تشرینی دووەم 26, 2020

کورتە فیلمی (بۆنی دایکم) کاری وێنەگرتنی کۆتایی هات

 

کورتە فیلمی (بۆنی دایکم)، لە سیناریۆ و دەرهێنانی هونەرمەند (مەریوان ئیبراهیم)ە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو کاری وێنەگرتنی بە کۆتایی هات، وا بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا سەرجەم کارە هونەریەکانی تەواو بکرێ و نمایش بکرێت.

 

چیرۆکی ئەم کورتە فیلمە باس لە پیاوێکی بە تەمەن دەکات کە عاشق بە ژنێکی بە تەمەن دەبێت، تا ژنەکە والێدەکات زۆری خۆش بوێت، بەڵام دواجار پیاوەکە وای لێدێت ژنەکە بەجێدێڵێت، دواجار دەردەکەوێت کە ئەم پیاوە نەخۆشی زەهایمەری هەیە و بیری دەچێتەوە کە ئەم ژنەی ناسیبێت.

لەمبارەیەوە هونەرمەند (مەریوان ئیبراهیم) بە ڕۆژنامەی (هەولێر)ی ڕاگەیاند: کورتە فیلمی (بۆنی دایکم) نوێترین کاری دەرهێنانی منە، کە سیناریۆکەشی خۆم نووسیومە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لەگەڵ ستافێکی بەتوانا کاری وێنەگرتنیمان بە کۆتایی هێنا.

گوتیشی: وا بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا سەرجەم کارە هونەریەکانی تەواو بکەین و ئامادەی نمایشی بکەین، دواتریش ڕەوانەی فێستیڤاڵەکانی دونیای بکەین.

ئاماژەی بەوەشدا: فیلمەکە بەرهەمی بەڕێوەبەرایەتی هونەری سینەمای سلێمانیە و کۆمپانیای (ساڤۆ پڕۆدەکشن) جێبەجێکاری بەرهەمەکەیە، ماوەکەی (12) خولەکە و سەرجەم دیمەنەکانی لەناو شاری سلێمانی تۆمارکراوە و هونەرمەندان (قادر جەلال و ئەڵماس محێدین) ڕۆڵی سەرەکیان تێدا گێراوە.

لە کۆتایدا سەبارەت بە کاتی نمایشکردنی فیلمە گوتی: وا بڕیاره لە ڕۆژی جیهانی سینەمادا کە دەکەوێتە (28) ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، لە شاری سلێمانی لە ئیڤێنتێکدا لەگەڵ زیاتر لە (12) کورتە فیلمی دیکەدا نمایش بکرێت.

 

سەرهەنگ غەریب - هەولێر

 

© 2017 Hawler