ئەیلول 19, 2021

ئاماده‌كاری و پلانی درێژخایه‌نی باله‌ی كچانی ئه‌كاد ده‌خاته‌ڕوو

تیپی باله‌ی كچانی ئه‌كاد، به‌شیوه‌یه‌كی رێك و پێك و به‌رنامه ‌داڕێژراو، خه‌ریكی خۆئاماده‌كردنن، هه‌رچه‌ند كات و ساتی به‌ڕێوه‌چوونی خوله‌كانیش دیار نییه‌، به‌ڵام راهێنه‌ر و یاریزانه‌كا و ده‌سته‌ی كارگێڕی یانه‌كه‌ به‌ڵێنی ئه‌وه‌یان داوه‌، به‌شێوه‌یه‌كی باش ئاماده‌كاری بكه‌ن، تا ئه‌و خه‌ونه‌ی له‌ دوو ساڵی رابردوو له‌ یاریی كۆتایی له‌ده‌ستیاندا و بۆ ڕاستی بیهێنه‌دی، ئه‌م تیپه‌ یه‌كێك له‌ به‌هێزترین تیپی كچانی كوردستانن، له‌ زۆربه‌ی پاڵه‌وانێتییه‌كان ژماره‌یه‌كی قوورسی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ن، به‌هۆی ئه‌وه‌ی چه‌ند یاریزانێكی ئاست به‌رزی له‌سه‌ر ئاستی عێراق و كوردستان تێدایه‌، له‌وانه‌ شیوا بوڕهان و نۆرما مونیر، یه‌كێكن، له‌ باشترینه‌كانی سه‌ر ئاستی كوردستان و عێراق له‌ یاری باله‌، رۆژنامه‌ی هه‌ولێر له‌ نزیكه‌وه‌ ئاماده‌كاری و پلانی دریژخایه‌نی یانه‌كه‌ و خه‌ونی یاریزانه‌كان بۆ داهاتوو ده‌خاته‌ڕوو.

چۆن ئاماده‌كاری ده‌كه‌ن و پلانتان چییه‌؟
راهێنه‌ری تیپه‌كه‌ ره‌ندی مه‌تی، له‌سه‌ر ئاماده‌كاری و پلانی درێژخایه‌نی تیپه‌كه‌ بۆ هه‌ولێر وتی: ئێمه‌ ده‌مێكه‌ ده‌ستمان به‌ ئاماده‌كاری كردووه‌، به‌ بێ ئه‌وه‌ی كات و ساتی به‌ڕێوه‌چوونی خوله‌كانیش له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و عێراق بزانین، به‌ڵام ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت له‌هه‌ر كاتێك واده‌ی كردنه‌وه‌ی خولێك یا پاڵه‌وانێتییه‌ك دیاری بكرێت، ئێمه‌ وه‌ك تیپه‌كانی دیكه‌ نه‌بین و ئاماده‌بین، بۆیه‌ مه‌شق و راهێنان ده‌كه‌ین.
وتیشی: سیسته‌مێكمان داناوه‌، تا توانای جه‌سته‌ی یاریزانه‌كان هه‌فتانه‌ و مانگانه‌ هه‌ڵبسه‌نگێنین، له‌ رووی خێرای و كێش و بازدان و خۆهه‌ڵدان، هه‌ر یاریزانه‌یك له‌كام لایه‌ن كێشه‌ی هه‌بێت، ده‌بێت بۆ ماوه‌ی دیاریكراو چاره‌سه‌ری بكات، بۆ ئه‌وه‌ی توانا جه‌سته‌یه‌كه‌یان نه‌ك دابه‌زێت، به‌ڵكو به‌هێزتربێت و توانای یاریكردنی باشتربێت.
ره‌ندی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، كه‌ تیپێكی لاوانیان هه‌یه‌، رۆژانه‌ مه‌شق ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بۆ ساڵانی داهاتوو ئاماده‌بكرێن، یان هه‌ر پاڵه‌وانێتییه‌كی سه‌ر ئاستی لاوان هه‌بێت به‌شداری بكه‌ن، به‌ڵام به‌شێوه‌یكی گشتی، كێشه‌ی گه‌وره‌ی ئێمه‌ له‌ یاریكردن ئه‌وه‌یه‌، ساڵێك چاوه‌ڕێی پاڵه‌وانێتییه‌ك یا خولێك ده‌كه‌ین، كه‌چی به‌ هه‌فته‌یه‌ك كۆتایی دێت، خۆزگه‌، خولێكی درێژخایه‌نمان ده‌بوو، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك وڵاتانی پێشكه‌وتوو كێبڕكێمان بكردایه‌.

چ خه‌ونێكێت هه‌یه‌ تا به‌دیبهێنی؟
شیوا بورهان، یه‌كێك له‌ یاریزانه‌ به‌ ئه‌زموونه‌كانی یانه‌ی ئه‌كاد، كه‌ له‌ دایك بووی ساڵی 2000، ئاستێكی باش له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ی پێشكه‌ش ده‌كات، وه‌ك یاریزانی ژماره‌ یه‌كی كوردستان و عێراق سه‌یر ده‌كرێت، سه‌باره‌ت به‌ پرسی ئاواته‌كانی داهاتووی بۆ هه‌ولێر گوتی: من له‌ 2017 له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی بوومه‌ پاڵه‌وانی عێراق، به‌ڵام ده‌مه‌وێت هه‌مان ده‌ستكه‌وت له‌گه‌ڵ كچانی ئه‌كاد دووباره‌ بكه‌مه‌وه‌، كه‌ دوو ساڵه‌ له‌ یاریی كۆتایی به‌ ئاسانی له‌ده‌ستی ده‌ده‌ین.
شیوا وتیشی: ده‌مه‌وێت بۆ هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان و هه‌ڵبژارده‌ی عێراق بانگهێشت بكرێم، و یاریی له‌وێ بكه‌م، كه‌ ئه‌وه‌ خه‌ونی له‌مێژینه‌ی منه‌، بۆیه‌ هه‌موو هه‌وڵێكی خۆم ده‌ده‌م تا به‌و ئاواته‌م بگه‌م، ئه‌گه‌ر له‌ داهاتووش ده‌رفه‌تم هه‌بێت ده‌چمه‌ نێو جیهانی راهێنه‌رایه‌تی و به‌رده‌وام ده‌بم له‌ وه‌رزش كردن.

خه‌ونم بردنه‌وه‌ی نازناوی باله‌ی عێراقه‌ بۆ ئه‌كاد
میرنا نه‌جیب، ته‌مه‌نی 27 ساڵه‌، یاریزاێكی دیكه‌ی به‌ ئه‌زموونی باله‌ی كچانی ئه‌كاده‌، ئه‌و خه‌ونی خۆی بۆ هه‌ولێر ئاشكرا كردوو وتی: من ده‌مه‌وێت له‌ داهاتوو له‌گه‌ڵ تیپه‌كه‌م ببمه‌ پاڵه‌وانی عێراق، چونكه‌ دوو ساڵه‌ له‌ دواین ساته‌كان له‌ده‌ستی ده‌ده‌ین و خه‌ونه‌كه‌مان به‌با ده‌ڕوا، به‌ڵام به‌ڵێن و په‌یمانمانداوه‌، ده‌بێت به‌هه‌ر نرخێكبێت، ئه‌م خه‌ونه‌مان بهێنینه‌دی و جارێكیتر ببینه‌وه‌ پاڵه‌وانی خولی باله‌ی كچانی عێراق، كه‌ به‌ڕاستی ئاواتی گه‌وه‌ری وه‌رزشی من، له‌ ئێسته‌دا بردنه‌وه‌ی ئه‌و نازناوه‌یه‌ بۆ تیپه‌كه‌م، له‌ پێناویشدا ده‌جه‌نگین، ئه‌كاد، كه‌ وه‌ك ماڵی دووه‌می من و هاوڕێكانمه‌ و خۆشه‌ویستییه‌كی زۆر له‌نێوانماندا هه‌یه‌.

باوكم گه‌وره‌ترین پاڵپشتم بوو بۆ ئه‌وه‌ی ببمه‌ یاریزان
نۆرما مونیری ته‌مه‌ن 21 ساڵان، یاریزانێكی لێهاتووی تیپه‌كه‌یه‌، باسی ئه‌و هۆكاره‌ی كرد، كه‌ رێی بۆ خۆشكردووه‌ تا بێته‌ نێو جیهانی وه‌رزش، ئه‌و گوتی: پێشووتر بابم راهێنه‌ری باله‌ بووه‌، بۆیه‌ زۆر پاڵپشت و هاوكارم بوو، تا منیش ده‌ست به‌و یارییه‌ بكه‌م، زۆر سووپاسی ده‌كه‌م، كه‌ به‌رده‌وام پاڵپشتی ده‌كردم، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌رزش بكه‌م، ئه‌گه‌ر پێكان نه‌بووایه‌، ئه‌وا ئاستی باشترم له‌وه‌ی ئێسته‌ پێشكه‌ش ده‌كرد، به‌ڵام تووشی پێكانێكی سه‌خت له‌ ئه‌ژنۆم هاتم بۆیه‌ ماویه‌ك له‌ یاریكردن دابڕام، به‌ڵام ئێسته‌ به‌شێوه‌یه‌كی باش مه‌شق ده‌كه‌م تا خه‌ونه‌كانم بهێنمه‌دی، به‌ڵام كێشه‌ی ئێمه‌ دیاری نه‌كردنی ساتی به‌ڕێوه‌چوونی یارییه‌كان و پاڵه‌وانێتییه‌كانه‌.

كارگێڕی یانه‌كه‌ پاڵپپشتییه‌كی باشمان ده‌كات
ئاماندا ئه‌دوار، ته‌مه‌ن 24 ساڵ، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد، كه‌ ده‌سته‌ی كارگێڕی یانه‌كه‌ به‌ پێی ئه‌و توانایه‌ی هه‌یانه‌، پاڵپشتییه‌كی باشی تیپه‌كه‌یان ده‌كه‌ن و هه‌موو پێداویستیه‌كی رۆژانه‌یان له‌ كاتی مه‌شق كلادن دا، بۆ ئاماده‌ ده‌كه‌ن، بۆیه‌ خۆشه‌ویستییه‌كی زۆر له‌ نێوان یاریزانه‌كان و راهێنه‌ر و ده‌سته‌ی كارگێڕی دا هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش بووته‌ هه‌وێنی سه‌ركه‌وتنمان و به‌هێزی تیه‌پكه‌مان، په‌نا به‌خوا له‌داهاتوو ده‌بینه‌ پاڵه‌وانی كوردستان و عێراق، هه‌مان ده‌ستكه‌وتی 2013ـه‌م دووباره‌ده‌كه‌مه‌وه‌، كه‌ بوومه‌ پاڵه‌وانی عێراق

 

بارزان ئەکرەم - هەولێر

© 2017 Hawler