ئەم پەڕەیە چاپ بکە

سبه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ری وه‌رزی نویی خولی نایابی كوردستان ده‌كه‌وێـته‌ڕێ

رۆژانی پێنجشه‌مه‌ و هه‌ینی، گه‌ڕی یه‌كه‌می یارییه‌كانی خولی نایابی كوردستان، كاتژمێر 3:00 به‌ڕێوه‌ده‌چێت، چه‌ندین یاریی به‌هێزی تێدایه‌، به‌شێك له‌ یانه‌كان له‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌مه‌وه‌ بیر له‌ مانه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌شێكیتریشیان ده‌یانه‌وێت پله‌ی یه‌كه‌م به‌ده‌ستبهێنن، یانه‌كانی سه‌یدسادق و شه‌قڵاوه‌، بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ریزی نایاب یاریی ده‌كه‌ن.

زاخۆ رووبه‌ڕووی هه‌ولێر ده‌بێته‌وه‌
زاخۆ له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری یانه‌ی هه‌ولێر ده‌كات، تیپه‌كه‌ی سه‌ر سنوور، ده‌مێكه‌ خۆی بۆ ركابه‌رییه‌كانی ئه‌م خوله‌ ئاماده‌ ده‌كات، پشتی به‌ چه‌ند یاریزانێكی لاوی وه‌رزی رابردووی تیپه‌كه‌ به‌ستووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بۆ ساڵانی داهاتوو ئاماده‌یان بكات، زاخۆ به‌هۆی به‌شداریكردنی له‌ خولی نایابی عێراقی ته‌نها بۆ مانه‌وه‌ له‌ ریزی نایاب و پێگه‌یاندنی یاریزانان له‌ خولی نایابی كوردستان به‌شداری ده‌كات.
یانه‌ی هه‌ولێر، به‌ راهێنه‌رایه‌تی شوان زرار، تیپێكی لاوی به‌هێزیان بۆ ركابه‌رییه‌كه‌ دروست كردووه، له‌ جامی كوردستانیش گه‌یشتوونه‌ته‌ قۆناغی 16ـی خوله‌كه‌، كه‌ یاریزانه‌كه‌ن له‌ ته‌مه‌نێكی لاودان، به‌ڵام ته‌مه‌نێكی درێژه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ یاریی ده‌كه‌ن، لێكتێگه‌یشتنیكی باش له‌ نێوانیان هه‌یه‌، بۆیه‌ چاوه‌ڕێی ئه‌نجای باش له‌ تیپه‌ زه‌رد پۆشه‌كه‌ی هه‌ولێر ده‌كرێت.

هه‌ڵۆ و شه‌قڵاوه‌ له‌ دێربی هه‌ولێر به‌یه‌ك ده‌گه‌ن
هه‌ڵۆ له‌ یاریگه‌ی بلێ میوانداریی شه‌قڵاوه‌ ده‌كات، هه‌ڵۆ به‌هۆی كێشه‌ی داراییه‌وه‌ دره‌نگ ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ خوله‌كه‌ ده‌ستپێكرد، ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ی به‌سه‌ر توانا جه‌ستییه‌كانی تیپه‌كه‌وه‌ ده‌بێت، هه‌ڵۆ ته‌نها مانه‌وه‌ی له‌ خوله‌كه‌ گه‌ره‌كه‌، به‌ڵام كێشه‌ی سه‌ره‌كی تیپه‌كه‌ی بلی نه‌بوونی یاریگه‌یه‌كی گونجاوه‌ بۆ یاریكردن و مه‌شق كردن، كه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ به‌و گرفته‌وه‌ ده‌ناڵێنن.
شه‌قڵاوه‌، تیپێكی تۆكمه‌ی دروست كردووه‌، پشت به‌ تواناكانی جه‌وهه‌ر نه‌جمی ناوه‌ڕاستكاری ده‌به‌ستێ، كه‌ وه‌رزی رابردوو هۆكاریكی سه‌ره‌كی بوو تا تیپه‌كه‌ی بگه‌ینێته‌ خولی نایاب، خاڵی به‌هێزی شه‌قڵاوه‌ له‌ مانه‌وه‌ی زۆرینه‌ی یاریزانه‌كانی وه‌رزی رابردووی و راهێنه‌ره‌كه‌یتی، كه‌ لێكتێگه‌یشتنێكی باش و گونجان له‌ نێوانیان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ خالێكی باش بۆ ده‌ستبه‌ركردنی ئه‌نجامێكی باش، یه‌كه‌م وه‌رزیانه‌ له‌ ریزی نایاب یاریی ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت سووپڕایزێكی گه‌وره‌ی خوله‌كه‌ بن.

نه‌ورۆز و پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر یاریی لوتكه‌ی ئه‌م گه‌ڕه‌ ده‌كه‌ن
نه‌ورۆز له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ده‌كات، كامه‌ران عه‌لی راهێنه‌ر، به‌ كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێ یاریزانی لاوی سلێمانی و ده‌ورووبه‌ری تیپێكی تۆكمه‌یان پێكهێناوه‌، نه‌ورۆز به‌هۆی به‌شداریكردنی له‌ خولی نایابی عێڕاقی ئامانجی سه‌ره‌كی مانه‌وه‌ی له‌ ریزی نایابی كوردستان، به‌ڵام هه‌ر كاتێك له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر یارییان هه‌بێت، زۆرترین چاوی میدیا و هانده‌رانی كوردستان له‌سه‌ر یاریی ئه‌م دوو تیپه‌ ده‌بێت.
پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر، به شێویه‌كی باشتر و تۆكمه‌تر به‌راورد به‌ وه‌رزی رابردوو خۆیان ئاماده‌كردووه‌، سه‌میر بابۆی راهێنه‌ر له‌ دواین رۆژه‌كانی ئه‌ماده‌كاری تیپه‌كه‌ی هێرشبه‌رێكی به‌ناوی سه‌عید به‌حر كازمی له‌ یانه‌ی قاشقایی شیرازی ئێرانی بۆ ریزه‌كانی گواسته‌وه‌، چونكه‌ له‌سه‌ره‌تای ئاماده‌كارییه‌كانیه‌وه‌ هه‌وڵی هێنانی هێرشبه‌رێكی ده‌دا، پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌م ستافه‌ی راهێنه‌ران دوو جار ناسناوی نایابی بردووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ چاویان له‌ هاتریكی ناسناوه‌كانی نایابه‌ له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ی پیرمام.

برایه‌تی بۆ ده‌ربه‌ندیخان ساز و ئاماده‌یه‌
یانه‌ی برایه‌تی له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری ده‌ربه‌ندیخان ده‌كات، ده‌سته‌ی گارگێڕی تیپه‌ سه‌وز پۆشه‌كه‌ی هه‌ولێر هه‌ر زوو سه‌مه‌د جه‌وهه‌ری وه‌ك راهێنه‌ری تیپه‌كه‌ ده‌ستنیشانكرد، بۆ ئه‌وه‌ی تیپیكی به‌هێزیان بۆ دروست بكات، كه‌ زۆرینه‌ی یاریزانه‌كانی لاوبن، بۆ ئه‌وه‌ی بۆ ساڵانی داهاتوو ئاماده‌بن، ئامانجێكی دیكه‌شیان مانه‌وه‌یه‌ له‌ خوله‌كه‌، برایه‌تی وه‌رزی رابردوو بۆ یه‌كه‌مجار بووه‌ پاڵه‌وانی خولی نایابی كوردستان.
ده‌ربه‌ندیخان، ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ خوله‌كه‌ دواكه‌وت، وه‌ك ساڵانی رابردووش تیپه‌كه‌ پڕ له‌ ئه‌ستێر نییه‌، ئه‌وان نایه‌نه‌وێت وه‌ك ساڵانی رابردوو پاره‌یه‌كی زۆر له‌ خوله‌كه‌ و له‌ هێنانی یاریزانان خه‌رج بكه‌ن، ده‌یانه‌وێت به‌ كه‌مترین خه‌رجی باشترین ئه‌نجام به‌ده‌ستبهێنن.

یارییه‌كانی رۆژی هه‌ینی
سۆران میوانداریی سیروانی نوێ ده‌كات
سۆران له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداریی سیروانی نوێ ده‌كات، سۆران ماوه‌ی مانگێك راهێنه‌رێكی عه‌ره‌بی هێنا، دواتر راهێنه‌ره‌كه‌ ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه‌ و یانه‌كه‌ی جێهێشت، بۆیه‌ تیپه‌كه‌ له‌ رووی پلان و لایه‌نی هونه‌ریه‌وه‌، وه‌ك پێویست ئاماه‌نییه‌، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری به‌ سه‌ر ئه‌نجامه‌كانی تیپه‌كه‌و ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌و هانده‌ری یانه‌كه‌ هه‌یه‌تی هۆكار و پاڵنه‌رێكی باشه‌ بۆ یاریزانه‌كان تا ئاستێكی باش پێشكه‌ش بكه‌ن، به‌تایبه‌ت كاپتنی تیپه‌كه‌ ئیدریس محه‌مه‌د، خاڵی به‌هێزی تیپه‌كه‌یه‌.
سیروانی نوێ، به‌ راهێنه‌رایه‌تی رزگار عه‌لی، تیپێكی لاوی بۆ پێكهاته‌كه‌ رێكخستووه‌، گۆڕانكارییه‌كی زۆری له‌ پێكهاته‌كه‌ كردووه‌، پله‌ی دووه‌می جامی سووپه‌ڕی كوردستانیشیان به‌ده‌ستهێناوه‌، بۆیه‌ به‌ گیانێكی تازه‌وه‌ رووبه‌ڕووی تیپه‌كان ده‌بنه‌وه‌، وه‌رزی رابردووش تا دواین گه‌ڕه‌كان ركابه‌ریان له‌سه‌ر بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه‌ كرد، بۆیه‌ ده‌یانه‌وێت هه‌مان ئه‌نجامی وه‌رزی رابردوو به‌ده‌ستبهێنه‌وه‌.

سه‌ید سادق یه‌كه‌م یاریی له‌ خولی نایاب ئه‌نجام ده‌دات
سه‌یدسادق له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری چه‌مچه‌ماڵ ده‌كات، كێشه‌ی نه‌بوونی داهات و پاره‌ به‌رۆكی سه‌یدسادقی كردووه‌، بۆیه‌ به‌شێك له‌ یاریزانه‌ باشه‌كانی وه‌رزی رابردووی له‌ ده‌ستداوه‌، ته‌نانه‌ت دره‌نگیش خۆیان بۆ خوله‌كه‌ ئاماده‌ كردووه‌، له‌ ماوه‌ی مانگێك دا ره‌مزی ساڵح دوو جار ئه‌ركی یانه‌كه‌ی وه‌رگرت و جێیهێشت، بۆیه‌ له‌ قۆناغی ئاماده‌كاریدا به‌شێوه‌یه‌كی باش تیپه‌كه‌ ئاماده‌ نه‌كراوه‌، به‌ڵام یاریكردن بۆ هه‌ر تیپێك له‌به‌رده‌م هاندره‌ره‌ بێشووماره‌كه‌ی سه‌ید سادق زه‌حمه‌ته‌.
چه‌مچه‌ماڵ، به ‌راهێنه‌رایه‌تی ئه‌رسه‌لان جه‌لال تیپێكی به‌هێزیان بۆ خوله‌كه‌ ئاماده‌كردووه‌، چه‌ندین یاریزانی به‌هێزی بۆ پێكهاته‌كه‌ی گواستووه‌ته‌وه‌، له‌وانه‌ هاوكار سالاری به‌رگریكاری خاوه‌ن ئه‌زموون، چاویان له‌وه‌یه‌ ئاستێكی باش و ئه‌نجامێكی باش بۆ چه‌مچه‌ماڵییه‌كان تۆمار بكه‌ن.

دهۆك به‌ كۆمه‌ڵێ كێشه‌وه‌ پێشوازی له‌ هه‌ندرێن ده‌كات
دهۆك له‌ یاریگه‌ی خۆی پێشوازی له‌ هه‌ندرێنی ساز و ئاماده‌ ده‌كات، دهۆك به‌هۆی پێنه‌دانی مووچه‌ی یاریزانه‌كان چه‌ند رۆژێكه‌ بایكۆتی مه‌شق و راهێنانه‌كانیان كردووه‌، ئه‌م كێشه‌یه‌ ساڵانه‌ به‌رۆكی یانه‌ی دهۆك ده‌گرێت و تا ئێسته‌ چاره‌سه‌رێكی گونجا و ریشه‌ی بۆ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌.
یانه‌ی هه‌ندرێن یه‌كه‌م تیپ بوو ئه‌م وه‌رزه‌ خۆی بۆ خوله‌كانی كوردستان ئاماده‌كردبێت، وه‌رزی رابردووش به‌ هه‌ڵه‌یه‌كی بچووك ناسناوه‌كه‌یان له‌دستدا، ئێسته‌ له‌ جامی كوردستانیش له‌ قۆناغی شازده‌ن، بوونی كۆمه‌ڵێ یاریزانی لا و ئاست به‌رز، بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ ژێر سه‌ره‌په‌رشتی دڵشاد مه‌عروف هه‌وێنی ئه‌نجامه‌ باشه‌كانی تیپه‌كه‌ن.

شێروانه‌ میوانداریی نوێنه‌ره‌كه‌ی پیرمام ده‌كات
پاڵه‌وانی جامی سووپه‌ڕی كوردستان كه‌ یانه‌یه‌ شێروانه‌یه‌، له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداریی ئارارات ده‌كات، پێكهاته‌ی یانه‌ كه‌لارییه‌كه‌ پڕیه‌تی له‌ یاریزانی لاو، له‌گه‌ڵ چه‌ند یاریزانێكی به‌ ئه‌زموونی هاوشێوه‌ی محه‌مه‌د سابیر و محه‌مه‌د جه‌لال، به‌مۆ غه‌ریب، ئه‌و پاڵپشتیه‌ی ئێسته‌ بۆ تیپه‌ هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر زیاتر بكرێت و پاره‌یه‌كی باشتریان بۆ خه‌رج بكرێت ئه‌نجامی باشتر له‌وه‌ی ئێسته‌ تۆمار ده‌كه‌ن.
ئارارات، به‌ كۆمه‌ڵێ یاریزانی باش ئاماده‌كاری بۆ ئه‌م وه‌رزه‌ كردووه‌، له‌ پێناوی تۆماركردی ئه‌نجامێكی شایسته‌ به‌ ناو و شكۆی ئارارات. تیپه‌كه‌ له‌ جامی كوردستان كشایه‌وه‌، كه‌واته‌ روون و ئاشكرایه‌ چاویان له‌ویه‌ بۆی یه‌كه‌مجار ببنه‌ پاڵه‌وانی خولی نایابی كوردستان، ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌دی راهینه‌ر، پێشووتریش بۆ هه‌ولێر، ئاشكرای كردبوو، تاكه‌ خه‌ون و ئاواتی بردنه‌وه‌ی ناسناوی خولی نایابی كوردستانه‌ بۆ ئارارات.

 

بارزان ئەکرەم - هەولێر