەكی بۆ نەكرا، لە كاتێكدا ئەو هونەرمەندە بە بەرهەمەكانی توانیبووی خزمەتێكی گەورە بە هونەری كوردی بكات.
ئەم موزیسیانە كە ساڵانی هەشتاكان تۆمارگەی هەبووە لە شاری هەولێر باسی نموونەیەكی كرد و وتی "لەو ساڵانەدا تۆمارگەم هەبوو رۆژێك کوێخای گەڕەک (موختار) هات وتی بڕۆ بۆ ئاسایشی ناوشار، منیش پێم سەیر بوو، كە چووم وتیان هەواڵیان لێداوی لەسەر فرۆشتنی شریتی حەمەجەزا، منیش وتم ئەوە تۆمەتە ئەگینا هیچ شریتێكی ئەو هونەرمەندەم نەفرۆشتووە، بۆیە لەسەر گوێگرتنیش لەو هونەرمەندە بەناوبانگە خەڵك لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكرا."
سەبارەت بە یادنەكردنەوەی ساڵیادی هونەرمەندی كۆچكردوو حەمەجەزا، نەجات ئەمین، موزیسیان و بەڕێوەبەری هونەری موزیكی سلێمانی بە رۆژنامەی "هەولێر"ـی راگەیاند: "بەهۆی نەبوونی بودجەوە ناتوانن هیچ مەراسیمێك بۆ یادكردنەوەی هونەرمەندان بكەن، مەگەر لەلایەن خانەوادەكانیانەوە ئەو مەراسیمانە بكرێن.
هەر لەو بارەیەوە هونەر حەمەجەزا كوڕی هونەرمەندی كۆچكردوو بە "هەولێر"ـی راگەیاند: "ئەمساڵ منیش دوورم و نەمتوانی بێمەوە لەسەر گڵكۆی باوكم لەكەڵ چەند هاوڕێیەک و بەشێك لە خزمان و دۆستان ئەو یادە رێك بخەین، چونكە ئێمە لە 10 ساڵی رابرودوودا هەر خۆمان ئەو یادەمان ڕێك خستووە و هیچیان بۆ نەكرد."
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، ئەمساڵ دەستبەكاربوون لە نووسینەوەی ژیاننامەی باوكی لە دووتوێی پەرتووكێكدا كە ئومێد دەكەن بەم زووانە بەرهەم بهێنرێت، بۆیە داواكارن هەر كەسێك بەڵگەی وێنە، ڤیدیۆ و تۆماری دەنگی باوكی لایە، ئاگاداریان بكاتەوە.

 

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا - هەولێر

© 2017 Hawler