ئایار 16, 2021

لە مانگی رەمەزانی پیرۆز لە رێگەی درامایەک دێمەوە لای بینەرەکانم!

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا - هەولێر

 

هونەرمەندی بە ئەزموونی بواری شانۆ و دراما (عەلی ئەحمەد) بەیەكێك لە هونەرمەندە بە ئەزموونەكانی شاری هەولێر، سێیەكی تەمەنی خۆی بەخشیووە بە هونەرەكەی، لەمیانەی دیدارێكی تایبەتدا بۆ خوێنەرانی "هەولێر" ئاماژە بەچەند لایەنێك لە كارە هونەرییەكانی خۆی دەكات، بەتایبەتی بەشداریی کردنی لە زنجیرە درامایەکی تەلەفزیۆنی لە مانگی رەمەزانی پیرۆز دێمەوە خزمەت بینەران، ھەروەھا ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات تا ھێزی تێدا مابێت بتوانی بە رێگادا بڕوات ئارەزوو دەکات بەشدارییەکی باشی ھەبێت لە کاری دراما و شانۆدا، ئەوەشدەخاتە روو لە ئێستادا وەک پێشکەشکار لە کەناڵێکی تەلەفزیۆنی خەریکی پێشکەشکردنی پرۆگرامێکی ھونەرییە.
هونەرمەندی بەئەزموون (مام عەلی) لەبارەی بەشداریی كردنی لە پرۆگرامێکی تەلەفزیۆنی وەک پێشکەشکار ئایا هۆكارێك نیە بۆ دابڕان و دوور كەوتنەوەی لە كاری درامی ؟
لەوەڵامدا ڕوونی كردەوەو گوتی : "نەخێر بۆچی دوور دەبم لە كاری درامی؟! بۆچی بەرهەمی درامیمان ئەوەندە زۆرە تاوەكو لەسەر من پەكیان كەوتبێت!، خۆزگە بەرهەم هێنانی درامای كوردی ئەوەندە زۆر دەبوو، ئیدی بزانن من فریای هەموویان دەكەوتم یان نا، ئەو كاتە من بەبێ هیچ دوو دڵێك لەخزمەت هەموویان دەبووم، بەڵام بەداخەوە درامای كوردیی توشی قەیران بووە، هۆكارەكەشی بایەخدانی ئەو كەناڵانەیە كە شەو رۆژ خەریكی درامای توركی و بیانین!
درامای کوردی لەسەر دەست و بە ویستی کەناڵە کوردییەکانە توشی قەیڕان بووە، نابێ ئەوەشمان بیر بچێت من لە کەناڵی دیمەن ئەو پرۆگرامە پێشکەش دەکەم، وەک ھەموو لایەک ئەوە دەزانن ئەو کەناڵە ھونەرییە، پرۆگرامەکەی منیش پێشکەشی دەکەم پرۆگرامێکی ھونەرییە! ھەر لەبەر ئەوەشە من ئەو کارە .“بە خزمەتێکی باشی ھونەری دادەنێم!
لەبارەی بەشداریی کردنی لە درامایەکی تەلەفزیۆنی بۆ مانگی رەمەزانی پیرۆز ئاشکرای کردو گوتی : لەگەڵ ھەریەک لە ھونەرمەندانی ھەولێری ئازیز (ئیبراھیم حەکیم و عەبدولرەزاق شەمسەدین) لەگەڵ پۆلێک لە ھونەرمەندانی شاری سلێمانی بەشداریی کارێکی درامییم کردووە لە نووسینی نووسەری بە توانا (ئومێد کەمال) دەرھێنانی ھونەرمەند (مەریوان ئیبراھیم) لە مانگی رەمەزانی پیرۆز لە کەناڵی کوردسات نیشانی بینەران دەدرێت.
لە كۆتایی دا هونەرمەندی بە ئەزموون (عەلی ئەحمەد) ئەوەشی گوت : "هیوادارم لەمەودوا كەناڵەكان چاو بخشێننەوە بە پرۆگرامەكانیان، بایەخ و نرخێكی باش بۆ درامای كوردی دابنێن، ئەگەرنا ئاوا بڕوات درامای بیانی و توركی و كۆری و بە هەموو جۆرەكانیانەوە ماڵ و خێزانی كوردەواری زیاتر بەرەو .“هەڵدێر و هەڵوەشانەوە دەبات، چونكە ئەو درامایانە بوونە خۆركەو ڤایرۆس بۆ كۆمەڵگای ئێمە!

© 2017 Hawler