ئەیلول 19, 2021

ئامادەکارییەکانی یانەی سیروانی نوێ بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان دەخاتە ڕوو

یانەی سیروانی نوێ هاوشانی یانەکانی تری بەشدار لە یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان، دەستی بە ئامادەکارییەکان کردووە، یانەکە بەسەرکردایەتی ڕزگار عەلی ڕاهێنەر ماوەی دوو هەفتەیە، بە کۆمەڵێک گۆڕانکارییەوە دەستی بە مەشق و ڕاهێنانەکان کردووە، ئەم وەرزە سیروانی نوێ ئامانجی دروستکردنی پێكهاتەیەکی نوێ و مانەوەیە لە خولەکە.

کۆمەڵێک گۆڕانکاری کراوە
دەربارەی دروستکردنی پێکهاتەی ئەم وەرزەی یانەکە و ئامانج و گۆڕانکارییەکانی یانەی سیروانی نوێ بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان، بڕیار عەباس بەرپرسی ڕاگەیاندنی یانەکە لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی هەولێر قسەی کرد و گووتی: وەکو وەرزی ڕابردوو یانەکەمان دەستی کردووە بە پێکهێنانی پێکهاتەکە، ئەم وەرزە جیاوازتر لە وەرزی ڕابردوو، تیپەکە گۆڕانکاری زۆری تێدا کراوە، ماوەی دوو هەفتەیە بەسەرکردایەتی ڕزگار عەلی یانەکەمان دەستی کردووە بەمەشق و ڕاهێنانەکان و یەک یاری دۆستانەمان لەگەڵ یانەی قاسم ئەنجامداوە و هەردوو یانە بە گۆڵێك یەکسان بوون.
کۆمەڵێک یاریزان کە یاریان بۆ سیروانی نوێ دەکرد، ڕیزی تیپەکەیان جێهێشتووە، جگە لە هێنانی چەند یاریزانێکی یانەکانی تر، ستافی ڕاهێنانی یانەکەمان ئەم وەرزە پێنج یاریزانی تیپی لاوانیان بۆ ڕیزی تیپی یەکەم سەرخستووە، کە بریتین لە مەحەمەد عوسمان، خۆگر کامەران، ڕەوا عەباس، بێرون عەبدوڵڵا، ڕەهێڵ بەختیار.
ئاماژەی بەوەیشدا کە ئامانجی سیروانی نوێ بۆ ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان دروستکردنی پێکهاتەیەکی بەهێزە بۆ ساڵانی داهاتوو، هەروەها مانەوەی خۆی لە خولەکە مسۆگەر بکات و دانەبەزێت بۆ ڕیزی پلە یەک.

چوار یاریزان لە تیپەکە نەماون
لەبەشێکی تردا بەرپرسی ڕاگەیاندنی یانەی سیروانی نوێ باسی بارودۆخی دارایی یانەکەی کرد و لەو بارەیەوە گووتی: دۆخی دارایی یانەکەمان مامناوەندە، هەروەها هێنانی یاریزانانیش بۆ ڕیزی تیپەکە لەسەر داوای ستافی ڕاهێنەران بووە.
گووتیشی چەند یاریزانێک لە یانەکانی تر هاتونەتە ڕیزی سیروانی نوێ و بۆ ئەم وەرزە یاری بۆ یانەکەیان دەکەن، هاوکات چەند یاریزانێکی ئاست بەرز کە وەرزی ڕابردوو جێگەیان دیار بوو، لە ئەنجامە باشەکانی سیروانی نوێ، لەڕیزی یانەکە نەماون، کە ئەوانیش بریتین لە بەهادین بەکر، بابان عەلی، هەمزە عەباس، سۆران عەبدوڵڵا، ئاماژەی بە ئەوەیشدا بە مەبەستی ئامادەکاری زیاتر بۆ وەرزی نوێ یانەکە کەمپێکی مەشق و ڕاهێنان لە ناوخۆی کوردستان دەکاتەوە و چەند یارییەکی دۆستانەیش ئەنجام دەدات
یانەی سیروانی نوێ چەند وەرزێکە بەگڕوتینێکی زۆرەوە بەشداری خولی نایابی کوردستان دەکات و ئامانجی ئەوەیە بۆ یەکمجار لەمێژووی یانەکەدا ببێتە پاڵەوانی خولەکە، وەرزی ڕابردوو یانەکە تا دواین گەڕەکان ڕکەبەری بەدەستهێنانی خولەکەی کرد و دواجار لە پلەی چوارەمی ڕیزبەندی یانەکان هات.
یانەکە دوو جار لە مێژووی خۆیدا بۆتە پاڵەوانی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان.

 

هێمن ئەسکەندەر - هەولێر

© 2017 Hawler