ئاب 04, 2021

چالاك صديق توێژەرێكی ماندوو نەناس و، ژەنیارێك پڕ بە هەستی گەرمیان

( چالاك صديق حسن ) لە 31|12 | 1965 لەشاری كەركوك لە دایك بووە، خێزاندارەو خاوەنی دوو كوڕو دوو كچە، كچ و كوڕێكی لەپاڵ خوێندنی زانكۆ سەرقاڵی ژەنینی ئامێری (پیانۆ) ن.

لەنێوان (2008 - 2010 ) بەڕێوەبەری پەیمانگای هونەرەجوانەكانی كەركوكی بووە، بە هۆی سەركەوتوویی لە كاری ئیداری بۆ جاری دووەم لە( 2016 - تا ئێستا) كرایەوە بە بەڕێوەبەری هەمان پەیمانگا.
چالاك صديق ژەنیاری ئامێری ) كەمانچە- violin ( یەو توێژەرێكی ماندوو نەناسی موزیكی كوردی و ڕۆژهەڵاتی یە پەیمانگای هونەرەجوانەكانی ( موصل ) و كۆلێجی هونەر بەشی موزیك لە( زانكۆی بەغدا ) تەواو كردووە.
سەبارەت بە كارو چالاكیە هونەریەكانی چالاك صدیق بەو جۆرە بۆ ڕۆژنامەی هەولێر دوا :
لە( 1992 -1993 ) وانەبێژ بووم لە پەیمانگای هونەرەجوانەكانی سلێمانی لە ( 1998 ) وە بەفەرمی دامەزرام بە مامۆستا لەهەمان پەیمانگا، لە(2006) پەیمانگای هونەرەجوانەكانی كەركوك دامەزرا وەكو مامۆستاو سەرۆك بەشی كارم كرد، دواتر بووم بە بەڕێوەبەر.
لەسەرەتای ( 2011 – 2020 ) ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان و سەرۆكی لقی سەندیكای ناوبراو بووم لەشاری كەركوك
دەستەی دامەزرێنەری ڕێكخراوی ئازاد هەورامیم لەشاری كەركوك فێرگەیەكی هەمیشەیی لەشارەكە هەیە، هاوكاری بەردەوامی ڕێكخراوەكەم .
چالاك صدیق بەو جۆرە باسی دەستپێكی كاری هونەری خۆی كرد:
لە(1984) وە تا ئێستا بەردەوامم لە خزمەت كردنی هونەری كوردی . سەرەتای دەست پێ كردنم لەفێربوونی موزیك لای دوو مامۆستای بەناوبانگی شاری كەركوك بوو مامۆستا ( جلال سۆدەچی ) لەنەتەوەی توركمانە مۆسیقای ڕۆژهەڵاتیم خوێند لە ( 1981) هەروەها ساڵێكیش لای مامۆستاو هونەرمەند ( قادر مەردان ) سەرەتاكانی ئامێری كەمانم بەشێوەی درووست وەرگرت .
تاوەكو لە(1982 ) لەپەیمانگای هونەرە جوانەكانی موصڵ وەرگیرام.
-لەكۆتایی ( 1991 ) لەگەڵ كۆمەڵێك لەهونەرمەندانی شاری كەركوك تیپی مۆسیقای كەركوكمان دامەزراند تائێستاش ئەو تیپە بەردەوامە لەكاری هونەریی. كۆمەڵێك كلیپ و كاری هونەریمان بۆهونەرمەندانی شاری كەركوك ئەنجام داوە، زۆرینەی بەرهەمەكان خۆم سەرپەرشتیم كردووە.
-لە تیپی مۆسیقای شنروێ ئەندام بووم و بەشداری كۆمەڵێك لەكارەكانیانم كردووە.
-ئەندامی تیپی مۆسیقای سلێمانیم لە (2003 ) وە بەشداری زۆرینەی چالاكیەكانی ئەو تیپەم كردووە .
- لە ساڵی 2000 لە بەرنامەی سۆزو ئاواز ماوەی دوو ساڵ زیاتر چل بەرنامەی مۆزیكمان تۆماركرد. - سەرپەرشتیاری گروپی مۆزیكی بەرنامەی ئاوێنە بووم. دوای ئەوانەیش ناو بەناو هەر كاری موزیك و گروپەكانی كەناڵەكانم كردووە، بەتایبەتی لەبۆنەو جەژنەكان و شەوانی ڕەمەزان .
-لە ساڵی 2002 تا ئێستا ئەندامی كارای ئۆركێسترای سلێمانیم لەهەموو كۆنسێرتەكاندا وەكو ژەنیار بەشدار بووم.
-لە كەناڵی ئاسمانی كەركوك سەرپەرشتیاری بەرنامەی مەقامات بووم زیاتر لەبیست هەڵقەمان لەسەر مەقام و ئاوازە كوردیەكان پێشكەش كرد وەكو ژەنیارو شرۆڤەكردنی مەقامەكان شیكاری كردن قسەمان لەسەر دەكرد. لەگەڵ سەرپەرشتی كۆمەڵێك بەرنامەی هونەری بۆهونەرمەندانی دیاری كورد نموونەی ( ئیسماعیل سابور - حەمەڕەئووف كەركوكی - شاروخی - تارا ڕەسول – ئەمەل كوردە – سابیر كوردستانی – چنار كەركوكی - تاهیری خەلیلی بورهان خۆشناو – محەمەد عەباس بارام ) و كۆمەڵێ هونەرمەندی تر
بەشداری كۆمەڵی ڤیستیڤاڵی لە ناوەوەو دەرەوەی كوردستان كردووە
1-ڤیستیڤاڵی سێیەمی مۆزیكی كوردی لە شاری سنە مانگی 2 ی -2003 لەگەڵ تیپی مۆزیكی سلێمانی. 2- ڤیستیڤاڵی مۆزیكی كوردی لە دیاربەكر 25 تاكو 30| 5 | 2005 لە گەڵ یەكێتی هونەرمەندانی كوردستان.
3- كۆنسێرتێكی مۆزیك لەگەڵ ئۆركێسترای سلێمانی لە شاری سۆفیای ولاتی بولگاریا لەگەڵ یەكێك لەكارەكانا پارچەیەك ئەڵاوەیسیم ژەند. 4 - بەشداریم لە خولێكی مۆزیك كرد لە زانكۆی مۆزارتیۆم لە وڵاتی نەمسا لە ساڵی 2009 .
5 – بۆ ماوەی 4 ساڵیش بەشداری خولەكانی ڕێكخراوی ێس ئەكادیمی ئەمریكیم كردووە لە هەولێرو سلێمانی هاوكاریم كردوون لەناردنی فێرخوازەكانمان لەكەركوكەوە بۆ ئەو خولانە 6- لە گەڵ سەندیكای هونەرمەندان سەردانی ولاتی میسرمان كرد بۆ درووست كردنی پەیوەندی لەگەڵ سەندیكای باڵای هونەرمەندان لە میسر .
7- لەگەڵ چەند هونەرمەندێكی تیپی مۆسیقای سلێمانی بەشدار بووین لەڕێزلێنانی هونەرمەند شەفیع كیمنەیی لەشاری سنەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە7-10 – 2019
8- ڤیستیڤاڵی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری هەولێر بۆموزیك و گۆرانی 20 – 11 – 2018 و 2019 سەرپەرشتی تیپی مۆسیقای كەركوكم كرد بەشدار بووین لەڤیستیڤالی زوڕنا لەشاری سلێمانی
9– بەشداری كردنم لەسیمیناری ڤیستیڤاڵی مەقام لەشاری كفری لەگەڵ هونەرمەندان ( ئەنوەر قەرەداغی و ئامانج غازی ) لە مانگی 19- 20 | 12| 2019
10 - لەساڵی 1998 تاكو 2003 سەرپەرشتیاری تیپی مۆسیقای كەركوك بووم لە ڤیستیڤالەكانی یەكێتی هونەرمەندانی كوردستان لە لە قەزاكانی كەلارو كفری و دەربەندیخان و چەمچەماڵ .
11 - لەگەڵ هونەرمەندان ( كەریم كابان – ئەنوەرقەرەداغی –نیاز نوری – بەندە ) لەشاری سەردەشت میوانداری كراین بۆ ڕێزلێنانی هونەرمەندی بەیت بێژ ( خدری قادری ) ناسراو بە ( خلە دەرزی ) لە مانگی 5| 2004
چالاك صدیق سەبارەت بە بەرهەمەدانراوەكانی بۆ هەولێر ئاوا دوا:
1 - دانانی مۆسیقای درامای( كەركوك 4 ) لەدەرهێنانی ناسر حەسەن ساڵی 2011
2 - دانانی سروودەكانی ( كەركوك - لەكەركوك هەڵ خرا مەشخەڵی ڕزگاری - پێشمەرگەی كوردستان - كوردستانەكەم - هاواری ئازادی بۆ هونەرمەند حەمەڕەئووف كەركوكی ) كەكاری كلیپیان بۆ كراوەو لەكەناڵەكانی تەلەفزیۆن بڵاوكراونەتەوە.
3 - دانانی زیاتر لە 10 گۆرانی بۆ مناڵان كە لەكەناڵەكان بڵاوكراونەتەوە
4- دانانی مۆسیقای گۆرانی و ئامادەو دابەشكردنی بۆ هونەرمەند سابیركوردستانی نموونەی گۆرانی ( بۆكچێكی كاڵ - لەدوورەوە ناوت بیستووم ) كەكاری كلیپی لەلایان هێڵی دەنگ بۆ كرا – لەگەڵ سازكردنی كۆنسێرتێك بۆی لەشاری كەركوك و هەولێر كە خۆم سەرپەرشتیاری گروپەكەم كردوە.
5- دانانی ئاوازی گۆرانی ( هیوا ) بۆ هونەرمەند حەمە ڕەئووف كەركوكی لەگەڵ دانانی مۆسیقای گۆرانی بۆ كۆمەڵێ بەرهەمی تری وەكو ( تەنكە - كەی پێك دەگەین – تریفەی شەوگار - بۆ ڕوحی سابیر كوردستانی -
6- ئاوازو مۆسیقای گۆرانی ( بابەس بێ چاوەڕوانی ) بۆ هونەرمەند تارا ڕەسول
7 - دانانی مۆسیقای 3 گۆرانی ( شاژنی خەیاڵ – ئەوڕۆ1ە بوو منت دۆڕان - ئەگەر خاڵت موشكی جەفایە ) بۆ هونەرمەند ( عەباس محمد) كە هەرسێكیان لەئاوازەكانی هونەرمەندو ئەدیب (خالید دلێر) ن.
8 - دانانی كۆمەڵێك موزیكی كوردی ( وەنەوشە - سەمای پایز - شەم - ئەڵاوەیسی - كاكەی شوان - ساز سەماعی دەشت )
9 – ئامادەكردن و دانانی گەلێك بەرهەمی فۆلكلۆری كوردی بۆ هونەرمەندانی كەركوك و گەرمیان بۆ هونەرمەندان ( شكور خەیات - دڵشاد سەڵاح داودە - عەباس سەڵاح داودە – ئیحسان زیرەك – بورهان جەباری – صدیق شەیدا – حەمە هیوا ) كۆمەڵێ هونەرمەندی تر.

 

سەرکەوت بورهان

© 2017 Hawler