ئەم پەڕەیە چاپ بکە

دوای 12 ســـاڵ.. جارێكی دیكه‌ كریستیانۆ رۆناڵدۆ گه‌ڕایه‌وه‌ ئۆڵدترافۆرد

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

دوای 12 ساڵ..
جارێكی دیكه‌ كریستیانۆ رۆناڵدۆ گه‌ڕایه‌وه‌ ئۆڵدترافۆرد
دوای ئەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە شاری لیسبۆن لە پۆرتوگاڵ پشکنینە پزیشکییەکانی بۆ کرا، لە دوایین کاتژمێرەکانی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان کریستیانۆ رۆناڵدۆ واژۆی لەسەر گرێبەستەکەی کرد، دوای ١٢ ساڵ جارێکی دیکە دۆن درێسی مانچێستەر یونایتد دەپۆشێت.
مانچێستەر یونایتد و یۆڤێنتۆس لە تویتەر بەفەرمی گرێبەستەکەیان راگەیاندووە، کە رۆناڵدۆ بۆ ماوەی دوو ساڵ بەرامبەر ١٥ ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە ریزەکانی شەیتانە سوورەکان دەکات، بەگوێرەی دەستکەوتەکانیشی لە مان یونایتد ٨ ملیۆن یۆرۆی دیکە دێتە سەر نرخی گرێبەستەکەی، بەگوێرەی بەندێکی گرێبەستەکەی رۆناڵدۆی ٣٦ ساڵان دەتوانێت بۆ ساڵی سێیەم گرێبەستەکەی لە مان یونایتد درێژ بکاتەوە.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ کە ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگاڵ راهێنان دەکات لە لێدوانێکی بۆ ماڵپەڕی فەرمی یانەکەی دەڵێت: مانچێستەر یونایتد ئەو یانەیە کە هەمیشە شوێنی تایبەتی لە دڵی مندا هەیە، هەموو ئەو پەیامانەی کە لە رۆژی هەینییەوە لەکاتی راگەیاندنی گرێبەستەکەوە بۆم نێردراون دڵخۆشیان کردووم، ناتوانم چاوەڕوانبم بۆ ئەوەی لە ئۆڵدترافۆرد یاریی بکەم و جارێکی دیکە لەبەردەم هاندەران بم، دوای یارییە نێودەوڵەتییەکان پەیوەندی بە یانەکەوە دەکەم و هیوادارم وەرزێکی زۆر نایابمان هەبێت'.
لەوەتەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ مانچێستەر یونایتدی بەجێهێشتووە یانە ئینگلیزییەکە تەنیا شەش نازناوی بەدەستهێناوە کەچی لەو ماوەیە کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ ریال مەدرید و یۆڤێنتۆس ١٦ نازناوی بەرزکردووەتەوە، رۆناڵدۆی ٣٦ ساڵان دەیەوێت جارێکی دیکە مان یونایتد بگەڕێنێتەوە لوتکە کە رۆژی ١١ ئەیلول کریس بەرامبەر نیوکاسڵ یونایتد یەکەم یاریی بە درێسی مان یونایتد ئەنجام بدات.

ریال مه‌درید له‌ دوارۆژدا ئامانجێكی پێكا
ریال مەدرید دەیەوێت لە دوارۆژی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان بە گواستنەوەی ئیدواردۆ کاماڤینگا قەرەبووی نەگواستنەوەی کیلیان مباپێ بکاتەوە.
بەپێی کەناڵ پڵەسی فەرەنسی ریال مەدرید لەگەڵ یانەی رێنی فەرەنسی گەیشتووەتە رێککەوتن بۆ گواستنەوەی ئیدواردۆ کاماڤینکای فەرەنسی بۆ ریزەکانی و تەنیا راگەیاندنی فەرمی ماوە.
کاماڤینکا پشکنینیە پزیشکییەکانی بۆ کراوە و نرخی گرێبەستەکەش دەگاتە 30 ملیۆن یۆرۆ، ئەم یاریزانە هەرچەندە تەمەنی 18 ساڵە بەڵام 88 یاریی بە درێسی رێن کردووە و دوو گۆڵ و پێنج ئەسیستی تۆمار کردووە، لەگەڵ هەڵبژاردەی یەکەمی فەرەنساش بەشداری سێ یاریی کردوووە و گۆڵێکی تۆمار کردووە.

ویلیان گرێبه‌سته‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌
ویلیانی ناوه‌راستكاری به‌رازیلی گرێبەستەکەی لەگەڵ ئارسێناڵ هەڵوەشاندەوە و پەیوەندی بە یانەی کۆرەنتیانزی بەڕازیلی دەکات.
یانەی ئارسێناڵ بە فەرمی رایگەیاند بە رەزامەندی هەردوولا گرێبەستەکەیان لەگەڵ ویلیانی بەرازیلی هەڵوەشاندەوە کە ئەم یاریزانە لە ساڵی 2023 گرێبەستەکەی کۆتایی دەهات.ویلیانی 33 ساڵان لە ساڵی رابردوو لە یانەی چێڵسیەوە پەیوەندی بە ئارسێناڵ کرد و لە وەرزی رابردوو 37 یاریی بە درێسی تۆپهاوێژەکان کرد، ویلیان بڕیاریداوە بگەڕێتەوە بەرازیل و یاریی بۆ یانەی کۆرەنتیانزەوە بکات.

بەڕازیل ئامادەکاریی بۆ رووبەڕووبوونەوەی چیلی دەکات
هه‌ڵبژارده‌ی بەڕازیل وەکو هەڵبژاردەکانی دیکە دەستی بە ئامادەکاری کردووە و بڕیارە رۆژی پێنجشەممە لە سانتیاگۆ دەبێتە میوانی هەڵبژاردەی چیللی، دواتر دەگەڕێتەوە ساوپاولۆ و رۆژی یەکشەممە رووبەڕووی ئارجێنتینا دەبێتەوە، لە نۆی مانگی داهاتووش کۆتایی بە یارییە نێودەوڵەتیەکان دەهێنێت کاتێک رووبەڕووی پیرۆ دەبێتەوە.
بەڕازیل پێشەنگی پاڵاوتنەکانی کیشوەرەکەی گرتووە و لە هەر شەش یاریدا بردنەوەی بەدەستهێناوە و بە جیاوازی شەش خاڵ لەپێش ئارجێنتینای دووەم دەبینرێت.

 

ئەسعەد ئیسماعیل - هەولێر