نیسان 15, 2021

تیپی شانۆی قەڵادزێ ڕابردوویەکی پڕ لە خزمەت، لە بیرەوەریەکانی (بەکر مەحمود)دا

بەشی یەکەم

لە ناوەڕاستی ساڵانی هەشتاکان لەگەڵ کۆمەڵێ هاوڕێ بیرمان لەدروستکردنی تیپێکی شانۆیی کردەوە، بەناوی تیپی نواندنی قەڵادزێ، هیچکامێکمان پێشترکاری شانۆییمان نەکردبوو، بەڵام حەزێکی زۆرمان بۆ شانۆ هەبوو، دەمانخوێندەوە بەڵام نواندنمان نەکردبوو، هاوڕێم عمر قاچ لەسلێمانی دەیخوێند، کەهاتەوە قەڵادزێ پێشنیاری دروستکردنی تیپێکی شانۆیی کرد، ئەوەبوو لەمانگی تیپەکەمان دروستکردو دەستمان بەخۆئامادەکردن کرد،، دوای ماندووبونێکی زۆر یەکەم بەرهەممان شانۆیی (پێکەنین بەپێی یاسا) بوو لەنوسینی چیرۆکنوس مامۆستا حسێن عارف و لەدەرهێنانی عمرعەبدوڵا، کەلە ڕۆژی 28/ 12 / 1984، ڕۆژێکی زۆر ساردبوو، بەفرێکی زۆر باریبوو، بڕیاربوو ڕۆژێ پێش ئەو بەروارە پێشکەشی بکەین بەڵام لەبەر قەرەباڵغی نەمان توانی نمایشی بکەین ناچار خستمانە ڕۆژی دواتر، گوڵاڵە خدرو بەیان ئیبراهیم دوو کچە ئەکتەری شانۆییەکە بوون، هەر ڕۆژەی یەکێکیان ڕۆڵی دەبینی کەلەدەقەکەدا لەگەڵ من ڕۆڵیان هەبوو، من دەوری مارپۆم دەبینی یەکێک بووم لەجەلادو پیاوانی پاشا، .چوار ڕۆژ پێشکەشمان کرد، بینەرێکی زۆری هەبوو

دواتر شانۆیی فایلی 67 لەنوسینی نوسەری ناسراوی عەرەب ئیسماعیل فەهد ئیسماعیل و دەرهێنانی کاک عمر کاکل لە 30/ 3 / 1985 لەهەمان هۆڵ بۆ ماوەی چوار ڕۆژ نمایشمان کرد.، لەم شانۆیەدا ڕۆڵی کەسێکی نانەوام بینوە.

بەکر سەبارەت بەو بەرهەمە کە رووداوێکی ناخۆش تێیدا روودەدات بۆ ڕۆژنامەی هەولێر گووتی:-

 لەم شانۆیەدا دوو کچەئەکتەر لەگەڵم ڕۆڵیان بینی،( نیهایەت مەحمود ئەحمەد و زریان مەحمود حاجی)، زۆر بەسەرکەوتوانە ڕۆڵەکەم بینی، ناوو ناوبانگم تەواوی شارەکەی گرتەوە، منێکی کوڕە هەژار، کەتایمێک دەمخوێند و تایمێک کرێکاریم دەکرد، بەدزی ماڵێ بەشێکی پارەکەم دەدا بەکتێب و گۆڤارو ڕۆژنامە، خۆم خۆم پێگەیاندو ئەو جەماوەرە دڵسۆزە هاوکارو پشتیوانم بوون،تادەمرم سوپاسیان دەکەم، چونکە باشترین فێرگەبوون بۆ من، جێی باسە لەم شانۆیەدا، مامۆستا مەحمودی باوکی زریان کەمامۆستای کوردی بوو، زۆر بەهەڵوێست بوو، لەقوتابخانە ئیمزای بەعسیەتی نەکردو دوریان خستەوە بۆ فاو، بەس نەچوو وازی لەقوتابخانە هێناو دوکانێکی خەیاتی جلوبەرگی دانا، زۆر حەزی دەکرد زریان لەسەر تەختەی شانۆ ببینێ، بەس بەداخەوە ئێمە لەجەنەڕاڵ پرۆڤەدا بووین بۆ نمایشکردن، بەڕوداوی ئۆتۆمبێل گیانی سپارد، کەچی زریانی کچی سوربوو لەسەر پێشکەشکردنی شانۆیەکە، دەیگوت، باوکم هیوایەتی ئەوەبوو من لەسەر شانۆ ببینێ، دوای سێڕۆژەی پرسە نمایشمان کرد، یادی بەخێر لەیەکەم بەرهەمی شانۆییمدا قاتێکی بەئێلەگەوە، بەپشتێنەوە بۆ دوریم، وەک دیاری سەرکەوتنم .

جێی ئاماژە پێکردنە هەندێ مامۆستای سلێمانی کەدەرچوی پەیمانگای هونەرەجوانەکان بوون، لەقەڵادزێ دەوامیان دەکرد، زۆر هاوکارمان بوون، لەوانەش( ئاشتی مەجید عارف ) و (پەروین ئەحمەد) هەرچەندە ئاشتی کاری لەدەرهێنانی شانۆیی( قەرەج) ی پۆشکیندا کرد، منیش لەگەڵ پەروین کە دوو ئەکتەری سەرەکی بووین، کارم بۆ دەرهێنانی شانۆیی ( ورچ ) ەکەی چیخۆف کرد، بەڵام بەداخەوە بەهۆی ڕاگواستنی (قەڵادزێ ) وە لە مانگی شەشی ساڵی 1989 دا نەمانتوانی نمایشی بکەین، هاوکات پرۆڤەیەکی زۆریشمان لەشانۆیی (قەڵای دمدم) ی عەرەب شامیلۆف دا کرد، ئەویش بەجوانەمەرگی سەری نایەوە

دواتر شانۆیی ( دەسەڵات و خۆشەویستی ) لەنوسینی( عەزیز نەسین) و دەرهێنانی (ئاسۆ ڕەسوڵ و عمرکاکل ) لەهۆڵی هونەرمەندانی قەڵادزێ لە 1998/2/6 لەهۆڵی هونەرمەندانی قەڵادزێ نمایشمان کرد .

بەکرمەحمود شانۆکارو ڕۆژنامەنوس، شاعیرو نوسەر لە 1962 لەقەڵادزێ لەدایک بووە، دەرچوی پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی ڕانیە / 2003/ بەشی ئینگلیزی

35 ساڵ ئەزمونی کاری شانۆیی هەیە

لەزۆربەی گۆڤارو ڕۆژنامەکان نوسین و بەرهەمی هونەری و ڕەخنەیی بڵاوکردۆتەوە.

ئەندامی سەندیکای هونەرمەندان و ڕۆژنامەنوسانە.

سەرپەرشتیاری گروپی( شانۆی سەردەم ) ە .

 

 

 

سەرکەوت بورهان

 

© 2017 Hawler