کانونی دووەم 19, 2021

 

فەیلەسوفى فەرەنسى "ژیل دۆلۆز" لە کتێبێکیدا دەربارەى "فریدیریش نیچە"، باس لە سێ‌ شێوەی ڕەتكردنەوەی ژیان دەكات کە هەر یەکەیان لایەنیکەم هێزێک نوێنەرایەتییان دەکات. كینەسازیی، هەستكردن بە تاوان، ئایدیای باڵای زوهدی. ئەم سێ‌ شێوەیە، نیهیلیزم دروست دەكەن و هەمیشەش لەگەڵ هێزی دژە چالاكدا دەچنە هاوپەیمانییەوە، یان باشتر بڵێین یەك شتن. ئەمان هێزی چالاك لە (كردە)، بكەر لە (كردارەكەی) دادەبڕن، یان دوا دەخەن.

 

دۆلۆز لە سەرەتاوە بەشێوەیەکى ڕەخنەیى، ڕوانگەى دەروونشیكاریی فرۆیدییانە بۆ ڕوانین لە كینەسازیی دەخوێنێتەوە و بنەماكەی دەردەخات. ئەویش بەرزبوونەوەی یادەوەرییە بۆ ئاگایی بەهۆی شتێكەوە كە لەجیاتی ئەوەی روروژاندن دروست بكات شوێنەوار و كاریگەریی یادەوەری دەنوێنێتەوە (بۆ نموونە بەردەوام شتێك دەبێتە هۆی وروژاندنەوەی كۆنە ڕقێك). كینەسازی روحی تۆڵەكردنەوەیە. مرۆڤی كینەساز هەست بە هەر بوونەوەر و هەر بابەتێك دەكات وەك سوكایەتی پێكردن لێكی دەداتەوە، تەنانەت ئەگەر جوانی و چاكەیش بن «چونكە یادەوەری شوێنەوارەكانی لە خۆیدا و بەهۆی خۆیەوە كینەئامێز بووە». مرۆڤی كینەساز هەمیشە دەڵێت "هەڵەی تۆ بوو"، "تۆ پیسیت من پاكم". (كاهینی یەهودی).

هەستكردن بە تاوانیش هێزێكی چالاك بووە كە بەهۆی هێزی ناچالاك و كینەسازەوە لە تواناكانی خۆی دوورخراوەتەوە و لە مەرجەكانی توانای نواندنی كردارەكانی دابڕێنراوە، بۆیە ئەم هێزە بەسەر خۆیدا هەڵگەڕاوەتەوە و دژی ناوەوەی خۆی وەستاتەوە [ئەمە ڕێگەیەكە لەو ڕێگایانەی كە بەهۆیەوە هێزی چالاك ئەبێتە هێزی ناچالاك]. هێزێكی چالاك دابڕێنراوە لە تواناكانی و لەمەشەوە تووشی ئازاری ویژدانی هاتووە و ئەو ئازارەش لە ناوەوە دەگۆڕێت بۆ خۆ-ئازاردان و سەركۆنە و خۆ-سزادان و سەرزەنشتكردن. هەستكردن بە تاوان ناڵێت "هەڵەی تۆ" بوو بەڵكو دەڵێت "هەڵەی من بوو"، "من تاوانبارم" (كاهینی مەسیحی).

ماوەتەوە ئایدیای باڵای زوهدی. بە گوێرەی خوێندنەوەی دۆلۆز، لای نیچە ئایدیای باڵای زهدی (ئایین) لە ڕووی جەوهەرییەوە پەیوەستە بە كینەسازی و هەستكردن بە تاوانەوە، «گوزاشتە لەو ویستەی كە وا لە هێزی ناچالاك دەكات سەر بكەوێت» (نیچە و فەلسەفە، ل185). چونكە ئەم هێزە سەرناكەوێت بێ‌ بوونی ویستێك بۆ ڕێكخستنی وەهمی پێویست و فریودان ئەمەیش بە خولقاندنی جیهانێكی ئاسمانی و هێنانە خوارەوەی بەهای ئەم جیهانە. كەواتە ئایدیای باڵای زوهدی واتە : دەرخستنی نزیكایەتی هێزە ناچالاكەكان لەگەڵ نیهیلیزمدا و گوزاشتكردن لە نیهیلیزم وەك "بزوێنەر"ی هێزی ناچالاك. نیهیلیزم (عەدەمییەت) بە مانای نا-بوون نا، بەڵكو بەمانای نرخاندنی خودی بەهای عەدەم. چەندە لە بەهای ژیان كەم بكرێتەوە و نەفی بكرێتەوە ئەوەندەش ژیان بەهای عەدەم وەردەگرێت، ئەم كارەیش تەنیا لە ڕێگەى وەهمەوە مەیسەر دەبێت.

© 2017 Hawler