ئەیلول 18, 2020

نه‌بوونی هۆڵێكی شانۆیی باش، كێشه‌ی بۆ شانۆكاران دروست كردووه‌

گەرمیان گلی - هه‌‌ولێر

 

شانۆكار چۆڤین تاهیر تەمەنی ٢٧ ساڵە و خه‌ڵكی سلێمانییه‌. ‌ ساڵی ٢٠٠٧ له‌ كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌كان ده‌ستی به‌ كاری هونه‌ری كردووه‌، وه‌كو ئه‌كته‌ر و ده‌رهێنه‌ر تا ئێسته‌ به‌رده‌وامه‌ و خاوه‌نی چه‌ندان به‌رهه‌می هونه‌رییه‌. وەک خۆی لەو دیمانەیەیدا بۆ ڕۆژنامەی "هەولێر" دەڵێ: " نه‌بوونی هۆڵێكی شانۆیی باش كێشه‌ی بۆ شانۆكاران دروست كردووه‌".

چۆڤین گوتی،" ساڵی ٢٠٠٧ وه‌كو ئه‌كته‌ر له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌كان به‌ شانۆگه‌ریی "داهۆڵ" ده‌ستم پێ كردووه‌. تا ئێسته‌یش وه‌كو ئه‌كته‌ر به‌شداریی هه‌شت كاری شانۆییم كردووه‌، هاوكات كاری نووسین و ده‌رهێنانم بۆ چه‌ند شانۆگه‌رییه‌ك كردووه‌ وه‌كو له‌ "چاوه‌ڕوانی ئه‌نفال و هاواری ژن و نامه‌ و پێشمه‌رگه‌ نه‌مره‌ و به‌هاری شووم.
ئه‌و كچه‌ شانۆكاره‌ نایشارێته‌وه‌ كه‌ له‌م وڵاته‌ زۆر به‌بێ بایه‌خی سه‌یری هونه‌ر به‌گشتی و شانۆ به‌تایبه‌تی ده‌كرێت و دووپاتی ده‌كاته‌وه‌، "كێشه‌ی گه‌وره‌ی شانۆكار نه‌بوونی هۆڵێكی باشه‌ بۆ شوێنی پڕۆڤه‌، چونكه‌ شانۆ ته‌نیا گفتوگۆ نییه‌، به‌ڵكو پڕه‌ له‌ جووڵه‌ی جوان و نمایشی سه‌رنجڕاكێش، ئه‌وه‌یش پێویستی به‌ هۆڵێكی گه‌وره‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌كته‌ر بتوانێ به‌ هه‌ناسه‌یه‌كی قووڵ و بێ كێشه‌ تواناكانی خۆی بخاته‌ ڕوو".
چۆڤین دەربارەی نەبوونی بودجەی پێویست بۆ کاری شانۆیی گوتی،" نه‌بوونی بودجه‌ی پێویست بۆ كاری شانۆیی كێشه‌یه‌كی تره‌ كه‌ ڕووبه‌ڕووی ده‌رهێنه‌ر و شانۆكاران ده‌بێته‌وه‌، زۆرجار به‌هۆی نه‌بوونی پاره‌ نمایشی شانۆیی وه‌ستاوه‌ و شانۆكارانیش ته‌واو بێتاقه‌ت بوونه‌، به‌ هه‌ناسه‌یه‌كی سارد و به‌چاوی پڕ فرمێسكه‌وه‌ سه‌یری یه‌كتریان كردووه‌.
چۆڤین ئاماژەی پێدا کە ئه‌كته‌ری شانۆیی كه‌مترین پاره‌ وه‌رده‌گرێت، شه‌رم ده‌كه‌م باسی بكه‌م، ئه‌و پاره‌یه‌ی ئه‌كته‌ر له‌ شانۆگه‌رییه‌ك وه‌ریده‌گرێت، ڕه‌نگه‌ به‌شی هاتوچۆكه‌ی نه‌كات كه‌ دێته‌ شوێنی پڕۆڤه‌، هه‌ندێك جاریش له‌ بێ پاره‌یی ناچار بووه‌ وه‌كو خۆبه‌خش به‌شداری بكات، بۆیه‌ ده‌بێ سوپاسی ئه‌كته‌ری شانۆ بكه‌ین كه‌ ئه‌م ڕۆحه‌ هونه‌رییه‌ جوانه‌ی له‌ ناخدایه‌."
چۆڤین باسی لەوەش کرد کە ده‌رهێنه‌ری زۆرباش هه‌ن، به‌ڵام ڕێی پێ ناده‌ن كاری جوان پێشكه‌ش بكات و ڕێگریی لێ ده‌كه‌ن، بۆیه‌ زۆربه‌یان وڵاتیان جێهێشتووه‌ و یاخی بوون له‌ هونه‌ر.
زیاتر خستییەڕوو،" له‌م وڵاته‌ پاره‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ خه‌رج ده‌كرێ كه‌ زۆربه‌یان پیشه‌یان گیرفانگه‌رمكردنه‌ و بیر له‌ باشی و كوالێتی كار ناكه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌یش وای كردووه‌ بینه‌ر بێزار بێت و چێژ له‌ شانۆ نه‌بینێت، چونكه‌ بینه‌ر كاری جوانی ده‌وێت".
سلێمانی به‌ پایتەختی ڕۆشنبیریی و شارێكی هونه‌رپەروەر ناسراوه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ زیاتر گرنگی به‌ هونه‌رمه‌ندان بدرێت تا ئه‌وانیش بتوانن كاری باش و جوان پێشكه‌ش بكه‌ن.

© 2017 Hawler