تشرینی یەکەم 27, 2020

6 ساڵ لە بێدەنگی عود و نەغمەی بولبوولی مستەفا ڕەئووفدا

زیاتر لە 50 ساڵ، ھونەرمەندێک لەسەر تەختی شانۆ و موزیکدا بە دەنگی عودەکەی ببوو بە ناونیشانی ھونەرێکی باڵا لە ھەولێر، جگە لە چڕینی چەند گۆرانیەک، لە کەڵە ھونەرمەندان و مامۆستایەک لە ژەنینی ئامێری (عود)ـدا، کە ببوو بە قوتابخانەیەک بۆ ئارەزوومەندانی ئەو ئامێرە دەنگ زوڵاڵە، ئەویش مامۆستا (مستەفا ڕەئووف) بوو، کە دوای زیاتر لە نیوسەدە لە تەمەن پڕ لە بەخششی لە 25/8/2014 بارگەی تێکنا و بەبێدەنگی ماڵئاوایی لە ھونەر و ھونەرمەندان کرد. 

ئەمڕۆش 6 ساڵ بەسەر ئەو یادە خەمناکە تێپەڕدەبێت و وەک وەفایەکیش بۆ ڕۆحی پاکی ئەو کەڵە ھونەرمەندە دەنگبێژو موزیکژەن و شانۆکارە بە کورتە ڕاپۆرتێک دەربارەی ژیان و بەرھەمەکانی یادەکە بەرز ڕادەگرین. 

شانۆکارێکی بە ئەزموون

لە دەستپێکی کارە ھونەرییەکانی مامۆستای کۆچکردوو، وەک یەکێک لە ھونەرمەندە بەرچاوەکانی بواری شانۆ بە ڕۆڵە جوانەکانی خۆی ناساند، بەتایبەت لە شانۆگەرییەکانی وەک (چڵپاو)، کە ئەزموونێکی گەورە بوو بۆ ھونەرمەندانی ئەوکاتەی ھەولێر، لەوێشدا (مستەفا ڕەئووف) بەبینینی ڕۆڵەکەی ھەمووانی سەرسام کرد، لە نێوەندی شانۆشدا یەکێک بوو لە ھاوڕێ ھەرە نزیکەکانی ھونەرمەندانی وەک (واحید مەرجان، عەلی ئەحمەد، سەلام کۆیی، سەفوەت جەراح) ھتد..

 

سۆلۆی موزیکێکی جیاواز

 

ئەوەی ئەو ھونەرمەندەی لە ھونەرمەندانی پێشوو جیادەکردەوە، ئەو جیاوازییە بوو لە ژەنینی عودێک، کە بەتەواوەتی کاریگەرییەکانی (فەرید ئەترەش)ـی پێوە دیاربوو، بەجۆرێک لە کوردستان ناوی نرا بوو، فەریدی کوردی، ھەر کاتێکیش کە لە دوورەوە دەنگی عودەکەی بھاتبا خەڵکی ئەو شارە دەیانزانی ئەو مامۆستای کۆچکردووە.

 

ئەمەش وایکردبوو ھەریەک لە ھونەرمەندان (مشکۆ، ھابە، تاھیر تۆفیق، شەماڵ سائیب، میدیا حوسێن)ھتد...، بەبێ سۆلۆ جیاوازەکەی ئەو ھیچ بەرھەمێکی تۆمار نەکەن، بگرە ئەگەر بیانویستبا بۆشاییەکانیان لە نێو موزیک پڕ بکەنەوە و مامۆستایان وەک موزیکژەنێکی بە سەلیقە و پڕ ئەزموون دەبردە ئاھەنگەکان و لەوێشدا جەماوەرییان بۆ گۆرانیەکان کۆدەکردەوە.

 

دوێتێک لەگەڵ میدیا حوسێن

 

مستەفا ڕەئووف، جگە لەوەی کە بەشداری لە دەیان ئاھەنگی، گۆرانی گوتن دەکرد، چ وەک موزیکژەن چ وەک گۆرانیبێژ، کلیپێکی بەشێوەی دوێت لەگەڵ مامۆستا میدیا حوسێن بڵاوکرایەوە، کە ئەوکاتە سەرەتای ھەشتاکان بوو، تا ئەمڕۆش گۆرانی (شێخ محێدین) وەک بەرھەمێکی نەمر لە کەناڵەکان لە پاڵ بەرھەمە ڕەسەنەکان پەخش دەکرێت، یەکێکیشە لە شاکارە جوانەکانی ئەو ھونەرمەندە.

 

نیوسەدەی پڕ لە بەخشش

وەک کەڵە ھونەرمەندێکی شانۆیی و موزیکژەن، ھەرگیز لە خزمەتی ھونەری سڵی نەدەکردەوە، تەنانەت دوای نیوسەدە زیاتر و نەخۆشی، لە پاییزە تەمەنی خۆشی دابوو، ھەر بە عودە شیرینەکە سەرگەرمی ژەنینی ئاوازێکی نوێ بوو بۆ ژیان.

 

6 ساڵ دوور لە عودەکەی (فەرید)ـەکەی کورد

25/8/2014، وەک یەکێک لە ڕێکەوتە ھەرە ناخۆشەکان ھەژمار دەکرێت بۆ خانەوادەکەی مستەفا ڕەئووفی کۆچکردوو، چونکە لەو ڕۆژەدا خودا حافیزەی لە ئێمە و بنەماڵە ھونەردۆستەکەی و گشت ھونەرمەندان کرد.

 

ئەمڕۆش 6 ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر یادی کۆچی ناوادەی (فەرید)ـەکەی ھەولێر، کە ھەمیشە بە عەشقەوە گوێی بۆ پارچە موزیکەکانی ئەو ھونەرمەندە عەرەبەوە دەگرت، ئێستاش کلتووری خۆشەویستی فەرید شۆڕبووەتەوە نێو خانەوادەکەی و بەھۆی ئەو عەشقەی باوکیان بۆ ھونەرەکەی فەرید ھەی بوو، سەرجەم بەرھەمەکانی فەرید لای ئەوان زیندوون.

کورتەیەک لە ژیاننامەی ئەو کەڵە ھونەرمەندە

شانۆكار و میوزیكژه‌ن موسته‌فا رەئوف له‌ ساڵی 1942 له‌ هه‌ولێری پایتەخت له‌ دایكبووه‌، ده‌رچووی په‌یمانگای مامۆستایانە به‌شی وه‌رزش له‌ ساڵی 1958 ده‌ستی به‌ كاری هونه‌ری كردووه‌ له‌ تیپی ده‌رسیم به‌سه‌رپه‌رشتی مامۆستا جەمال هیدایه‌ت، له‌گه‌ل ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه‌ كاری كردووه‌ وەک میوزیکژەن (تاهیر تۆفیق، رسول گه‌ردی، یه‌حیا مه‌رجان، باكوری، شه‌مال سائیب، فوئاد ئه‌حمه‌د، مشكۆ، عاره‌ب عوسمان، موحەممەد عارف جه‌زراوی، محمد جه‌زا، جه‌وده‌ت شاكر )، یه‌كه‌م ژه‌نیاری ئامێری قانوون بووه‌ له‌ هه‌ولێر، له‌گه‌ل ئه‌م تیپانه‌ كاری هونەری کردووە :

 

تیپی ده‌رسیم

 تیپی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان

 تیپی چالاكی قوتابخانه‌كان

 تیپی هونه‌ری هه‌ولێر

تیپی كۆمه‌ڵه‌ و هونه‌رو وێژه‌ی كوردی

تیپی مۆسیقای شۆرش

 تیپی هونه‌ره‌ میللیه‌كان

تیپی مۆسیقای هه‌ولێر

 له‌ ئاهه‌نگه‌كانی ئه‌ڵمانیاو روسیاو نه‌مسا به‌شداربووه‌

 به‌ هه‌ڵبژاردن بۆته‌ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌رێوه‌بردنی یه‌كه‌مین سه‌ندیكای كوردستان

به‌رپرسیی تیپی هونه‌ره‌ میللیه‌كان بووه‌

به‌شداری كاری شانۆیی كردووه‌

له‌ درامای چڵپاو به‌شداربووه‌

خاوه‌ن ئه‌زموون و میژوویه‌كی جوانه‌ چ وەک شانۆکار یان میوزیكژەن كه‌سایه‌تیه‌كی به‌ ناو

شیڤان شێرزاد - هەولێر

© 2017 Hawler