تشرینی یەکەم 18, 2021

یادی ئەو پیاوەی وا خەمی خوێندەواریی هەبوو

ڕۆژی هەشتی ئەیلوولی هەموو ساڵێک ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی نەخوێندەوارییە. ئەمساڵ وەکو زۆرێک لە ساڵانی دیکە ئەم یادە بەبێ هیچ مەراسیم و چالاکییەک تێپەڕی، نەک یادی نەکرایەوە، بەڵکو تەنها باسێک لە گرنگی خوێندەواریی و ئەو مامۆستا و مرۆڤە خەمخۆرانە نەکرا، کە لەو پێناوەدا ئەرکیان کێشاوە و ساڵانێک لە خەمی خوێندەوارکردنی کۆمەڵگەکەیاندا بوون.

شاری سلێمانی خاوەنی گەلێ مامۆستا و مرۆڤی خەمخۆرە کە خزمەتێکی گەورەیان بە خوێندەوارکردنی نەوەکانی ئەمشارە و پەیوەردەکردنی کردووە و دەکرێت ئەم جۆرە رۆژانە بکرێنە دەرفەتێک بۆ ڕێزلێنان لە کار و چالاکی ئەو مامۆستا و مرۆڤە بە ئەمەکانەی کە ڕۆڵیان لە پەروەردەکردن و پێگەیاندنی نەوەکانی ئەمشارەدا هەیە. هەر لێرەوە پێشنیار دەکەم لە ساڵانی ئاییندەدا لەم جۆرە ڕۆژ و یادانەدا ڕێز لەو مرۆڤانە بنرێت کە یەکەم پیت و وشەیان فێری ئێمە و نەوەکانی دیکەی ئەمشارە کردووە و تا گەیشتە ئەوەی شارەکە پێی بوترێت پایتەخیتی ڕۆژشنبیریی و شاری ئەدەب.
لەمساڵدا جیا لە هەموو ئەو مامۆستا بەڕێزانەی کە خەمیان پەروەردەکردن و خوێندەوارکردنی کۆمەڵگەی کوردی بووە، من بیرم لە مامۆستایەکی تاقانە و خوێندەوارێکی هێمن و مرۆڤێکی لە خۆبردوو کردەوە، کە خەمی سەرەکی ژیانی ئەو خوێندەواربوونی کۆمەڵگەکەی بوو، ئەو مامۆستا و مرۆڤە بە ئەمەکە "نەجمەدین مەلا"یە. مامۆستایەک کە ساڵانێکی زۆر لە ڕێی ماڵەکەی خۆیەوە کە کردبوویە خوێندنگە و نەخوێندەوارانی فێری خوێندەواری دەکرد بە سەدان مرۆڤی نەخوێندەواری کردە خوێندەوار. ئەو ماڵەکەی ناونابوو "کەشتی نوح" هەموو کەسێک بەبێ جیاوازی دەیتوانی لە خوێندنگەکەی بەشدار بێت و فێری خوێندەواری بێت. بەپێی هەندێک لەو کەسانەی کە ساڵانێکی زۆر لەم مامۆستا مرۆڤدۆستەوە نزیک بوون دەڵێن نزیکەی حەوت هەزار کەسی لە نەخوێندەواری ڕزگار کردووە و ئەمە بێجگە لەوەی دەیان کەسیشی فێری زمانی فارسی کردووە. ئەو بە فرۆشتنی رۆژنامە و کتێب ژیانی خۆی دابین دەکرد و هەر تا دوا ساتەکانی مردنیشی لە وشە و کتێب دوور نەکەوتەوە و ئەو خەمخۆری دانەبڕاوی زمانی کوردی و خوێندەوارکردنی نەوەکانی ئەم شارە بوو.
ئەم پیاوە گەورەیە، ئەم مرۆڤە ئەدەبدۆستە گومناوە، ھاوکارێکی‌ ھەمیشەیی‌ ڕۆژنامەی‌ "ژین"ی پیرەمێدی نەمر بوو، لە ڕێی‌ ئەو رۆژنامەیەوە توانیویەتی ژیاننامەی‌ چەندین‌ شاعیر و پیاوە گەورەکانی‌ بنووسێتەوە و بڵاوبکاتەوە. جگە لەمانە بەدەست و خەتی‌ خۆی‌ دیوان و بەرھەمەکانی‌ گەلێ‌ شاعیری‌ لە فەوتان پاراستووە لەوانە دیوانەکانی‌ (حەمدی، مەولەوی، سالم، نالی‌ و کوردی) نووسیوەتەوە. هەر دوای مردنیشی گەلێ‌ کەشکۆڵ و دەستنووسی‌ دانسقە‌ی‌ لەپاش بەجێماوە.
نەجمەدینی مەلا، ئەو مامۆستایە بوو کە بەر لە هەموان درکی بەوە کرد کە نەخوێندەواری کۆمەڵگە سڕ دەکات و لە پێشکەوتن دووری دەخاتەوە، بۆیە خەمی خوێندەوارکردنی کۆمەڵگەکەی خستە سەر شانی و بە تەنیا و بەبێ هیچ هاوکارییەک دەست بە پرۆسەی خوێندەوارکردنی کۆمەڵگەکەی کرد، کە لەوکاتەدا بەشی هەرە زۆری نەخوێندەوار بوون. ئەوەی ئێستا گرنگە ئەوەیە کە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی نەخوێندەواریی بکەینە دەرفەتێک بۆ نزیکبوونەوە لە زانست و درێژەدان بە ڕێچکە پیرۆزەکەی ئەم مامۆستا خەمخۆرەی تا دوا ساتەکانی ژیانی هەر لە خەمی خوێندەوارکردنی نەوەکانی وڵاتەکەیدا بوو.
مامۆستا نەجمەدین مەلا لە ڕۆژی‌ ٢٣/ ٤/ ١٩٦٢ لە ماڵەکەی خۆیدا لە سلێمانی کۆچی‌ دوایی‌ کرد و بەهۆی ئەوەی تەنها بوو دوای نزیکەی دوو هەفتە، بە مردنەکەی زانرا. لەسەر وەسیەتی‌ خۆیشی‌ تەرمەکەی‌ لە چیای‌ ئەزمەڕ بە ‌خاک سپێراوە و کێلی گۆڕەکەی لە شێوەی کەشتیدایە، چونکە ئەو ماڵەکەی ناو نابوو کەشتی نوح.

دواترین دەستکاریکردن لەسەر شەممە, 12 ئەیلول 2020 21:51
© 2017 Hawler