تشرینی دووەم 30, 2021

زۆرترین بینراو فه‌رهه‌نگ

Error: No articles to display

پاش ٣٥ ساڵ نۆبڵی ئەدەبیاتی ٢٠٢١ درایە نووسەرێکی ئەفریقی

و: شۆڕش غەفووری - هەولێر

 

وتەبێژی ئەکادیمیای سوید کاتژمێر ٢:٣٠ی خوولەکی دوانیوەڕۆ پێنجشەممە، ناوی براوەی خەڵاتی نۆبێڵی ئەدەبیاتی بۆ ساڵی ٢٠٢١ی زایینی ڕاگەیاند و بە پێچەوانەی پێشبینییەکان، گرنگترین خەڵاتی ئەدەبی دونیا درایە عەبدولڕەزاق قۆڕنە کە لە دورگەی زنگبار (تانزانیا) کە ئێستا لە بەریتانیا دەژیت.

پێشەکی:
عەبدولڕەزاق قۆڕنە، یەکەمین نووسەری ڕەشپێستی ئەفریقییە کە لەو ٣٥ ساڵەی ڕابردوو ئەم خەڵاتەی پێ بەخشرا بێت. دواهەمین جار (وۆلی سۆیێنکا ـ Wole Soyinka)ی نووسەری نێجیری بوو کە ساڵی ١٩٨٦ ئەم خەڵاتەی درایێ. پسپۆڕان تا چەند خوولەک بەر لە ناوئاشکراکردنی براوەی خەڵاتەکە، ناوی نووسەرانێکی وەک هارۆکی مۆراکامی، ئانی ئاڕنۆ و نگۆگی وا تیونگۆیان پێشبینی دەکرد. قۆڕنە ساڵی ١٩٤٨ی زایینی لە یەکێک لە دورگەکانی زنگبار لەدایک بووە و گەورە بووە و ١٩٦٠ی زایینی لەگەڵ بنەماڵەکەی چووەتە بەریتانیا. تا ئێستا ١٠ ڕۆمان و چەندین کورتە چیرۆکی نووسیوە و لە زۆربەی چیرۆکەکانیشی پرسی کۆچ و دەرەنجامەکانی سەردەمی داگیرکاری (ئیستیعمار) لەسەر ژیانی بنەماڵەکان دیارە.
یەکێک لەگرنگترین و بەنێوبانگترین کتێبەکانی عەبدولڕەزاق قۆڕنە، "بەهەشت"ـە کە لە ساڵی ١٩٩٤ی زایینی پاڵێورا بۆ خەڵاتی بوکەر. ئەمساڵیش بە ڕۆمانی "ژیانی پاش مەرگ" بووە پاڵێوراوی باشترین بەرهەمی سیاسی ساڵی ٢٠٢١ی خەڵاتی ئەدەبی جۆرج ئۆروول، بەڵام دواجار بەخشرایە کتێبی "هاوین"ـی ئێلی سمیت کە لەبارەی دەرچوونی بەریتانیایە لە یەکیەتی ئەوروپا و کۆرۆنا.
خەڵاتی نۆبێڵی ئەدەبی تا ئێستا ١١٨ جار بەخشراوە کە تەنیا ١٨ جار دراوە بە ژنان کە حەوتیان هی سەدەی ٢١ـن. ئەکادیمیای سوید ساڵی ٢٠١٩ بەڵێنی دا کە لەمەودا نۆبێڵ کەمتر پیاوانە و ئەوروپایانە بێت، کەچی ئەوە دوو خەڵاتە دەدرێتە نووسەرانی ئەوروپا. بەهای خەڵاتەکە، ١٠ ملیۆن کڕۆنی سویدییە (١٤٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی).
ئەکادیمیای سوید خەڵاتی ئەدەبیاتی ئەمساڵی لەبەر "کاریگەری سازشنەکردن و دڵسۆزییەکانی عەبدولڕەزاق قۆڕنە لە کاریگەرییەکانی ئیستیعمار و چارەنووسی پەنابەران لە لێکترازانی نێوان فەرهەنگ و کیشوەرەکان" دایە ئەم پیاوە ئەفریقییە.
ئەمەی خوارەوەش دوو گفتوگۆیە لەگەڵ عەبدولڕەزاق قۆڕنەیە کە یەکەمیان لە لایەن "ئادام سمیت" بە نوێنەرایەتی لە ئەکادیمیای نۆبێڵ و کەمێک دوای ئاشکرابوونی ناوەکەی بۆ ورەگرتنی خەڵاتەکە ئەنجام دراوە و دووەمیشیان یەکەم گفتوگۆیە دوای زانینی وەرگرتنی خەڵاتەکە.

گفتوگۆی یەکەم:
ـ ئایا ئێوە عەبدولڕەزاق قۆڕنەن؟
قۆڕنە: بەڵێ، هەر ئێستا خەریک بوو لە کۆمپیوتەرەکەمەوە تەماشای براوەی خەڵاتەکەم دەکرد، تکایە خۆتان بناسێنن.
ـ من ئادام سمیتم لە ماڵپەڕی خەڵاتی نۆبێڵ. دەتوانم قسەتان لەگەڵ بکەم یا حەز دەکەن تەماشای براوەی خەڵاتەکە بکەن؟ نامەوێت پێش بە تەماشاکردنی ڕاگەیاندنەکە بگرم.
قۆڕنە: زۆر باشە، چۆن دەتانەوێت گفتوگۆکە بکەین، چونکە هۆکارێک نابینم ئێستا گوێ لە پەیامنێرەکان بگرم چونکە بە زوویی گفتوگۆیان لەگەڵ دەکەم.
ـ وایە، وابزانم پەیامی بردنەوەی نۆبێل بۆ بەڕێزتان هەر ئەمەیە، وایە؟ ژیانی ئێوە بۆ ماوەیەکی کورت دەگۆڕێت، دونیایەک داواکاری بۆ گفتوگۆ دێتە پێشتان. ئێوە چ پێشبینی دەکەن؟
قۆڕنە: من هێشتا خەریکم بیر لە بردنەوەکە دەکەمەوە. بەڵێ وابزانم وایە. ئەمە خەڵاتێکی گەورەیە، بەڵێ ناتوانم بەدەر بم لەمانە.
ـ چۆن هەواڵەکەتان زانی؟
قۆڕنە: ئەو کاکەیە تەلەفۆنی کرد، ببوورن ناوی بەڕێوەبەرە هەمیشەییەکەی کۆمیتەی خەڵاتی نۆبێڵ چییە؟
ـ (ماتس مالم ـ Mats Malm).
قۆڕنە: بەڵێ. ١٠ تا ١٥ خوولەک پێش پەیوەندی پێوە کردم و وامزانی گاڵتە دەکات. بەڕاستی وامزانی گاڵتە دەکات. چونکە گومان و پێشبینییەکان چەند حەوتوو تەنانەت چەند مانگ پێش لە بردنەوەی خەڵاتەکە دەست پێ دەکات، بۆیە بەڕاستی بردنەوەم شتێک نەبوو کە بیری لێ بکەمەوە. تەنیا بیرم لەوە دەکردەوە کە ئاخۆ کێ دەبێتە براوەی ئەم خەڵاتە.
ـ ئەی چۆن ڕازی کردن کە خەڵاتەکەتان بردووەتەوە؟
قۆڕنە: من بە هێوری گفتوگۆکەم بردە پێشەوە. ئەو لەبارەی ماڵپەڕی ئەکادیمیای سویدەوە قسەی لەگەڵ کردم و گوتی دەبێت خوولەکێکی دیکە تەماشای بکەم، بەڵام زانیاری زیاترم بخەرە دەست. درێژەی بە قسەکانی خۆی دا و لە کۆتاییدا گەیشتمە ئەو ئەنجامەی کە "سەبر بگرم تا هەواڵەکە ببیستم یا ببینم"، هەر ئەوە بوو کە چوومە زگ کۆمپیوتەرەکەم..
ـ کەواتە ئێستا دەزانن ئەمە حەقیقەتە؟
قۆڕنە: بەڵێ وایە.
ـ ئێستا هەمووان دەیانەوێت گفتوگۆت لەگەڵ بکەن. خەڵاتی نۆبێڵ هەر ساڵەی براوەکانی خۆی لە نێو هونەرمەندان و زانایان و نووسەران ڕادەگەیێنێت. زاناکان دەیانەوێت چالاکییەکانی خۆیان هاوشێوەی یارییەک وەسف بکەن. ئێوەش لە بارەی نووسین هەمان هەستتان هەیە؟
قۆڕنە: کاتێک کارەکەم تەواو دەبێت چێژوەرگرتن ئەزموون دەکەم، بەڵام بەڵێ بەشێکی گەورەی نووسین سەرنجڕاکێشە، نووسەر چەندین دەیە درێژە بە نووسین دەدات، ناکرێت ئەم کارە بکات و ڕەقی لێی بێتەوە. وابزانم نووسین لە دوو ڕووەوە چێژبەخشە، بۆ ئەفڕاندنی هەندێک شت و درککردنیان چێژ دەبەخشێت، هەروەها بۆ دروستکردنی بابەت و دۆخێک، بۆ هەستکردن بەوەی کە دەکرێت بڕواپێهێنەرانە بێت..هەموو ئەم شتانە چێژبەخشن.

گفتوگۆی دووەم:
ـ بۆچی گێڕانەوەی چیرۆکە مێژووییەکان هێندەی چیرۆکەکانی ئەوڕۆ گرنگە، بەتایبەت لە بواری ئەدەبیاتی ئەفریقا؟
قۆڕنە: جاری وایە نووسین لە دەمەساتێکی مێژوویی دەتوانێت درک و تێگەیشتنمان لەو دەمەساتە قووڵتر بکات. لەسەر ئەو باوەڕەم ئەو مێژوویە گرنگ نییە کە ئێمە چیرۆکەکەی تێدا دەگێڕینەوە. چ لەسەر سەردەمێکی مێژوویی بنووسم یا سەردەمی ئێستا، ئەوەی بەهای هەیە مێژوو و ڕەفتارێکە کە ئێمە لەگەڵ ئەو زەمەنە هەمانە.
ـ ڕۆمانی "ژیانی پاش مەرگ" سەردەمێکی دوور و درێژی زەمەنی دەگرێتەوە، لە سەردەمی داگیرکاری ئەڵمانییەکان تا سەردەمی سەربەخۆیی. بۆ هێنانەوەی ئەم سەردەمە زۆرە لە کتێب و چیرۆک، خوێندنەوە و موتاڵای زۆر پێویستە؟
قۆڕنە: ئەو شوێنەی کە ڕووداوەکانی ڕۆمانەکەی تیادا تێدەپەڕن هێندە دوور نییە لە ژیانی من و سەردەمی گەشەکردنمەوە، ئەویش بە بیستنی چیرۆکگەلێک لە شەڕ و تێپەڕینی ڕۆژگار. لەم ڕووەوە، لە پلەی یەکەم هەندێک ئەزموونی شەخسیم هەبوون کە ئاراستەیان دەکردم. دواتر ڕووبەڕووبوونەوەی ئیستیعمارگەری ئەوروپایی بەشێکی گەورەەی زانیاری و توێژینەوەکانم بوون. لە موتاڵاکانمدا زیاتر سەرنجم خستە سەر ئەمادەیی ئاڵمان لە ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا کە ئەمەش تێڕوانینێکی زیاتری لەسەر ئەو دەمە دامێ. هەرچەندە بە پێچەوانەی کەسایەتی ئەلیاس لە کتێبەکەدا، من نەمدەویست بچمە زگ ئەرشیفەکان و لەگەڵ خەڵک گفتوگۆ بکەم.
ـ کتێبەکەتان لێوڕێژە لە کەسایەتیگەلی جیاواز و تایبەت کە هەموویان لە دۆخێکی خراپی داگیرکاری و شەڕ و لەدەستدان دەژین. ئایا کەسایەتییەک هەیە تیایدا واقعی بێت. دروستکردن و وێناکردنی کامە کەسایەتی لە هەمووان قورستر بوو؟
قۆڕنە: هیچ کام لە کەسایەتییەکان ڕووکارێکی حەقیقی و دەرەکییان نییە. چەند کەسایەتی و خەیاڵم تێکەڵ کردووە تا بتوانم کەسایەتییەک بخوڵقێنم. لەبەر ئەوەی چەندین مانگ و ساڵ لەگەڵ ئەم کەسایەتییانە و پڕۆسەی تێڕوانین و دروستبوونیان دەژیم، دەگەمە حەقیقەت و تایبەتمەندییەک. ئەوان وردە وردە قسە دەکەنە و خۆیان دروست دەکەن.
ـ هەندێک لە کەسایەتییە ژنەکانی کتێبەکە زۆر ئاڵۆز و سەرنجڕاکێشن. لە کاتێکدا ژنان هێندە دیار و گرنگ نەبوون لە کۆمەڵگەدا بەتایبەت لەو سەردەمەدا و زیاتر بە ئازارەوە بەشوو دەدران و خەریکی ماڵداری بوون. ئاخۆ نووسەرانی ئەمڕۆ دەتوانن ژنان و کەمینەکان سەردەمانی زوو وەبەرچاو نەگرن و پشتگوێیان بخەن؟
قۆڕنە: من لە کتێبەکانمدا هەرگیز ژنان وەک ئامرازێک بۆ نووسینی چیرۆک لە قەڵەم نادەم و واش نایانبینم. گەرچی لە سەردەمگەلی مێژوویی ژنان وەک ئامراز و کەرەستە و هەندێک جاریش وەک مرۆڤگەلێکی بانسرووشتی و ڕیزپەڕ بینراون. هەر چۆنێک بێت، ئەوە خوێنەرە کە دەبێت بێ سەرنجدان بە پاساوی نووسەر، کەسایەتییە ژنەکان قبوڵ یا ڕەت بکاتەوە.
ـ ئاخۆ حەزتان لە گێڕانەوەی نەخۆشییەکان و کەسایەتییە نەخۆشەکان هەیە بۆ وێناکردنی ناسکی مرۆڤ؟ ئەم بابەتە چ پەیوەندییەکی لەگەڵ نێوی کتێبەکە هەیە؟
قۆڕنە: حەزی من بۆ نووسین لەبارەی نەخۆشییەوە، هەوڵێکە بۆ نیشاندانی واگیری لەو سەردەمە مێژووییە و هەڵبەتە نیشاندانی ئەوەی کە خەڵکی لەبەردەم مەترسی تووشبوونن. لەگەڵ ئەوەی ناوی کتێبەکە هیچ پەیوەندییەکی بەمەوە نییە، بەڵام دەکرێت نیشان بدات خەڵکی چۆن پاش نەخۆشی دووبارە دەژینەوە و دەگەڕێنەوە بۆ ژیانێکی ئاسایی.
ـ ئایا ئەوە عەشق و خۆشەویستییە کە کەسایەتییەکانی چیرۆکەکە دەباتە پێشەوە سەرەڕای خراپی ئاراستەی بەرەوپێشچوون و دۆخەکەش؟
قۆڕنە: ئەمە یەکێکە لە شتەکان کە کەسایەتییەکان دەباتە پێشەوە، واتە هەست و خۆشەویستییە بچووکەکان کە تەنانەت لە خراپترین دۆخیشدا بۆ یەکتری هەمانە.
ـ وەک نووسەرێکی سەرکەوتوو و خۆشەویست و بە ئەزموون لە تانزانیاوە، ڕێنمایی و ڕاسپاردەتان بۆ نووسەرانی نوێ و لاو لە وڵاتانی دیکەی ئەفریقا چییە؟
قۆڕنە: هیچ ڕێنمایی و ڕاسپاردەیەکم بۆ کەس نییە، جگە لەوەی کە درێژە بە نووسین بدەن.

© 2017 Hawler