ئەیلول 19, 2021

تا ساڵی 2022 ئەلبومە تازەکەم بڵاو ناکەمەوە

خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ (چۆپی فەتاح) لە تازەترین لێدوانی دا بۆ خوێنەرانی هەولێر تیشکدخاتە سەر دوایین کار و بەرهەمە هونەرییەکانی، هەروەها رایدەگەینێت ئەو ئەلبومەی ماوەی نزیکەی دوو ساڵە ئامادەکاری بۆ دەکات، تاوەکو سەرەتای ساڵی 2022 ناتوانێ بڵاوی بکاتەوە.

لە دەستپێکی قسەکانی چۆپی لە بارەی کاری ئێستای بەچیەوە خەریکە دەڵێت : دیارە من ماوەی چەند ساڵێکە لە هەولێر ژیان بەسەر دەبەم، خەریکم لەگەڵ دوکانێکی جل و بەرگی کوردی ئافرەتان، ئەمە وەک پیشەیەک یا بزنسێک بۆ من زۆر باشە، چونکە خۆم حەزم لەو کارەیەو تا ئێستاکەش بە شێوەیەکی باش لەگەڵی بەردەوامیم هەیە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا چۆپی لە بارەی دوایین کارە هونەرییەکانی گوتی : ئەم ساڵ بەشێوەیەکی باش توانیومە ئامادەکاریی بکەم بۆ چەند گۆرانییەک، کە یەکێک لەو گۆرانیانەم لە ژێر ناوی (تۆ منت نەناسی) بە شێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاو کردەوە، کە ئەو گۆرانییە یەکێک بوو لە گۆرانییە باشەکان و جوانەکانی نێو ئەو ئەلبومە تازەی ماوەی نزیکەی دوو ساڵە ئامادە کاری بۆ دەکەم.
لە بارەی ئەو ئەلبومە تازەی کاری بۆ کردووە، چۆپی روونتر گوتی : ئەو ئەلبومە چەندیین گۆرانی جوانی لە خۆی گرتووە کۆمەڵێک هونەرمەند و شاعیری گەورە ئاواز و تێکستی جوانیان بۆ داناوم کە لای من جێگەی دەستخۆشی و سوپاسە، سەرجەم گۆرانییەکان تا بە تەواوی کارییان بۆ دەکەم ڕەنگە بگاتە 11 تراکی گۆرانی، لەبەر ئەوەی بەشێک لە گۆرانییەکان کاری ماسترینگ و وردەکاری ماوە بۆیە پلانم بۆ داناوە تا سەری ساڵی تازەی 2022 بڵاوی نەکەمەوە، هیوام وایە تا ئەو کاتە بتوانم بەشێوەیەکی فراوان لە ناوەو دەرەوەی کوردستان کاری بڵاوی کردنەوەی بۆ بکەم.
لەبارەی ئەو گۆرانیانەی لەلایەن هونەرمەندی گەورە (زیاد ئەسعەد) کاری بۆ کراوە چۆپی گوتی : دیارە من لە ئەلبومێکی دیکەشم سوودم لە ئاواز و تێکستی هونەرمەند گەورە کاکە (زیاد ئەسعەد) وەرگرتووە، نەک من بەڵکو زۆربەی ئێمەی هونەرمەندانی تاراوگە سوودێکی گەورەمان لە رێنمایی و چۆنیەتی گۆرانی وتن لەو هونەرمەندە ئاست بەرزە وەرگرتووە، چونکە زیاد ئەسعەد بە تەنها هونەرمەندێکی دەنگخۆش و ئاواز دانەر و شاعیرێک نیە، بەڵکو هونەرزانێکی شارەزاو خاوەن ئەزمونێکی دەوڵەمەندە، من لەو سیدیە تازەیەمدا 2 گۆرانییم لێی وەرگرتووە، کە دەبێتە دوو تراکی جوانی نێو ئەلبومە تازەکەم، هەڵبەتە ئاوازەکانی هونەرمەندی گەورە مامۆستا ( بورهان موفتی زادە) کاری جوانی بۆ کردووم سوپاسیان دەکەم.

 

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا - هەولێر

© 2017 Hawler