کانونی دووەم 24, 2021

پێنج ڕووداوی مێژوویی لە زنجیرەی یاریی تەختە پاشاییەکاندا

و:هاوار محە‌ممە‌د - هه‌ولێر

 

وەرزی هەشتەمی زنجیرەی یاریی تەختە پاشاییەکان دەستی پێکرد و ژمارەی بینەرانی ئەڵقەی یەکەمی، کە لە 14ی پەریلدا پەخش کرا، تەنیا لەنێو ویلایەتە یەکگرتووەکان زیاتر لە 17ی ملیۆن بینەر بوو، ئەمەیش بە گوتەی لایەنی دەرهێنەری زنجیرەکە "ئێتش بی ئۆ"، ژمارەی پێوانەییە.

بەدەر لەو گرێچنییەی لە دەوری سیحر و دراگۆنەکان دەسووڕێتەوە، ڕووداوەکانی زنجیرەکە لە ژمارەیەک ڕووداوی واقیعیی مێژوویی دەچێت، بەڵام بینەران تەواو هەست بەمە ناکەن.
ئەم زنجیرەیە لە بنەڕەتدا لە زنجیرە کتێبی "جورج ر. ر. مارتین"ـەوە وەرگیراوە، کە هەر خۆیشی بەرهەمهێنەری زنجیرەیەکەیە، زۆرجاریش خۆی باسی لەوە کردووە کە کاریگەریی هەندێ ڕووداوی مێژوویی لەسەر بووە. ئەو وتوویەتی کە گرنگی بە شیکردنەوەی پەرێزە سیاسی و ئابوورییەکان نادات، بەڵکو زیاتر سەرنجی خسۆتە سەر جەنگ و کوشتار و خیانەتەکان، بەلای ئەوەوە ئەمانە بابەتی دەوڵەمەندی نووسینن.
هەر بەم هۆیە لەم زنجیرەیەدا پێنج ڕووداوی مێژوویی بوونەتە ئیلهامبەخشی دروستکەرانی ئەم زنجیرەیە:

1- جەنگی گوڵەکان:
چەندین ڕووبەڕووبوونەوەی زۆر و ئاڵۆزبوو لەنێوان چەند لایەنێکدا لەسەر تەختی پاشایەتی ئینگلتەرا لە سەدەی پانزەدا.
جەنگەکە لەنێوان هێزەکانی دۆم لانسکتەر و هێزەکانی دۆک یۆرکدا ڕوویدا، هەردووکیشان لە لکەخێزانی پاشایەتی "بلانتاجینیت" بوون کە بۆ ماوەی سێ سەد ساڵ زیاتر، فەرمانڕەوایەتی ئینگلتەرایان کرد. تۆماس کۆستاین لە ناوەڕاستی سەدەی بیستدا مێژووی بلانتاجینیتی نووسیوە. مارتن زۆرجار باسی لەوە کردووە کە کۆستانی چەندە خۆشدەوێ و جەنگی نێوان دوو خێزانە سەرەکییەکی زنجیرەکەیش، کە "لانیستەر" و "ستارک"ـن، هەر لەو ڕووداوە مێژووییە دەچێت.

2- دادگایی بە شەڕی دووبەدووی دەستەویەخە:
لە وەرزی یەکەمی زنجیرەکەدا "تیریۆن لانیستەر"بە کوشتنی لۆرد جۆن ئارین تۆمەتبار دەکرێت، بەڵام بەهۆی دادگایی بە شەڕی دووبەدوو ڕزگاری دەبێت. لانیستەر فەرمان بە پاسەوانەکەی دەکات شەڕی دەستەویەخەی لە دادگادا بۆ بکات تاوەکو بیباتەوە و لەو ڕێگەیەوە ئازادی بەدەست بهێنێتەوە. ئەمە شتێکی خەیاڵی نییە؛ لە سەدەکانی ناوەڕاستدا ئەم جۆرە دادگاییە هەبووە و مەرجەعێکی یاساییش بووە، ئەوانەی کە لەگەڵ یەکتردا ناکۆک و نەیاربوون پەنایان بۆ دەبرد ناوەکو حسابی خۆیان لەگەڵ یەکتر پاک بکەنەوە، ئەگەرچی زۆرجار بە تەسلمیبوونی لایەنی دۆڕاو کۆتایی هاتووە نەک کوشتنی.

3- ئاهەنگی سوور یان ئێوارەخوانی ڕەش؟
لە بەشی سێیەمی زنجیرەکەدا ڕووداوێکی زۆر دڵتەزێن و ناکاو دێتە پێشەوە، لە ئێوارە خوانێکدا بە جارێ سێ کەسایەتیی گرنگی فیلمەکە لە یەک زنجیرەدا دەمرن، ئەوانیش "ڕۆب ستارک" و "کاتیلین"ـی دایکی و "تالیسا"ی هاوسەری. مارتن ئەم ڕووداوی لە ڕووداوێکی ڕاستەقینە وەرگیرتووە بە ناوی "ئێوارەخوانی ڕەش"، بەڵام لە زنجیرەکەدا کراوە بە "ئاهەنگی سوور".
لە چلەکانی سەدەی پانزەدا پاشا "جەیمسی دووەم"ی تەمەن بیست ساڵ، دوو کەسایەتی یەکێک لە بەهێزترین خێزانەکانی بانگهێشت کرد، ئەوانیش ئیریل دوگلاس و برا بچووکترەکەی بوون؛ دوای نانی ئێوارە هەردووکیانی سەربڕی. سەری بەرازێکیش خرایە سەر مێزی خواردنەکە، وەک ئاماژەی مردن.

4- دیواری سەهۆڵین ڕاستەقینە بووە:
لە زنجیرەکەدا دیوارێکی سەهۆڵین هەیە لە درێژیی 500 کیلۆمەتر و بەرزی 200 مەتر، لە سنوورە باکورییەکانی هەر حەوت شانشینەکەی کیشوەری ویسترۆیسدا بۆ ئەوەی لە هێرشی نەناسراوەکان بیانپارێزێت. پاسەوانانی شەوان دیوارەکە دەپارێزن، ئەوانەیش کۆمەڵێک سوارچاکن کە یەکێک لە گرنگترین و سەرنجڕاکێشترین کەسایەتی زنجیرەکەیان لەنێودایە، ئەویش "جۆن سنۆ"یە.
ئەم دیوارە لە واقیعدا هەبووە کە بە "دیواری هاردیان" ناسراوە، ڕەنگە هێندە گەورە نەبووبێت، بەڵام هەمان بایەخی هەبووە. ئێستایش شوێنەواری دیوارەکە دیارە، درێژییەکەی 117 کیلۆمەتر بووە. مارتن خۆی لە هەشتاکانی سەدەی بیستەمدا سەردانی شوێنەواری دیوارەکەی کردووە. تۆماس سەردانی هاوڕێکانی دەکات لە ئینگلتەرا، یەکێکیان دەیبات بۆ لای دیواری هاردیان، دەڵێت ئەو پرسیارەم بۆ دروستبووە کە سەربازی ڕۆمانی، وەختێک لەسەر گرد و بەرزاییەکانەوە، ڕۆژەکانی بەدیار چاودێریکردنی ئەو مەودا درێژەوە بەسەردەبات، داخۆ ڕوانگەی بۆ ژیان چۆن بووە.

5- تاجی زێڕین:
لە کۆتایی زنجیرەی یەکەمدا فیسیریس تارگاریان (کە دواتر دەبێتە پادشای ویسترۆس) داوا لە کال درۆگۆ دەکات سوپایەکی بۆ دابین بکات لەبەرامبەر ئەوەی داینیرسی خوشکی شووی پێ بکات. جا لەپێناو وەفاداریی بەرامبەر ئەم بەڵێنە، فیسیریس چەقۆیەک دەکات بە سکی خوشکە دووگیانەکەیدا. ئینجا درۆگۆ ڕازیی دەبێت "تاجی زێڕین" بدات بە فیسیریس. بەڵام ڕوون دەبێتەوە دیارییەکە تەڵەیەکی کوشندەیە، دوای ئەوەی چەک لە فیسیریس دادەماڵرێت، درۆگۆ قەڵغانێکی ئاڵتوونی دەتوێنێتەوە، وەک تاج لەسەرنان بە تواوەیی دەیکات بەسەر فیسریسدا و دەیکوژێت.
ئەم ڕووداوە لە ساڵی 260ی زایینی، بەسەر ئیمپراتۆری ڕۆمانی "ڤالێریان"دا هاتووە.
فلافۆس یۆترۆیبۆس، مێژوونووسی ڕۆمانی، لە سەدەی چوارەمی زایینیدا نووسیویەتی کەو هێزە فارسەکان ئیمپراتۆر بەدیل دەگرن و ناچاری دەکەن قوڕقوشمی تواوە بخواتەوە. ئەگەرچی ئەمە تەنیا یەکێکە لە گێرانەوەکان دەربارەی مەرگی ڤالیریان، بەڵام مارتن ئیلهامی ئەو ڕوواوەی لێ وەرگرتووە.
http://www.bbc.com/arabic/art-and-culture-47989102

 

© 2017 Hawler