ئەم پەڕەیە چاپ بکە

وێنه‌یی.. ڕكه‌به‌رییه‌كانی ئۆلیمپیادی 2020ـی تۆكیۆ

یارییه‌كانی ئۆلیمپیادی تۆكیۆی 2020، كه‌ به‌ هۆی كۆرۆناوه‌ ساڵی ڕابردوو دواخرا، له‌ 23ـی ته‌مووزی 2021ـه‌وه‌ ده‌ستی پێ كردووه‌ و 8ـی ئابی 2021ـیش كۆتایی پێ دێ.

تا ئێسته‌ وڵاتی چین سه‌رقافڵه‌ و پێشه‌نگی وڵاتانی دیكه‌ی له‌ رووی بردنه‌وه‌ی زۆرترین میدالیاوه‌ گرتووه‌، به‌ جۆرێك 68 میدالیای جۆراوجۆر بردووه‌ته‌وه‌، له‌ داوی ئه‌ویش ئه‌مریكا دێ به‌ هه‌مان ژماره‌ی مدالیا، به‌ڵام له‌ میدالیای زێڕدا چین له‌ پێشتر، خانه‌ی سێیه‌میش بۆ ژاپۆنه‌ به‌ 36 میدالیا و ئوستڕالیاش به‌ 33 میدالیا له‌ خانه‌ی چواره‌مه‌. هه‌رچی په‌یوه‌سته‌ به‌ وڵاتی عێراقیشه‌وه‌، خاوه‌نی هیچ میدالیایه‌ك نییه‌.

ڕیزبه‌ندیی میدالیای چوار وڵاتی ڕیزی پێشه‌وه‌ تا كاتژمێر 02:00ـی پاشنیوه‌ڕۆی 3/8/2021
1- چین 68 میدالیا (زێڕ 32، زیو 20، بڕۆنز 16)
2- ئه‌مریكا 68 میدیالیا (زێڕ 22، زیو 27، بڕۆنز 19)
3- ژاپۆن: 36 میدالیا (زێڕ 19، زیو 6، بڕۆنز 11)
4- ئوستڕالیا 33 میدالیا: (زێڕ14، زیو 4، بڕۆنز 15).
5- عێراقیش له‌ هیچ یارییه‌كدا تا ئێسته‌ میدالیای نه‌بردووه‌ته‌وه‌.

گرانیی زێڕ پێكهاته‌ی زێڕی ئۆلیمپیادی گۆڕی
به‌هۆی گرانبوونی نرخی زێڕ و قه‌یرانی دارایی جیهانییه‌وه‌، كه‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی بوو، پێكهاته‌ی میدالیای زێری ئۆلیمپیاد گۆڕا، به‌ جۆرێك ئه‌و میدالیایه‌ كه‌ كێشه‌كه‌ی 500 گرامه‌، ته‌نێ 6 گرامی زێڕ و 494 گرامه‌كه‌ی دیكه‌ی زیوه‌، به‌هاكه‌شی بۆ 815 دۆلار دابه‌زیوه‌، له‌ كاتێكدا پێشتر به‌ها و نرخی هه‌ر میدالیایه‌كی زێر 30 هه‌زار دۆلار بوو.
له‌ ئۆلیمپیاددا 812 میدالیای زێر به‌ وه‌رزشوانانی براوه‌ی یه‌كه‌م ده‌درێ، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ته‌واوی پێكهاته‌كه‌ی زێڕ بێ، بڕێكی زۆر ده‌كه‌وێ و له‌توانای لیژنه‌ی ئۆلیمپیدا ده‌رده‌چێ.
میدالیای زیو وه‌كوو خۆی هه‌ر 500 گرامه‌كه‌ی زیو ده‌بێ و تێچووی هه‌ر دانه‌یه‌كیشی 445 دۆلاره‌، میدالیای بڕۆنزیش كه‌ 500 گرامه‌، 95%ـی مسه‌ و 5%ـیش مادده‌ی كانزایی دیكه‌یه‌، تێچووه‌كه‌ی كه‌متر له‌ 5 دۆلاره‌.

ڕووداوێكی سه‌یری ئۆلیمپیاد
جۆلیوس سیكیتولیكۆ، پاڵه‌وانی به‌رزكردنه‌وه‌ی قورسایی هه‌ڵبژارده‌ی ئۆگه‌ندا، كه‌‌ بۆ به‌شداریكردن له‌ ئۆڵمپیكی تۆكیۆ چووه‌ ژاپۆن، خۆی له‌ شاندی وڵاته‌كه‌ی دزییه‌وه‌ و ڕای كرد.
ئه‌و كه‌ خاوه‌نی میدالیای زێر بوو له‌سه‌ر ئاستی كیشوه‌ری ئه‌فریقا، له‌ كاتێكدا بۆ به‌شداریكردن له‌ ئۆلیمپیادی تۆكیۆ گه‌یشتووه‌ته‌ ژاپۆن، شاندی هه‌ڵبژارده‌كه‌ی له‌ هۆتێل جێهێشتووه‌ و نامه‌یه‌كی له‌ دوای خۆی بۆ هاوڕێیه‌كانی جێهێشتووه‌ و نووسیویه‌تی: "ناگه‌ڕێمه‌وه‌ وڵاته‌كه‌م، ده‌مه‌وێت لێره‌ له‌ تۆكیۆ كارێك بۆ خۆم بدۆزمه‌وه‌، ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی منیش با هه‌مووی بۆ هاوژینه‌كه‌م بێت".
پۆلیسی ژاپۆن به‌پشتبه‌ستن به‌ كامیرای چاودێریی جۆلیۆسیان له‌ ناوچه‌ی یوكایتشی دۆزییه‌وه‌ كه‌ 170 كیلۆمه‌تر له‌ شاندی وڵاته‌كه‌ی دووركه‌وتبووه‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ باڵیۆزخانه‌ی ئۆگه‌ندا له‌ وڵاتی ژاپۆن له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند كه‌ پێویسته‌ به‌ زووترین كات جۆلیوس ده‌ستگیر بكرێت و ڕه‌وانه‌ی ئۆگه‌ندا بكرێته‌وه‌.

كوردێك میدالیای زێڕی ئۆلیمپیادی برده‌وه‌
لە یاریی نیشانشکێنی بە دەمانچە لە دووری 10 مەتر جەواد فروغی وەرزشوانی کوردی رۆژهەڵاتی کورستان و شاری ئیلام، توانی زۆرترین خاڵ کۆ بکاتەوە و پلەی یەکەمی ئەم پێشبڕکێیەی بەدەستهێنا، کە سێیەمین مێدالیای ئۆلمپیکی تۆکیۆ و یەکەمینی ئێرانە، وەرزشوانە کوردەکە توانی 244.8 خاڵی کۆبکاتەوە و ریکۆردی لە ئۆڵمپیاد تۆمار کرد و بووه‌ خاوه‌نی میدالیای زێڕ.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر