شوبات 28, 2021

خاوەنی بەناوبانگرتین دوو گۆرانی كوردی (ئەز كچا كوردما+ بوكێ دەلالێ)بەبێ دەنگی سەری نایەوە

سەر لە بەیانی رۆژی پێنجشەمە 24-12-2020ـی ساڵی رابردوو، هونەرمەند و شاعیر و نیگاركێش وئاوازدانەری كورد (محەمەد عەلی شاكر) خاوەنی بەناوبانگرتین دوو گۆرانی (ئەز كچا كوردما+ بوكێ دەلالێ) لە تەمەنی 74 ساڵی لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی قامشلۆ كۆچی دوایی كرد.

 

لە دوای خزمەتكردنی كردنی هونەری كوردی بۆ ماوەی نیو سەدە، هونەرمەند (محەمەد عەلی شاكر) زۆر بەداخەوە، دوای تووشبونی بە نەخۆش كۆرۆنا كۆچی دوایی كرد.

هونەرمەند (محەمەد عەلی شاكر) لە ساڵی 1946 لە شارۆچكەی دربئسیە لەدایكبووە، خاوەنی بڕوانامەی پەروەردەو فێركردن بوو( پەروەردەی تایبەت) وەكو مامۆستا كاری كردوە، دواترلە زانكۆی حەلەب لە ساڵی 1981 بڕوانامەی لە ئەدەبی ئینگلیز بەدەست هێنا، پاشان لەگەڵ خێزانەكەی كۆچ دەكەن بۆ (سەرێ كانیێ ) سەرەتای كاری هونەری بە دانانی چەند ئاوازێك لە شعری شاعیران دەستی پێكردووە.

هونەرمەند (محەمەد عەلی شاكر) سەرەتای ژیانی لە ساڵی 1968 بە نووسینی شعر ودانانی ئاوازدەستی پێكرد، وەكو ئاواز و گۆرانی، خاوەنی زیاتر لە 265 گۆرانییە، 170لە لایەن براكەی هونەرمەند محمود عزیز شاكر وتراون، لە هەمان كاتدا ئاوازی بۆ شیعرەكانی هەرەیەك لە شاعیران (جگەر خوین، مەلای جزیری. چەندانی تر) داناوە.

  هونەرمەند (محەمەد عەلی شاكر) وەك، دەزگایەكی موزیكی بوو چەندین هونەرمەند لە ژێر دەستی ئەو بوون بە هونەرمەند زۆرێك لە گۆرانی بێژان شیعرەكانی هونەرمەند (محەمەد عەلی شاكر)یان كردوە بە گۆرانی وەكو (محەمەد شێخۆ، مستەفا خالد، زوبیر ساڵح، حسێن ساڵح، شهریبانا كوردی، خۆشناڤ تیلۆ...چەندانی تر).

هونەرمەند و شاعیر (محەمەد عەلی شاكر) خاوەنی دوو دیوانی شیعریە زۆربەی شیعرەكانی گوزارشت لە كێشەكانی كورد بوون.

لە ساڵی 2018 لە قامشلۆ هونەرمەند و نووسەر (محەمەد عەلی شاكر) لەلایەن ڤیستیڤاڵی 23 شعری كوردی لە رێزی لێگیراوە هەروەها خاوەنی چەندین خەڵاتە.

شایانی باسە هونەرمەند (محەمەد عەلی شاكر)،جگە لە شعر و ئاواز دانان خاوەنی چەندین تابلۆی هونەرییە، كە گوزارشت لە لە فۆلكلۆر و كلتوری دەكەن.

 

 

كامەران حاجی ئەلیاس

 

© 2017 Hawler