شوبات 28, 2021

جەلال شاکر لەموزیکەوە بۆ گۆرانیبێژی گۆرانیەک بۆ جیابوونەوە دەڵێت

موزیکژەنی بەتوانای شاری هەولێر جەلال شاکر، نزیک بە 38 ساڵ دەبێت خزمەت بە بواری هونەر و موزیک دەکات و لەڕێگەی ئامێری سازەوە خزمەتێکی بەرچاوی بەهونەری کوردی کردووە و، چەندین کەسی لەم بوارە پێگەیاندووە. ئەمجارەیان جەلال شاکر وەک گۆرانیبێژێک دەردەکەویت

 

لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی هەولێر جەلال شاکر باس لە ئەزموونی کاری هونەری خۆی دەکات و ئاماژە بەو بەرهەمەش دەکات کە بڵاوی کردۆتەوە، دەڵێت:

لە دوا ساتەکانی ساڵی ( 2020) ویستم دیارییەک بە ھونەردۆستان ببەخشم کە ھەمیشە ڕێز و خۆشەویستیم بۆ جەماوەرکەم و هەوادارانم هەبووە و جێگەی ڕێزن بۆمن، هەمیشە ڕێزیان لە ماندووبوونی ( 38) ساڵەم گرتووە لە بواری هونەر و موزیکدا هەموو کات بۆمن جێگەی شانازی بوون، هەر ئەمەش وایکرد لەبەرامبەر ئەو ڕێز و خۆشەویستییەیان بۆمن لەخزمەتی ھونەری کوردی و ئەم جەماوەرەدابم، هەروەها زۆرێک لە ھاوڕێیان و خۆشەویستانم دەمێکە گوێیان لەدەنگم ببوو، داوایان لێکردووم بەرھەمێکیان بەدەنگی خۆم پێشکەش بکەم، ئەمەش وایکرد دڵیان نەشکێنم و تا لەژیان ماوم بەدەنگی خۆم گۆرانییەکیان پێشکەش بکەم، بەو هیوایەم جێگەی ڕەزامەندییان بێت و توانیبێتم لەخزمەت داواکارییەکەیانەدا بووبم. جەلال شاکر دەڵێت::

ھەرچەندە من گۆرانیبێژ نیم بەڵام

چەندین هونەرمەند و گۆرانیبێژم پێگەیاندووە کە ئێستا لە مەیدانی ھونەری ڕۆڵێکی کارایان ھەیە، بۆیە بڕیارمدا ئەو بەرهەمەی پێشکەشی دەکەم کارێک بێت خەڵک چێژی لێوەربگرێت و بۆ ھەموو تەمەنێک گونجاو بێت، بۆیە هەوڵمدا هۆنراوەکەی بۆ ھەمووان گونجاوبێت و گوێگر کەگوێی لێدەگرێت خۆی تێدا ببینێتەوە.

کەباس لەتەمەنی جیابوونەوە دەکات کە پەیوەستە بەژیانی ھەموومانەوە. کە هۆنراوەی مامۆستا ( نازم دڵبەند)ە .. خۆشم ئاوازم بۆ داناوەو بەدەنگی خۆم تۆمارم کردووە. کاری تۆمارکردنیش لەستۆدیۆ ئۆکتاف کراوە، کاری دەنگیش لەلایەن ھونەرمەند مەحەمەد ئاکرەیی، ئەو موزیک ژەنانەی بەشداریان لەگەڵم کردووە و لەئامادەکردنی مامۆستا سەید ئەحمەد ڕواندزی یە، هەروەها مامۆستا سەید ئەحمەد و سەنار مەحەمەد بەکەمان بەشدارن، سەرهەنگ ئاکرەیش بەئامێری ئۆرگ، ئازاد خەیلانیش بە ئامێری نای بەشداریکردووە، خۆشم بەساز بەشداربوومە. لەکۆتاییدا جەلال شاکر گوتی: دەست خۆشی بۆ وێنەگرانی کەناڵی کورد ماکس کەکاری کلیپەکەیان خستە ئەستۆی خۆیان.

بەھیوام ئەم بەرھەمە جێگای خۆی بگرێ و توانیبێتم دڵی ھەوادارانم و خۆش کردبێ و تۆزێک خەمی ئەم ڕۆژگارەی ئەوانم ڕەواندبێتەوە.

 

عەبدولقەهار هەولێری

 

© 2017 Hawler