ئەیلول 19, 2021

هەڵسەنگاندنــی هـونەری بۆ دەنگ و بەرهەمەكانی

هونەرمەند عەلی مەردان لەساڵی (1904) لەگەڕەكی بەرتەكێ ی شاری كەركوك لەدایك بووە, ئەم گەڕەكە دەكەوێتە پاڵ تەكێی تاڵەبانی كەمەڵبەندێكی گەورەی ئاینی و ڕۆشنبیری وئەدەب و هونەر بووە بەتایبەتی گۆرانی و ئاوازو مەقامی ڕەسەن. دیارە گەلێك لەمەقام خوێنانی بەتوانای گەلەكەمان لەومەڵبەندەدا دەركەوتوون و ئەو گەنجینە مەزنەیان گەیاندە هونەرمەندانی دوای خۆیان نموونەی (مەلاوەلی - حەمەپیرە - محەمەد خەلیل ئاغا - حاجی نوعمان قەساب) و تادەگاتە هونەرمەندی گەورە (عەلی مەردان) و هونەرمەندانی دیاری نەوەی دوای ئەمان نموونەی (سەعید حەمەگوڵە - حاجی عومەر پاسەوان -حەمەدرێژ - مەلا محەمەد تۆپاڵ -میقداد عومەر) كە هەر بەردەوام بوون لەگەشەپێدانی هونەری ئاوازو مەقامی ڕەسەن.

سەرەتا وێستگەكانی قۆناغی فێربوون و پەرەپێدانی هونەرەكەی مامۆستا عەلی مەردان كەلەشوێن و مەڵبەندو مەقامخوێنی جیاواز فێری مەقام و یاساو ڕێساكانی هونەری دەنگبێژی بووە باس دەكەین:
1- تەكێی تاڵەبانی لەشاری كەركوك دەسپێكی ژیانی هونەری ئەوەو لە مەقامبێژان ( محەمەد خەلیل ئاغا - حاجی نوعمان قەساب و عوسمان تەپلە لەسەر و خاڵۆ قەڵایی ومەلا دەنگ خۆشەكانی تەكێ و ناو شاری كەركوك) لەكاتی تەمەنی منداڵی و هەرزەكاری لێیان سوودمەند بووە.
2- لەشارەدێی لەیلان لەخزمەت (خدر بارام چاوش – كامیل تەپەلوویی) ئاوازە كوردیەكانی وەكو: (ئەڵاوەیسی - قەتار - خاوكەر - خورشیدی - ئای ئای) فێر دەبێت.
3- لە سەرەتای ساڵانی بیستەكانی سەدەی ڕابردوو سوودی لەكۆڕو كۆبوونەوەكانی نێو قاوەخانەكانی شاری بەغداو مەقامخوێنانی شارەكە بینیوە.
4 – لەكاتی سەردانی هونەرمەند (سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی) بۆشاری بەغداو كەركوك لەوماوەیەدا گەلێك ئاڵو گۆڕی ئاوازو مەقامیان بەیەكەوە دەكرد وەكو خۆی دەڵێ مەقامەكانی (شوشتەر ماهور- دەشت) لە عەسكەر هەمەدانیەوە فێر بووم سەیدیش زۆر بەئاوازەكانی ئەڵاوەیسی و ئای ‌وای وقەتارو خورشیدی سەرسام دەبێت.
5- ماوەی ساڵ و نیوێك لەگەڵ هونەرمەندێكی مەقامخوێن لەشاری باقووبە بەناوی (موتەزاخانی ئەسفەهانی)
گەلێك مەقامی لێوە فێر بووە. دەبێت ئەوانەش و ئەو ئاوازو مەقامانەی ڕۆژهەڵات بێت
دام و دەزگاو ئیزگەو كۆمپانیاكانی تۆماركردن كەمامۆستا عەلی مەردان كەكاری هونەری تێدا تۆماركردووە هەموو بەرهەمە بەپێزو ڕەسەنەكانە ئێستا بەگەنجینەیەكی گەورەی موزیكی كوردی هەژماردەكرێت
1- لەساڵی 1925 بەدواوە لەكۆمپانیاكانی گرامافۆن (هیس ماستێرس ڤۆیس) ناسراوبە (ئەبوكەلب -هۆمۆكۆرد- بەیزافۆن) كەچەندین گۆرانی و مەقامی بەزمانی كوردی و توركمانی و فارسی و ئاوازەكانی ئای ئای و ئەڵاوەیسی تیادا تۆمار كردووە ناوبانگی باشی وەكو سەرەتا پەیدا كردووە.
2- ئیستواناتی چەخماخچی: لەم دەزگایە بەیاوەری هونەرمەندانی گەورەی عێراق (جەمیل بەشیر و مونیر بەشیر) بەئامێری كەمان و عود لەگەڵ ئامێرێكی كۆمەڵێك بەرهەمی ناوازە تۆماردەكەن بریتین لە گۆرانێكانی (كۆڵان بە كۆڵان - كەتان كەتانە - ئەوپەرچەم و ئەگریجە - ئەرێ خاڵێ لەمابەین كراسەكەت چیتی مۆرە - هەستە بابچین بكەین تەماشا) و كۆمەڵێ بەرهەمی تر لەشێوەی ئەلبومێكی ئەو سەردەمە كاریان كرد و لەساڵی 1950 بڵاویان كردەوە كەنموونەی كاری ڕەسەن و دڵگیرن.
3- ڕادیۆی كوردی بەغدا: مامۆستا عەلی مەردان لەسەرەتای ساڵی 1940 وە بەردەوام بوو لەم ئیزگەیە تاكو لەساڵی 1972 خانەنشین بوو سەدان گۆرانی مەقامی ناوازەی لێرەدا تۆماركردووە نموونەی ( خاڵۆ خاڵۆ- فاتیمە - خۆم و عودەكەم - هاجەرە - كاكەی شوان - بەدەنگی خۆش بمهێنە جۆش ) و دەیان مەقامی وەكوڕاست و عەجەم و حیجازو نەهاوەندو هەموو مەقام و ئاوازە كوردیەكان و دەیان مەقامی تر بەپێی یاساو ڕێساكانی ئەو هونەرە تۆمار كردووە.
4- ڕادیۆكانی تاران و كرماشان: مامۆستا عەلی مەردان لەساڵانی 1962 و 1963 سەردانی وڵاتی ئێرانی كردووەو گۆرانی ( ڕەنجی بێوەرم – گوڵەباخ و مەقامی عەجەم ) لەڕادیۆی كرماشان و گۆرانی ( گیانە بەسیەتی و چەنجارم ووت و مەقامی هومایۆن) لە ڕادیۆی تاران تۆماركردووە.
5- ئاهەنگەكانی سەرشانۆ و بۆنەكان: بەرهەمەكانی سەرشانۆ و هۆڵەكانیش وێستگەیەكی تری ژیانی هونەری مامۆستا عەلی مەردانن نموونەی (مەقامی مەنسوری و بەستەی باوی عابا نەماوە) لەگەڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی لەهۆڵی خولد و ئاهەنگەكانی نەورۆزو ئازارو گەلێك بۆنەی تایبەتی تر .
ئەگەر هەڵسەنگاندنێكی زانستیانە بۆ هونەرەكەی ( عەلی مەردان ) بكرێت توانای مامۆستا مەردان تەنیا لەدەنگە زوڵاڵەكەیدا نیە, لەم چەند خاڵەدا تواناو بلیمەتی عەلی مەردان دەخەینە ڕوو:
1 – وەكو هونەرمەندێكی گۆرانی بێژو دەنگخۆش توانای دەنگی عەلی مەردان جگە لەسۆزو خۆشی جوانی دەنگی دەچێتە چوارچێوەی چینە دەنگی ( تینۆر ) ەوە, مەودای دەنگیشی گەلێك جار ئۆكتافی تێپەڕاندووە, لەگەڵ ئەمانەشدا خاوەنی دەنگێكی كوردی ڕەسەن و گەرمیانی لەگەرویدا دەبیستین.
2- دەنگبێژی و چڕینی ئاوازو مەقام:
أ – عەلی مەردان هەموو فۆرم ومەقامە كوردیەكانی ناوچەی كەركوك و گەرمیانی چریوەو تۆماریشی كردووە نموونەی (ئەڵاوەیسی - قەتار - خاوكەر - خورشیدی - ئای ئای) سەرەتا لە كۆمپانیاكانی گرامافۆن تۆماری كردن بەڵام لەساڵی 1947 بەدواوە كاتێك ئیزگەی كوردی ئامێری تۆماركردنی پێگەیشت بەشێوەی جوانترو پاكتر ئەم فۆرمە كوردیانەی تۆماركردەوە لە شیعرەكانی ( مەولەوی و مەلای جەباری ) بەشێوە زاری ماچۆ وەكو ئەوەی لەناوچەی گەرمیان باوە بەشێوەزاری باوباپیرانمان ئەو ئاوازانەی خوێندووە.
جگەلەمانەش كۆمەڵێ ئاوازو مەقامی كوردی دیكەی چڕیوە كەبەشیعری شاعیرانی كلاسیكی خوێندوویەتی هەندێكیان لەبنەڕەتدا ئاوازی نێو تەكێ و خانەقاكانی كوردستانن كەلەشاری كەركوك زۆر باون دیارە مامۆستا هەر لە منداڵی و هەرزەكاریەوە گوێی بەم ئاوازانە كراوەتەوە نموونەی ( مەنسوری - خەنەبات- قەزاز - مەسنەوی - نیوەشەوی ) و مەقامی ( هیجران ) كە لەداهێنانی خۆیەتی
ب - عەلی مەردانی مەقامخوێن و مەقامزان دیارە ئاوازو مەقامەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوین جگە لەمیللەتی كورد لەلایان میللەتانی (فارس و تورك و عەرەب) یش دەخوێنرێت هەرچەندە مەقام گەلێك لەمانە ناوەكانیشی كوردین كەلە دەستەواژەو وشەو ناوی دیارو ناوچەو شارەكانی كوردستانەوە ناویان هاتووە نموونەی پەیژەو مەقامەكانی (كورد - ڕاست - بەیاد واتە بەیات - نەهاوەند - ئورفە - هەوشار...هتد)
مامۆستا عەلی مەردان یەكێك لە هونەرمەندە گەورەكانی بواری مەقامە, بەشێوازو كاریگەری تایبەتی خۆی و سۆزی دەنگی كوردانەی لەناو ئەم مەقامانەی خوێندوێتی بەڕوونی دیارەو پەیڕەوی یاساو ڕێسای مەقامخوانی بەتەواوی كردووە كەبریتین لە (دەستپێك و ناوبەندو شكانەوەو مەیانە و تەسلیم) هەڵبەتە هەموو ئاوازو مەقامێك دەسپێك و كۆتایی هەیە چونە قوڵایی مەقامەكەو شكانەوە بۆناو ئاوازی جیاوازو پاشان بەشی بەرزی مەقامەكە بە ( مەیانە ) ناسراوە دەبێت بچێتەئاوازو مەقامی جیاوازو پاشان بگەڕێتەوە سەر ئاوازی سەرەكی و دوایی تەواو بوون یان تەسلیم. كە مامۆستا عەلی مەردان هەرمەقامێكی خوێندبێت ئەم یاسایانەی تێدا پەیڕەو كردووە تەنانەت ئەگەر مەقامێكی بچووكیشی چڕیبێت وەكو لەهیجرانەكەیدا دەچێتە ناو پارچەیەكی بچووك لە( حیجاز غەریب ) و پاشان دەگەڕێتەوە ناو هیجرانەكە كەشێوە ئاوازێكە لەسەر پەیژەی بەیات.
دیارەگەلێك نمونەمان لەبەردەست هەیە لەمەقامەكانی (ڕاستی سەرەكی - پێنجگا - ڕاست ماهور - مەقامەكانی نەهاوەندو حیجازەكانی - بەیات كورد- ئورفە - شوور - سێگا - حوسەینی - عەجەم - نەوا - سەبا) دەیان مەقامی تر.
یەكێك لەو مەقامانەی بەنموونە بیهێنینەوە مەقامی (پێنجگایە) كەشێوازێكە لە( پەیژەی ڕاست) جگە لەوەی سەرەتاو دەسپێك و چوونە ناو ناوەڕۆكی مەقامەكە دەخوێنێت وەكو هەر مەقامێكی تر بەڵام لەبەشە بەرزەكانی مەقامەكە (مەیانە) هەرجارەی خۆی لەئاوازێكی جیاواز دەدا كە جاری یەكەم ئاوازی (حیجاز غەریب) دەخوێنێ كەشێوەیەكە لەمەقامی حیجاز پاش تەواو كردنی ئەم بەشە لەشێوەی پەیژەی (سۆزناك) واتە (ڕاست حیجاز) دادەبەزێتەوە بۆ بنكەی ڕاست پاشان لەپلەی پێنجەمی پەیژەی مەقامەكەوە دەچێتە بەرزی دووەم (مەیانەی دووەم) بەڵام لەم بەشەدا ئاوازی (مەنسوری) دەخوێنێ كەجۆرێكە لەتێكەڵەی (سەباو بەیات) پاش تەواو بوونی ئەم بەشە دەگەڕێتەوە بۆسەرەتاو بنكەی مەقامەكە كە ئاوازی پێنجگایە و كۆتایی بەئاوازەكە دەهێنێت و تەسلیمی دەكات.

ج – عەلی مەردانی ئاوازدانەر: دیارە مامۆستا دەستێكی باڵای هەبوو لەدروستكردنی بەستەو گۆرانی دڵگیر ڕەنگە ئێمە (100 بۆ 120) گۆرانیمان لەبەردەست بێت و گوێمان لێ بووبێت بەپێی سەرچاوەكان و ئەو كارمەندو هونەرمەندانەی لەڕادیۆی كوردی كاریان كردووە, بەڵام بەرهەمەكانی مامۆستا زیاتر لە (500) مەقام و گۆرانیە كەبەداخەوە گەلێكیان نادیارن ئایا لەشوێنێك پارێزراوە یان لەساڵی 2003 بەر شاڵاوی تاڵانكردن بۆتەوە لەگەڵ ئەو ئەرشیفە گەورەیەی كەلە ڕادیۆی كوردی بەغدا هەبوو؟
دەتوانین مامۆستا وەكو ئاوازدانەرێكی گەورەی كورد تەماشابكەین كەخاوەنی سەدان بەستەی جوان و دڵگیرە لەسەر تێكڕای پەیژەو مەقامەكان گۆرانی درووست كردووە, جگە لەوانەی خۆی تۆماری كردووە بۆ چەندین هونەرمەند ئاوازی داناوە لەوانە (حسین عەلی - خلیل وەندی - گوڵبەهار - حسن دڵسۆز - سابیر كوردستانی)

د - مامۆستا عەلی مەردان و هەڵبەستی لیركی:
هونەرمەند عەلی مەردان لەپاڵ بەكارهێنان و ئاوێتە كردنی شیعری شاعیرانی كورد لەگۆرانی و مەقامەكانی وەكو خۆی دەفەرموێ جیاوازیم لەنێوانیادا نەكردووە شیعری هەموویانم خوێندووە, جگە لە شیعری كەڵە شاعیرەكان گەلێك لەگۆرانیەكانی خۆی شیعری بۆ داناوون كەلە دووتوێی كتێبێكدا بەناوی گۆرانیەكانم لەساڵانی هەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا لەدوای خۆی بەچاپیان گەیاند, بۆیە عەلی مەردان تێڕوانینێكی جوانی بۆ ئەدەبیاتی كوردی و شیعری شاعیران هەبووە, شیعری زۆربەی كەڵە شاعیرانی وەكو (پیرەمێرد - مەولەوی - سافی هیرانی - بێ كەس - گۆران - ئەحمەد هەردی - ئەسیری - كەمالی - مەلای جەباری - مەحوی - ئەخۆل – ئەحمەد موختار - حەمدی – بێ خود – دڵزار) چەندین شاعیری دیكەی كۆن و نوێ
مەردانی مەزن لە (24-7-1981) بۆ دواجار چاوەكانی لیكناو ماڵئاوایی لێكردین.

 

نووسین و ئامادەكردنی: چالاك سدیق

© 2017 Hawler