ئایار 16, 2021

لە ڕەمەزاندا درامای گەڕەکەکەی ئێمە لە کوردستان تی ڤی پەخش دەکرێت

ناوەندی گاڤ بۆ بەرھەمھێنانی کاری تەلەڤزیۆنی و سینەمایی کوردی، بە سپۆنسەری دەزگای سەتەلایتی کوردستان، لە سەرەتای ساڵی نوێوە سەرقاڵی بەرھەمھێنانی زنجیرەدرامایەکی تەلەڤزیۆنیی كۆمیدیین بە ناوی (چیرۆکەکانی گەڕەکی ئێمە) و وا بڕیارە لە مانگی رەمەزانی ئەمساڵدا، لە كەناڵ ئاسمانیی (كوردستان تی ڤی) دەست بە پەخشكردنی بكرێت.

لەم بارەیەوە لوقمان غەریب، سیناریست و دەرهێنەری زنجیرەدراماكە لە لێدوانێكدا بۆ (ھەولێر) ڕایگەیاند: ژمارەی ئەڵقەکانی ئەم زنجیرەدراما نوێیە ١٥ پازدە ئەڵقەیە و ھەر ئەڵقەیەک بەسەرھات و چیرۆکێکی سەربەخۆیە، ناوەڕۆکی زۆبەربەی ئەڵقەکان لە چیرۆکە تەنزئامێزەکانی نووسەر و ڕۆژنامەوانی كورد بەرھەم عەلی و نووسەری جیھانی عەزیز نەسینە.
ئاشكراشی كرد: ئەم بەرھەمە بە بەشداریی ژمارەیەکی دیار لە ھونەرمەندانی ناسراوی کوردستان، دیمەنەكانی لە شاری سلێمانی و دەوروبەری تۆمار کراون، لەوانە ھونەرمەندان (عەبدولی حەمەجوان، ئەیام ئەکرەم، ئەحمەد ڕەووف، ڕێزان فەرەج، عەبدوڵای خەیات، شاناز محەمەد، شێرزاد پۆلیس، کەمال چالاک، بەھادین ھەڵەبجەیی، دێرین محەمەد، تەھا داراغایی، عەتا حەمە ساڵح، سالار ماھیر، ئەکرەم حەمەگوڵە، ھیوا ڕەووف، ئاواز ڕەحیم، برووسک بەھادین) و کۆمەڵێک ئەکتەری لاوی بەھرەمەند لەوانە: ڕێدیار ئاوات، ئەمانی مەحموود، نیاز شەریف، ترێ شەریف، یاسین عومەر.
پێوەند بە كارە تەكنیكییەكانی زنجیرە درامای (چیرۆكەكانی گەڕەگی ئێمە) لوقمان غەریب دەرهێنەر و سیناریستی كارەكە ڕوونیكردەوە كە بەم شێوەیەیە: پێداچوونەوەی تێکست: کامیل فەخرەدین، کامێرا: بەھمەن مەجید، مۆنتاژ و میكساژ: دیار خەسرەو، یاریدەدەری دەرھێنەر: نڤار لوقمان، دەنگ: باوان حەمید، سکرێپت و چاودێری: شایۆ یاسین، ماکئاپ ئارتیست: سۆما ماھیر، ڕووناکی: سان غەریب، کەلەرین و پۆستەر: دیاکۆ دلێر، فۆتۆ ئارت و ڕیکلامی گشتی: نڤار لوقمان، بەڕێوەبەری لۆکەیشن: بروسک بەھادین.
چیرۆکەکانی ئەم زنجیرە درامایە، بە شێوازێكی كۆمیدی، باسی چەندین بەسەرھاتی واقیعی و ڕۆژانەی خەڵک و كێشە و گرفتە جیاوازە كۆمەڵایەتی و سیاسیەكان دەکات، بڕیارە شەوانە لە مانگی ڕەمەزاندا لە کەناڵی ئاسمانی (کوردستان تی ڤی) لە دوو کاتی جیاوازدا پەخش بکرێت.

 

شیڤان شێرزاد - هەولێر

 

© 2017 Hawler