ئایار 16, 2021

ئاگنێشکا گلینیسکا و شانۆنامەی سێ خوشکەکەی چێخۆڤ

یەکێک لەدەرهێنەرە هاوچەرخەکانی ئێستای شانۆی پۆڵەندی ئاگنێشکا گاینسکایە، ئەو خانمە لەدایکبووی ١٩٦٨ شاری ڤرۆتسواڤی پۆڵەندیە، دەرچووی قوتابخانەی باڵای دەوڵەتە بۆ شانۆ لە ١٩٩٠ـدا. وەک ئەکتەر و دەرهێنەر لەشانۆی پۆڵەندیدا کار دەکات، لە ٢٠١٢- ٢٠١٥ بەڕێوبەری ستۆدیۆی شانۆی وارشۆ بووە، کە شانۆیەکی بچووک بوو بۆ تەمەنی مناڵ و هەرزەکاران، سەرەتای دەرکەوتنی لەشانۆدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٠ ئەو دەمەی وەک ئەکتەر بەشداری کرد لەشانۆگەری "ئێستا من" بەڕۆڵی ناتالی ستیپانۆڤنی کە کارێک بوو لە نووسینی چێخۆڤ، لە دەرهێنانی مای کۆمۆرۆڤسکیێ، وەک دەرهێنەرێکی شانۆیی چەندین کاری نمایش کردووە، هەروەها لەکاتی تۆمارکردنی کارەکانی وەکو شانۆی تەلەڤزیۆنی دیسان هەر خۆی دەرهێنەری کارە تەلەڤزیۆنیەکانیشی بووە، لە ژیانی شانۆییدا دەرهێنەری ٦٠ کاری شانۆییە، لەپاڵ ئەوە خاوەنی چەندین خەلات و میدالیای شانۆییە.

شانۆگەریی "سێ خوشکەكە" ی چێخۆڤ، یەکێکە لەدیارترین نمایشە شانۆییەکانی، هەوڵیداوە دەستکاری هەندێک پەیوەندیی بکات، ئەوەش پەیوەستە بە دیدی دەرهێنانی و چۆنیەتیی ئازادکردنی کارەکتەر لە ڕەهەندە مێژوویەکانی تێکست، تاوەکو نزیکیان بکاتەوە لەدۆخی کۆمەڵگای پۆڵەندی، هەوڵ دەدەین تەواوی ئەو دیدگایەی بخەینە ڕوو.
لەم نمایشەدا هەر لەسەرەتاوە ڕووبەرووی گریمانەی ناو تێکست نابینەوە، بەڵکو سێ خوشکەکە لەدوو کورتە دیمەنی شانۆیی باس لەخەون و ژیانی ڕابردووی خۆیان دەکەن، بەدوای ئەوە دەگەڕێینەوە ناو سەرەتای دیمەنی شانۆنامەکە، چڕ بوونەوەی زەمەنی لەناو دیمەنەکان درووست کراون، هەندێک دەیالۆگی ناو دیمەنەکان نەماون، بەڵام ئەوەشیان چەندە زیانی بەو دیدە چێخۆڤیەی ناو نمایشەکە گەیاندووە، هێندەش پەیوەستە بەستراتیژی گوتاری نمایش بەهۆی ئەوەی ئەتمۆسفێری نمایشەکە دەیەوێت قسە لەمرۆڤی هاوچەرخ بکات، نەک مرۆڤێک کە نووسەر لە ١٩٠١ شانۆنامەکەی تیا نووسیوە، دەرهێنەر لەهەوڵی ئەوەدایە کاتێک لە ٢٠١٢ ئەم شانۆنامەیە نمایش دەکات، قسە لەو بینەرە بکات کە ئامادەبووی نمایشەکەیە، دەیالۆگەکانی نووسەر وەک خۆی ماونەتەوە جگە لە هەندێک دیمەن کە چڕبوونەوەو لابردنی وشە و دەستەواژەی لابردووە، بەڵام لە ڕووی جل و بەرگ ودیکۆر و ئەتمۆسفێرەو نزیکی کردۆتەوە لە ژیانی ئەمڕۆدا، ئەوەش وای کردووە فەزا چێخۆڤیەکە وابەستەی ئەمرۆ بکات، نەک وەک پابەندبوونی بە گریمانەی ناو تێکستی نووسەر، ئەگەرچی کردەی بینین لادانی نەخوڵقاندووە لەدنیای نووسەرەوە، سەرەنجام ئەوەی دەیبینین شانۆگەریی سێ خوشکەكەیە بە دیدێکی نوێوە.
لەڕێی پێکەنین و سرووتێکی شادیەوە دەیەوێت خەمی سەر ڕووی کارەکتەرەکان بگۆڕێت، بەوەی مرۆڤەکان هەمیشە ئومێدێکیان هەبێت بۆ ژیان، هەڵبەت ئەوە لای نووسەریش هەیە، بەڵام کارەکتەرەکان هەمیشە خەمگینن گەرچی لەبنەرەتدا خەونیان هەیە، بەتایبەت خوشکەکان کە خەون بە گەڕانەوە بۆ مۆسکۆ دەبینن، بۆیە لەهەندێک شوێندا دەرهێنەر بۆ ئەوەی بنیاتی ئەو شادیەی کارەکتەر بکات، دێت هەندێک ووشە وەک پەیوەندی ڕووخسار بە کارەکتەرەکان دەبەخشێت. ئەوەش وا دەکات بونیادێکی نوێ بەکارەکتەر ببەخشێت، بەڵام بونیادێکی چێخۆڤیانە نەک لادان لەماناکانی نووسەر، وەک چۆن گۆڕینی یاری کاغەز بە کۆمەڵە دەمامکێک، کە مەبەستی بەئاگاهێنانەوەمانە لەوەی ئەو گۆڕانکاریانە دوورمان ناکەنەوە لەنووسەر، چونکە یەکێک لە ماسکەکان روخساری چێخۆڤە.
ساتی پیانۆژەنینی ماشای گۆڕیووە بە سەمایەک کە ماشا دەیكات، سەماکە لە جووڵەی وێنەی نەورەس بەرجەستە دەکرێت، ئەوانیتریش دەبنە بینەری سەماکە، ئەوەش ڕێک گەڕانەوەیە بۆ دیمەنی نواندنەکەی ناو شانۆنامەی "باڵندەی دەریا" ی چێخۆڤ، بەتایبەت کە سەماکەش هەر گوزارشت لە نەورەس دەکات، خەمگینانەش دیمەنەکە کۆتایی دێت. ئەو پێشتر کاری دەرهێنانی بۆ شانۆگەریی "مەلی دەریا" کردووە، بۆیە ئەو دیدەی بۆ چێخۆڤ و نزیکبوونەوە لە تێکستێکی تری پەیوەستە بە عەشقی بۆ ئەو نووسەرە، کە پێشتریش کارێکی تری چێخۆڤی پێشکەشکردووە بەناوی "هونەری بێ ناونیشان" ئەو سەمایە لەگەڵ ماسکی چێخۆڤ دوو بنەمای گرنگی ناو ئەو نمایشەن. دەرهێنەر لەو رێگەیەوە داکۆکی لە مۆرکە چێخۆڤیەکەی نمایشەکەی دەکاتەوە، پارێزگاریکردنە لەڕۆحی نووسەر بۆ ئەوەی وێنەکە بەتەواوی بەرجەستە بکات، وەک چۆن لەئاگرکەوتنەوەی ئەپارتمانەکە، ڕوناکی ئاگرو دوكەڵەکە کاریگەری بۆ ماڵی خوشکەکانیش هەیە، وێنەیەکی نائارامی بەخانەوادەکە دەبەخشێت، ترسی خوشکەکان و هاوسۆزبوون لەگەڵ ئەوانیتر بە قووڵی دەردەکەوێت، ئەوەی لەپێکەنینی خۆی ناکەوێت ئەوە تەنیا نەتالیا ئیڤانۆڤای هاوسەری ئەندرێیە.
دەرهێنەر دەیالۆگێک لا دەبات، بۆ ئەوەی چەمکی خیانەت لە نەتالیا پاکبکاتەوە، بەوەی دۆستەکەی چاوەڕێی دەکات، هەروەها ئەو دەیالۆگەی چێخۆڤ کە ماشا ئاراستەی ڤێرشینینی دەکات بەوەی دەڕواتە پۆڵەنداو لەوێ ژنەکان باوەشی بۆ دەکەنەوە و پێی دەڵێن گیانەکەم. لابردنی ئەو دەیالۆگە، پەیوەستە بە هەستی پۆڵەندیبوونی دەرهێنەرەوە، کە نایەوێت وێنەیەک ببەخشێت بە ژنی پۆڵەندی کە ئەویتری دەرەوەی شوناسی ئەو وەک لاوازی سەیری بکات. دەرهێنەر ئاگنێشکا گلینیسکا نمایشەکەی بۆ خوشکەکان دابەش کردۆتە سەر دوو ئاست: ئەوان لەسەرەتاوە خەون دەبینین، بۆیە بەپێکەنینەوە ڕووداوەکان دەبەنە پێشەوە، بەڵام لەگەڵ سەمای کوژرانی نەورەسی ماشا، ئیدی پێکەنین دەبێتە گریان و فرمێسک، خەمباریەکی چێخۆڤیانە ڕووداوەکان دەبات بەرەو لووتکەی نائومێدی، کە سوتانی ئاپارتمانەکەی دێتە سەر، لەوێدا خوشکەکان بەتەواوی ئەو داڕمانی ئومێدەی خۆیان دەبینن، کە تاکۆتایی خەمباریە چێخۆڤیەکە دەبەنە ئاستی باڵا، سەرباری ئەوەی دەرهێنەر لەڕێی لابردنی هەندێک دەستەواژەو دەیالۆگ بونیادی کارەکتەر دەباتە ئاستێکی فراوانتر، دەیەوێت بەردەوام داکۆکی لەو مۆرکەی نووسەر بکات، سایتی کولتوور لە ڕاپۆرتێکدا لە بارەی دەرهێنەرەوە ئاماژە بۆ بەدواداچوونێکی ڕەخنەیی دەکات، کە دوای نمایشەکە بڵاو بۆتەوە، یەکێک لەڕەخنەگرەکان لەبارەی ئەو نمایشە نووسیویەتی: "بەهیچ شێوەیەک زیانی بە دەقەکەی چێخۆڤ نەگەیاندووە، تەنیا پێشنیاری ڕوانینێکی کردووە کە زیندەگیەکی زیاتر ببەخشێت بە خەمەکانی مرۆڤ و نەخۆشیە ڕۆژانەییەکانی."

 

نیهاد جامی

© 2017 Hawler