حوزەیران 22, 2021

فیلمی پەپوولەی ڕەش لەگەڵ ھونەرمەندانی کەنەدا بەرھەم دێنێت

کورتە فیلمی سینەمایی(Black Butterfly) یاخود پەپوولەی ڕەش، كە نوێترین بەرهەمی سینەمایی شیرین جیهانییە، لەشاری ڤانكۆڤەر دەستكرا بە كاری وێنەگرتنی، ئەم فیلمە بە زمانی ئینگلیزی بەرهەمدێت و شیرین جیهانی لەپاڵ كاری دەرهێنان هەرخۆشی دەقەكەی نووسیوەتەوە، هەروەها لەم فیلمەدا ژمارەیەك هونەرمەندی وڵاتی كەنەدا و گەلە جیاوازەكان تێیدا بەشدارن، پەیامی فیلمەكە مرۆڤایەتییەو پێناسەیەكە بۆ ڕەوشت بەرزی مرۆڤەكان .

 

(شیرین جیھانی) دەرھێنەری ئەو فیلمە لە ئاخاوتنێکی بۆ (ھەولێر) دەڵێت: فیلمی (پەپوولەی ڕەش) دەبێتە ئەزموونێکی نوێ لە کارە سینەماییەکانی مندا، کە ساڵانێکە بەھۆی خراپی بارودۆخی کوردستان و قەیرانە سەختە داراییەکەی لە کاری سینەمایی دوورکەوتبوومەوە، ئێستاش لەگەڵ ژمارەیەکی بەرچاو لە ھونەرمەندە دیارەکانی کەنەدا سەرقاڵی وێنەگرتنی ئەو فیلمە تازەم، کە دەبێتە پێناسەیەکی جوان بۆ مرۆڤایەتی و ڕێزگرتن لە ئایدۆلۆژیای جیاواز و داب و نەریتە کۆمەڵایەتیەکان بەپێی دەستووری کۆمەڵگە.

دوای تەواوبوونی فیلمەکەش بڕیارمداوە لە چەند فێستیڤاڵێکی جیھانی بەشداری پێبکەم و ململانێی سەخت بۆ بردنەوەی خەڵات بکەم، تا بتوانین لە ڕێگەی فیلمی کوردییەوە کلتووری خۆمان زیاتر بە گەلانی دنیا ئاشنا بکەین.

 

شیڤان شێرزاد - هەولێر

 

© 2017 Hawler