کانونی دووەم 24, 2021

م. سەردار عەبدولڕەحمان (سەحەری)

 

ئەمانەی خوارەوە بریتین لە پێناسەكردنەوەی دیوی دووەمی وشەكان، بە زمانێكی سادە نووسراون، بەڵام ڕەهەند و مانایەكی زۆر هەڵدەگرن كە بیروهزرمان وابەستە دەكات بەخۆیەوە، ئەمانە (هایكۆ)ی یابانی نین، بەڵكو جۆرێكی ترە كەخۆی دەبینێتەوە لە یاریكردن بە ماناو ناوەڕۆكی وشەكان بە دیوێكی ترەوە، تێگەیشتن لەم ناونیشانەی خوارەوە پێویستی بە كەمێ وردبوونەوە و تێڕامانە، خەندە خستنە سەر لێوە تۆراوەكانە، قوڵبوونەوەیەكی سادەی ناخیخۆمانەن بۆ دوبارە داڕشتنەوەی دیاردەكانی دەوروبەرمان.
1- هەور: خەمی بەباكردووی زەریایە.
2- دۆڵ: برینی جەستەی زەوییە.
3- زێ: مەلۆتكەی تازەی ڕووبارە.
4- دڵ: پایتەختی لاشەیە.
5- خۆرگیران: چاوشاركێی مانگە لەگەڵ زەوی.
6- ئاو: كە تووڕە بوو دەبێتە سەهۆڵ، كە شەرمی كرد ئەتوێتەوە، كە لەخۆبایی بوو ئەبێت بە هەڵم.
7- گڕكان: خەمی پەنگخواردووی ناخی زەوییە.
8- بەفر: لووتكە قژە سپیەکەی چیایە.
9- ڕەشەبا: كۆخەی زەوییە.
10- لاستیك: ئۆپۆزسیۆنی دێڕی قەڵەمە.
11- ڕاستە: ئەندازیاری هێڵەكانە.
12- ئەشكەوت: زامی ساڕێژنەبووی دڵی چیایە.
13- بوومەلەرزە: لەرزوتای زەوییە.
14- مانگ: مەلۆتكەی زەوییە.
15- زستان: دەرخەری ڕاستی درەختە بێ‌میكیاژەكانە.
16- بەهار: ساڵۆنی سروشتە.
17- ئاو: كە یاخی بوو دەبێت بە تاڤگە، كە خۆی خواردەوە دەبێت بە كانی.
18- پەلكەزێڕینە: كەرنەڤاڵی جەژنی ئاو و هەوایە.
19- ڕۆژنامە: كۆبوونەوەی ناڕەزاییی وشەكانە.
20- پەرستش: یۆگای ڕۆحە.
21- لۆچ: كپكردووی قسەی ڕابردووە.
22- كاتژمێر: كرێكارێكی بێپشووە.
23- تاسە: قسەی ڕەقی ڕێگایە.
24- قەڵەم: مەرەكەبی بیر و هزرە.
25- مقەست: دژی یەكگرتنی شتەكانە.
26- خۆر: شۆڤێری هەسارەكانە.
27- نان: لاشەی برژاوی چەندین گوڵەگەنمە.
28- نەوت: زووخاوی چەندین ساڵەی ناخی خاكە.
29- هەڵامەت: سزای لاشەی پشتگوێخراوە.
30- ڕوومەت: یاریگەی خلیسكانی فرمێسكەكانە.
31- ئاڵقە: كەلەپچەی هاوسەرانە و پەتی سێدارەی خۆشەویستییە.
32- هاژە: تووڕەبوونی ڕووبارە.
33- شیعر: خۆپیشاندانی وشە نەوتراوەكانە.
34- ئیرەیی: هێرۆشیمای دەروونە.
35- ئارەقە: گریانی لاشەی ماندووە.
36- دارستانەكان: قژی پڕی زەوین.
37- گلۆپەكان: كۆیلەی وزەن.
38- زمان: پەیامنێری بیرە.
39- ئینجانە: زیندانی گوڵەكانە.
40- كاغەز: مەیدانی شەڕی وشەكانە.
41- هەورەبروسكە: ناڕەزایەتی و پەشێویی دۆخی كەشە.
42- پووش: پێشتر گەنجێكی یاخی بوو.
43- مزگەوت: ڕووگەی پاكبوونەوەی دەرونە.
44- داس: قەنارەی گوڵەگەنمەكانە.
45- گۆم: لغاوكردنی جۆگەی سەركەشە.
46- خەون: ئەفیونی پشووی لاشەیە.
47- بەرد: ڕەچەڵەكی باپیرانی گڵ و لمە.
48- كە (با) پەلەیەتی گەڵاكان باجەكەی ئەدەن.
49- كە هەور گریا زەوی فرمێسكەكانی دەگرێتە خۆی.
50- كە پلەی گەرمی بەرز دەبێتەوە هەوا هەست بە سووكیەکەی خۆی دەكات.

© 2017 Hawler