ئەیلول 19, 2021

له‌ یه‌كه‌م ساڵی چوونی نێیماردا، پی ئێس جی 400 ملیۆن یۆرۆی ده‌ست كه‌وتووه‌

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

له‌ یه‌كه‌م ساڵی چوونی نێیماردا، پی ئێس جی 400 ملیۆن یۆرۆی ده‌ست كه‌وت
یانه‌ی پاریس سان جێرمان، سوودێكی گه‌وره‌ی له‌ بۆندی نێیمار كردووه‌ و بۆندكردن له‌گه‌ڵ ئه‌ودا، وه‌كوو وه‌به‌رهێنانێكی ماوه‌درێژ ده‌بینێت.
رۆژنامه‌ی ئیلمۆندی ئیسپانی، ورده‌كاریی ته‌واوی بۆندی نێیماری بڵاو كرده‌وه‌، كه‌ له‌ هاوینی 2017ـدا چووه‌ یانه‌ی پاریس سان جێرمانی فه‌ره‌نسی.
مێدیاكه‌ بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌و یاریزانه‌ له‌و كاته‌وه‌ی بۆندی له‌گه‌ڵ یانه‌ فه‌ره‌نسییه‌كه‌دا واژۆ كردووه‌، نزیكه‌ی نیو ملیار یۆرۆی له‌ یانه‌كه‌ی وه‌رگرتووه‌‌.
پاریس، بۆندی نێیماری وه‌كوو وه‌به‌رهێنانێك ده‌بینێ، كه‌ له‌ سووده‌كه‌ی پاره‌ی بۆنده‌كه‌ی نێیمار ده‌دا.
به‌ پێی ڕاپۆرتی رۆژنامه‌ی ماركای ئیسپانی، نێیمار ته‌نیا له‌ یه‌كه‌م وه‌رزیدا، سوودی 400 ملیۆن یۆرۆی به‌ یانه‌ی پاریس سان جێرمان گه‌یاندووه‌.
ئه‌و سووده‌ش، له‌ هه‌موو ڕێككه‌وتنه‌ بازرگانییه‌كانه‌وه‌ ده‌ست خراوه‌، كاریگه‌رییه‌كه‌شی چوونی نێیمار بوو بۆ پاریس، كه‌ له‌ جیهاندا ده‌نگدانه‌وه‌ی زۆری هه‌بوو.
ته‌نانه‌ت ناسر خلێفی له‌ رۆژی پێشكه‌شكردنی نێیماردا، گوتی: بڕه‌پاره‌یه‌كی زیاترمان له‌ نێیمار ده‌ست كه‌وتووه‌، وه‌ك له‌وه‌ی له‌ وه‌به‌رهێنان ده‌ستمان ده‌كه‌وت.
ته‌نیا دوو كاتژمێر دوای بۆندی نێیمار، له‌ بازاڕی تایبه‌ت به‌ پاریس سان جێرماندا به‌ به‌های نیو ملیۆن یۆرۆ درێسی ئه‌و یاریزانه‌ فرۆشرا.
چوونی نێیمار، له‌ ڕووی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیشه‌وه‌ سوودی بۆ پاریس هه‌بوو، بۆ نموونه‌ دوای چوونی نێیمار، تویته‌ری یانه‌كه‌ له‌ نۆ ملیۆن فۆلۆوه‌رزه‌وه‌ بووه‌ 40 ملیۆن فۆلۆوه‌رز. هاوكات دوای یه‌كه‌م وه‌رزی نێیمار، هانده‌رانی پاریس سان جێرمان به‌ ڕێژه‌ی 2.5% زیادیان كرد.
به‌شێكی چاودێران، پێیان وایه‌ چوونی مێسی بۆ پاریس، بێ ئه‌وه‌ی نێیمار له‌وێ بووایه‌، مه‌حاڵ ده‌بوو، به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌هۆی هاوڕێیه‌تی نێوانیانه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكوو به‌هۆی ئه‌وه‌یه‌، كه‌ پاریس له‌و كاته‌وه‌ی نێیماری بردووه‌ته‌ ریزه‌كانی، كه‌ ئێسته‌ وه‌به‌رهێنانی یانه‌كه‌ 1.1 ملیار یۆرۆیه‌.

به‌رشلۆنه‌ شوێنگره‌وه‌ بۆ ئه‌لبا ده‌دۆزێته‌وه‌
راپۆرتی ڕۆژنامه‌یه‌كی ئیسپانی، دووپاتی كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ هێشتا ده‌یه‌وێ به‌رگریی چه‌پی به‌هێز بكا، هاوكاتی ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی جۆردی ئه‌لبا گه‌یشتووه‌ته‌ 32 ساڵان.
دوێنێ سێشه‌ممه‌ 7/9/2021، رۆژنامه‌ی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی بڵاوی كرده‌وه‌، كه‌ خۆسیه‌ لویس جایا، یاریزانی یانه‌ی ڤاڵێنسیا، ئامانجی یانه‌ی به‌رشلۆنه‌یه‌ و یانه‌كه‌ چاودێری ده‌كا، تا ببێته‌ شوێنگره‌وه‌ی جۆردی ئه‌لبا، كه‌ ته‌مه‌نی هه‌ڵكشاوه‌.
مێدیاكه‌ روونی كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌و یاریزانه‌ 26 ساڵانه‌، یه‌كێكه‌ له‌ باشترین یاریزانانی ئه‌ورووپا له‌ به‌رگریی چه‌پ، چی له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ی و چی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا، كه‌ یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوو به‌ شێوه‌ی سه‌ره‌كیی به‌شداریی ریزه‌كانی ماتادۆری كرد و گۆڵی یه‌كه‌می به‌رانبه‌ر جۆرجیا تۆمار كرد.
بۆندی ئه‌و یاریزانه‌ تا ساڵی 2023ـیه‌ و تا ئێسته‌ بۆنده‌كه‌ی نوێ نه‌كردووه‌ته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ یانه‌كه‌ی زۆر هه‌وڵی داوه‌ بۆ نوێكردنه‌وه‌ی، یانه‌ی شه‌مشه‌مه‌كوێره‌كان ئه‌وه‌ ده‌زانێ له‌ باری به‌رده‌وامبوونی ئه‌و یاریزانه‌ له‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی بۆنده‌كه‌ی تا هاوینی دادێ، بیخاته‌ بازاڕی فرۆشتنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سوودی لێ وه‌ربگرێ، نه‌ك بۆ وه‌رزی دواتر به‌بێ به‌رانبه‌ر ریزه‌كانیان جێ بهێڵێ.
ڕاپۆرته‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ پیته‌ر لیم، خاوه‌نی یانه‌ی ڤاڵێنسیا، كێشه‌ی له‌گه‌ڵ فرۆشتنی یاریزاناندا نییه‌، ئه‌گه‌ر بۆندی باش و به‌هاداریان بۆ بێ.
بۆ بیرهێنانه‌وه‌، یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ دوای رۆییشتنی جۆنیۆر فێربۆ بۆ یانه‌ی لیدزی ئینگلیزی، كه‌ به‌ شوێنگره‌وه‌ی ئه‌لبا داده‌نرا، ئێسته‌ یانه‌كه‌ هیچ شوێنگره‌وه‌یه‌كی بۆ ئه‌و به‌رگریكاره‌ 32 ساڵانه‌ی نییه‌، جگه‌ له‌ یاریزانی لاو ئه‌لیخاندرۆ بادلی و له‌ كاتی پێویستدا راهێنه‌ر پشت به‌ سێرجینۆ ده‌به‌ستێ.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler