ئایار 16, 2021

ئارێز عەبدولڕەحمان: ئەگەر مۆسیقا نەبوایە ئەوا مرۆڤ داهێنانی لە گڤەی پا و هاژەی ڕووبار و خشپەی گەڵا نەکردبایە، ژیان ئاوا جوان نەدەبوو

میوزیکژەن ئارێز عەبدولڕەحمان تەمەنی ٢٠ ساڵە و خەڵکی هەولێرە، قۆناغی شەشی ئامادەیی تەواو کردووە و بە حەز و خولیای خۆی توانیوێتی فێری ژەنینی میوزیک بێت. وەک خۆی بۆ ڕۆژنامەی "هەولێر" دەڵێ:" ئەگەر مۆسیقا نەبوایە ئەوا مرۆڤ داهێنانی لە گڤەی پا و هاژەی ڕووبار و خشپەی گەڵا نەکردبایە، ژیان ئاوا جوان نەدەبوو.

کورتەیەک لە چالاکییەکانت باس بکە بە هاوبەشی لەگەڵ گرووپەکەتان؟
هەرچەندە بەهۆی ئەو باروودۆخە ناهەموارەی
ڕووبەڕووی تەواوی دونیا بۆتەوە، بۆیە گرووپەکەی ئێمەش لە کارووچالاکییەکانی وەستا، بۆیە لە ئێستادا لە ستافێکی چەند
کەسیدا خۆمان ڕێکخستووە بۆ ئەوەی کاری جوان پێشکەش بکەین لە ئاییندەدا، هەروەها لەماوەی ڕابردووش چەندین چالاکیمان
ئەنجام داوە، کە تەواوی کارەکانمان خۆبەخش بووە وەکو، ساڵانە باشداریمان لە زەنگی کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان کردووە
لە چالاکی قوتابخانەکاندا، لە چەندین بۆنە و فێستیڤاڵی کۆمەڵایەتی و سیاسی و هونەری بەشداربووین لەوانە یادی ئەنفال و
ڕێفراندۆم و کۆکردنەوەی کۆمەکی بۆ لێقەوماوانی کۆبانێ و کوردانی ڕۆژئاوا، چەندین کارمان بۆ ئاسوودەکردن و خەندە خستنە سەر لێوی منداڵانی بێ دایک و باوک و نەخۆشی تالاسیما کردووە، چەندین چالاکی سەرشەقاممان ئەنجام داوە.
لەساڵی چەندەوە دەستت بەکاری میوزیک کردووە؟
هەر لەمنداڵیەوە کە هێشتا لە قۆناغی سەرەتایی بووم، چوومەتە چالاکی قوتابخانەکان، دەتوانم بڵێم لەساڵی ٢٠١٠ چوومەتە ناو دونیای هونەر و میوزیکەوە.
تا ئێستا خاوەنی چەند بەرهەمی میوزیکی؟
وەک گرووپ چەند کارێکی تۆمارکراومان هەیە، کە زیاتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و یوتوب بڵاوبۆتەوە.
هەر کاتێک کە میوزیک دەژەنیت دەبێت ئاگاداری نۆتە و چوارچێوەی کارەکە و دەنگ و ئاوازەکە بیت، زۆرکات لەکاتی میوزیک ژەنین نەتوانم ئەو دونیایە تەی بکەم کە مامۆستا گۆرانی شاعیر دەڵێ:
هەرچەند دەکەم ئەو خەیاڵەی پێی مەستم بۆم ناخرێتە ناو چوارچێوەی هەڵبەستم
ئەو کاتانەی میوزیک دەژەنی، خەیاڵەکانت تۆ بەرەو کوێ دەبەن؟
نازانم مۆسیقا منی بانگ کرد، یان من بەرەو ئەو دونیایە هەنگاوم نا، بۆیە هەر لە منداڵیەوە ئەو خولیایە من و مۆسیقای بەیەکەوە گرێ داوە.
میوزیک ئارامکەرەوەی ڕۆحە، تا چەند ڕۆحی تۆی ئارام کردووە؟
ئەگەر مۆسیقا نەبوایە ئەوا مرۆڤ داهێنانی لە گڤەی پا و هاژەی ڕووبار و خشپەی گەڵا نەکردبایە، ژیان ئاوا جوان نەدەبوو.
یەکجۆر میوزیک دەزانی بژەنی یان جۆری تریش دەزانیت؟
ژەنینی گیتار کاری سەرەکی و خولیا و دونیای ئێستامە، هەروەها چوار ئامێری دیکەش دەتوانم بژەنم.

 

گەرمیان گلی - هه‌‌ولێر

© 2017 Hawler