تشرینی دووەم 29, 2021

زۆرترین بینراو فه‌رهه‌نگ

من لە شیعردا دەمەوێت بە کەرەستە زمانەوانییەکانی سەردەم گوزارشت لە سەردەمەکە خۆی بکەم

"فرۆشراو وەرناگیرێتەوە" ناونیشانی نوێترین کتێبی شیعریی "داستان بەرزان"ە، کە لە ماوەی ڕابردوودا چاپ و بڵاوکرایەوە. ئەم شاعیرە لەم دیمانەیەدا سەبارەت بە نوێترین کتێبی شیعریی دەدوێت و سەبارەت بە ناونیشانی کتێبەکەش ڕوونکردنەوەی تەواوەتی بە خوێنەران و هەموو ئەو کەسانە دەدات کە پێیانوایە ناونیشانێکی سادەی هەڵبژاردووە. ئەو لەگەڵ ئەوەی شیعر دەنووسێت، هاوکات چیرۆک و رۆمانیش دەنووسێت تا ئێستا چەند بەرهەمێکی بڵاوکراوەی هەیە. سەبارەت بە زمانی شیعری دەڵێت: من لە شیعردا دەمەوێت بە کەرەستە زمانەوانییەکانی سەردەم گوزارشت لە سەردەمەکە خۆی بکەم.

*"فرۆشراو وەرناگیرێتەوە" ناونیشانی نوێترین کتێبی شیعریی ئێوەیە، لە یەکەم نیگادا خوێنەر هەست بەوە ناونیشانێکی سادەی ڕووکەش دەکات، وەک ڕووکەشگەرایی ئێستای دونیا، بەڵام لەناوەڕۆکدا پرسەکە پرسێکی وجودییە، بۆ ئەم ناونیشانە ڕووکەشت هەڵبژارد؟
- ئەگەرچی خۆم وەک ناوێکی ڕووکەش نایبینم، چونکە ڕاستە دەربڕینێکی بەرچاوی ئەم سەردەمەیە، بەڵام ناکرێت تەنیا یەک ڕەهەندی ببینین و بوار نەدەین مەوداکانی دیکەی لێکبدەینەوە و تێگەیشتنمان لە بارەیەوە بگۆڕین لە دەربڕینێکی سادەوە بۆ دەربڕینێکی دیکە، ئەوەی وایکردووە ئەو ناونیشانە لەلای هەندێک خوێنەر ئەو فرەمەوداییە وەرنەگرێت ئەوەیە کە وشەکە زۆر بەرچاوە، بەبێ ئەوەی تەنانەت بیر لە خودی ئەوەش بکاتەوە کە ئایا بۆچی لەم سەردەمەی ئێستاماندا، جیاواز لە هەموو سەردەمەکانی پێشوو بەر ئەم وشەیە دەکەوین؟ بەڵام با وایدابنێین ناوێکی ڕووکەشە، بۆ ئەوەی ڕووبەرێکی دیکە لە وەڵامی پرسیارەکەتاندا بکرێتەوە: ناونیشانەکە ڕووکەشێکە کە زۆر ناخاێنێت و بەردەوامی نادات بە وەرگر ماوەیەکی زۆر لە سادەبینییەکەی بۆی بەردەوام بێت، لانی کەم دەبینێت بۆ یەکەمجار ئەم دەربڕینە لە دەرەوەی بازاڕ دەبینێت، پاشان بەسەر بەرگی کتێبێکەوە، دواتر بە کردنەوەی کتێبەکە و ئەوکاتەی بۆی دەردەکەوێت کتێبێکی شیعرە، ئاخۆ بەر پرسیاری دیکە ناکەوێت؟ ئەگەرچی زۆر ئاساییە بۆ خوێنەرێکی ئێمە بەوە پێبکەنێت کە ناوێکی وەها لە کتێبێکی شیعریی نراوە، تەنانەت ئەگەری هەیە بە گاڵتەجارێشی بزانێت، بەڵام هیوادارم ئەو دیدە گاڵتەجارییەی لە ساتی خوێندنەوەی شیعرەکانیشدا لەبەرچاو بگرێت، چونکە یەکێک لەو شتانەی لە ئێستادا سەرنجم لەسەری هەیە ئەوەیە کە ئاخۆ بڵێیت خوێنەران بەر ئەو گیانە گاڵتەجارە بکەون کە لە هەناوی بەشێکی زۆر لە شیعرەکاندا هەن؟ یان هەر وەک ئەوەی وەک جۆرێک لە نەریتی لێهاتووە کە پێمان وایە شیعر بابەتێکی غەمگینکەرە و دەبێت کاتێک شیعر دەخوێنینەوە یان بۆمانی دەخوێننەوە، وەک ئەوەی لە سروتێکی ناو کەنیسەدا دانیشتبین و چیرۆکی ئازارەکانی مەسیحمان بۆ بگێڕنەوە، مات و نیگەران دانیشین...
ئەم ناونیشانە دەمانخاتە بەردەم یەکێک لە گوزاشتە بەرفراوانەکانی دونیای ئەمڕۆ، دونیایەک کە هەموو شتەکان بە نرخە ماددییەکانیان هەڵدەسەنگێنێت، لە بەرامبەریشدا هەمان ئەو کاڵایەی بەردەوام خەریکە لە ڕێگای ڕیکلامەوە بە شێوەی جیاجیا ستایشی دەکات و ئێمەی بۆ پەلکێش دەکات، تاکو سنوری ئەوەی بۆمانی دەهێنێتە ماڵەوە، هەر ئەوەندەی گەیشتە دەست ئێمەی کڕیار، لەوە بەدوا فرۆشیاری بەڕێز ئامادە نییە بەهیچ شێوەیەک لێمانی وەربگرێتەوە.
ئایدیای ئەم ناونیشانەم لەو شەوەدا بە مێشکدا هات کە لە ڕێگای ئۆنلاینەوە ئامێرێکی دروستکردنی شەربەتی میوەم بە شێوەی ئۆنلاین کڕی، چونکە وەک لە ڕیکلامە ڤیدۆیەکەییدا هاتبوو، بە وایەرێکی -یو ئێس بی- لە جۆری –گالاکسی- شارژ دەکرێتەوە و لە ماوەیەکی کەمدا کامە جۆری میوەت بوێت دەیکات بە شەربەت.
کاتێک ئامێرەکەم بردەوە بۆ ماڵەوە، دەبینم کار ناکات، هەر چەند شارژم کردەوە، هەرچەند لێی وردبوومەوە، سوودی نەبوو، پاشان پەیوەندییم کرد بەو پێگە ئەلکترۆنییەی کە لێوەی کڕیبووم و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا گەیاندییانە دەستم، بۆ ئەوەی تێبگەم ئامێرەکە کێشەی چییە؟ لە بەرامبەردا ئەوان لە جیاتی ئەوەی هاوکارییم بکەن، بۆیان دەنووسیم فرۆشراو وەرناگیرێتەوە، چەندی دیکە هەوڵمدا بێسوود بوو، هەر وەڵامیان دەدامەوە، بەڵام ئەوە نەبوو کە من دەمویست، بەڵکو ئەوەی ئەوان کە مەبەستیان بوو لە ڕێگایەوە من لە کۆڵ خۆیان بکەنەوە: فرۆشراو وەرناگیرێتەوە.
لەوە بەدوا تێگەیشتم ئێمە لە چ دونیایەکی ساختەدا دەژین، دونیایەک کە خەریکە بە کاڵا و واڵا و هەڵا و تەڵا و بەڵاکانی فریومان دەدات، بۆیە هەمان شەو لە پەیجەرەی ئەو شوقەیەی تێیدا دەژیام، ئامێرەکەم فڕێدایە کەلاوەکەی خوارەوە.
من لە شیعردا دەمەوێت بە کەرەستە زمانەوانییەکانی سەردەم گوزارشت لە سەردەمەکە خۆی بکەم، سەردەمێک کە زۆرجار لە شیعر و لە ژیاندا سەرنجی گەورەم لەسەری هەیە. لام سەیرە شاعیری ئەم ڕۆژگارە بیت و کەچی هەمان زمان بەکاربەریت کە شاعیرانی پێشوو پێیان نووسیوە، لە کاتێکدا ئەوان خۆیان زمانی سەردەمەکەی خۆیان بەکارهێناوە، بە پێچەوانەوە شاعیرانێک هەبوون پێش زمانی سەردەمەکەی خۆیان کەوتوون، واتە لە پاش ئەوان ئەو زمانەی ئەوان بۆتە زمانی ئاسایی خەڵک، وەک ئەوەی نالی لە قۆناغی خۆییدا کردوویەتی، وەک ئەوەی گۆران و پاشان شێرکۆ بێکەس لە قۆناغەکانی خۆیاندا کردوویانە.
من بەو ناونیشانە نامەوێت ببمە بەشێک لە بازاڕی ئەمڕۆ، بەڵکو بە خوێندنەوەی شیعرەکاندا تێدەگەیت کە ئەو گوزارشتە بە دیوە نەرێنییەکەییدا بەکارهاتووە، بۆیە لێرەوە داوا لەو کەسانە دەکەم کە کتێبەکە دەکڕن، پاش ئەوەی خوێندیانەوەی ئەگەر هاتوو شیعرەکانیان بە دڵ نەبوو، ئەوا زۆر ئاساییە کە بیدەنەوە بەو ناوەندەی لێیان کڕیوە و پارەکەیان وەربگرنەوە، ئەگەر ناوەند یان کتێبفرۆشییەکانیش لێیان وەرنەگرتەوە، بە هەر ڕێگایەک بوو بۆ خۆمی ڕەوانە بکەنەوە، دڵنیابن منیش بە هەر جۆرێک بووە مافەکەیان بۆ دەگێڕمەوە...

*شیعر لای تۆ نزیکە لە زمانی ڕۆژانە، یان (زمانێکی ڕاستەوخۆ) هەیە لە کاتێکدا زۆربەی پێناسەکان بۆ شیعر لەوەدا کۆکن کە شیعر زمانێکە باڵاتر لە زمانی ئاسایی، ئەمە پەیوەندی بە ویستی ئێوەوە هەیە، یان شتی دیکە؟
- من بۆیە شیعرم خۆشدەوێت، چونکە پێناسەی نییە و بواری تێدایە هەریەک بە تێگەیشتنی خۆمان لەبارەیەوە بڵێین یان بنووسین، بەڵێ زمانێکی ڕاستەوخۆ لە شیعرەکنی مندا هەیە، بەڵام بەڕوونی نازانم مەبەست لە زمانی باڵا چییە، کە زۆر لە دونیای ئێمەدا باس دەکرێت، چونکە زۆرجار بیستوومە زمانی ئەدەبی کلاسیک باڵایە، لە کاتێکدا زمانی ئەو ئەدەبیاتە هێندەی زمانی عەرەبی و فارسی و وڵاتانی دراوسێن چارەکە هێندەیەک زمانی کوردیی نین. ئەگەر بەکاربردنی زمانێکی کوردی خاوێن مانای سادەیی و ڕۆژانەیی بدەن بە ئێوە ئەوە پێم وایە هەڵە تێگەیشتنێک هەیە، ئەگەریش بەکاربردنی زاراوە و وشەکانی سەردەمیش هەمان مانایان هەبێت، ئەوا وەک لە وەڵامی پێشوودا ئاماژەم بۆ کرد، من بە ئەنقەست و لە پێناو شتێکدا ئەو کارە دەکەم.
زمان بۆ خۆی دیاردەیەکی باڵایە، بە زمانی هەرە ئاسایشەوە کە بە زمانی بازاڕیی ناسراوە، ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەی تۆی شاعیر لە تواناتدا هەیە زمان وەک پێکهێنەرێکی سەرەکی شیعر لە ئاستە شیاوەکەیدا بخاتەگەڕ؟ لە دونیادا نموونەی زۆر نووسەری مەزن هەن کە بە زمانی ئاسایی تێکستی گەورەیان بەرهەمهێناوە، لە ئەدەبیاتی کوردییشدا بە هەمان شێوە. بەڵام لێرەدا خاڵێک گرنگە، ئەویش ئەوەیە کە پێویستە خوێنەر هۆشیارانە لە زمان تێبگات و هەر نووسەرێک بە شێوە و سەلیقەی و تەکنیکی نووسەرەکە خۆی بخوێنێتەوە، نەک بەو شێوە و سەلیقەیەی خۆی مەبەستێتی، بە کورتی پێویستە ئاگاداربین، زمانی شیعرەکانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی هەمان ئەو زمانە نییە کە –سالم- یان -حاجی قاردی کۆیی- پێیان نووسیوە، یان زمانی -محەمەد موکری- لە هەندێک لە ڕۆمانەکانیدا هەمان ئەو زمانە نییە کە -حسێن عارف- و -ڕەئوف بێگەرد- پێیان نووسیوە. هۆشیاری لە هەمبەر ستایلی نووسەر و شێوازی زمانیدا یەکێکە لە پێویستییەکانی خوێنەری ئێستای ئێمە، لە پێناو ئەوەی هەم نووسەران هەست بکەن ئەوەی دەیکەن دەگات بە خوێنەر، هەمیش خوێنەر لەوە زیاتر تووشی بەدحاڵیبوون نەبێت.

*لەنێو نەوەی نوێی شیعری کوردیدا دەنگ و خەمی هاوبەش و زمانی هاوبەشیش دەبینین، بەڵام ڕێچکەی نوێی شیعریی یان دەنگی کاریگەر و جیاواز نابینین، ئەمە پەیوەندی بە هاوخەمی ئەم نەوەیەوە هەیە، یان پەیوەندی بە نزیکی باکگراوندی ڕۆشنبیریی و بەرکەوتنیانە بە دونیا؟
- بوونی خەمی هاوبەش و زمانی هاوبەش لە شتە پێویستەکانی هەر نەتەوەیەکن لە هەر سەردەمێکدا، بۆ ئەمەش بڕوانە ئەدەبی قۆناغە جیاوازەکانی کورد، بە ڕوونی ئەو دیاردەیە دەبینیت، بە ئەندازەیەک ئەوەی بۆ شیعری ئەم سەردەمە بە خاڵێکی نێگەتیف تەماشا دەکرێت، -کە لە ڕاستیدا وانییە- لە ئەدەبی کلاسیکیشدا بە هەمان شێوەیە، مەگەر جیاوازی ڕیشەیی لە نێوان زمانی نالی و سالم و کوردییدا چییە؟ تەنانەت زۆرینەی شیعرەکانیان بە لابردنی ناوەکانیان لە یەکتری ناچن؟ ئەی شاعیرانی پاش کلاسیک لێکچوونەکانیان بە ڕوونی بە شیعرەکانیانەوە دیارنین؟
بۆیە ئەوە دۆخێکی ئاساییە، بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە لە ناو ئەوانەدا کەسانێک نەبن لە هەمووان دەنگیان زوڵاڵتر، مەودای شیعرییان فراوانتر و سەنگینتر، کە ئەوەش بێگومان خوێنەران دەبێت بە ئاگاییەوە لێیان بڕوانن و بیانخوێننەوە، وەکو دیکەش نەبوونی کاریگەری شیعر پەیوەستە بە مرۆڤی ئەم سەردەمەوە، کە مرۆڤێکە نەک هەر شیعر تەنانەت خودی خۆیشی فەرامۆش کردووە و بە هەموو هێزی سەرقاڵی شتانێکی دیکەیە کە زۆرجار بۆ خۆیشی نازانێت چین و مانا و قوڵاییان چییە! بە کورتی ئاسان نییە بە مرۆڤی سەردەمی پۆپجی و نێرگەلە و گۆرانی ئایلا- جارجارە خۆیشم گوێی لێدەگرم- بڵێیت شیعر گرنگە. بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی شیعر لەگەڵ خوێنەرانی خۆیدا لە پەیوەندییەکی زیندوودا نەبێت. یان بە تێگەیشتنی هەندێک شیعر مردبێت، چونکە ئەو لە پێکهاتەی هەر مرۆڤێکدا ئامادەیی هەیە.

 

ئارام كۆشكی - سلێمانی

© 2017 Hawler