ئەیلول 19, 2021

هاری كین یاخی بوو و له‌ مه‌شقه‌كانی تۆتنهام داده‌بڕێ

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

دی یۆنگ: من باشترین یاریزانی یانه‌ی به‌رشلۆنه‌م
دی یۆنگ، یاریزانی هۆڵه‌ندی، ڕای گه‌یاند، كه‌ به‌داوی یاریزانێكدا ده‌گه‌ڕێ له‌ یانه‌كه‌ی له‌و باشتر بێ.
دوێنێ دووشه‌ممه‌ 2/8/2021، فرینكی دی یۆنگ، یاریزانی هۆڵه‌ندیی یانه‌ی به‌رشلۆنه‌، ڕای گه‌یاند كه‌ له‌ نێو یانه‌كه‌یدا ده‌گه‌ڕێ یاریزانێك له‌و باشتر بێ و نییه‌، خۆی باشترین یاریزانه‌، به‌ڵام له‌ تۆپی پێی راسته‌قینه‌دا نا، له‌ ڤیدیۆگه‌یم (یاریی ڤیدیۆ)ـدا.
دی یۆنگ دووپاتی ده‌كاته‌وه‌، كه‌ باشترین یاریزانی پله‌ی سته‌یشنه‌ له‌ یانه‌كه‌دا و هیچ كام له‌ یاریزانانی دیكه‌ی یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ ناتوانن شان له‌ شانی بده‌ن.
یاریی نێوان دی یۆنگ و هاوكاری سێرجینۆ له‌ ئینستاگرامه‌وه‌ به‌ شێوه‌ی ڵایڤ گواسترایه‌وه‌ و خه‌ڵك و هه‌وادارێكی زۆری تۆپی پێ ته‌ماشایان كرد.
له‌و یارییه‌دا فرینكی به‌ ئه‌نجامی 5-1 یارییه‌كه‌ برده‌وه‌ و دوای یارییه‌كه‌ش وتی ده‌مه‌وێ كه‌سێك ببینمه‌وه‌ له‌ یانه‌كه‌ماندا بتوانێ لێم بباته‌وه‌.
وتیشی: له‌گه‌ڵ سێرجیۆ ڕۆبێرتۆش یاریم كردووه‌ پێش چه‌ند ساڵێك و لێیم برده‌وه‌.

ریاڵ مه‌درید له‌ دوو ساڵدا قازانجێكی زۆری كردووه‌
سه‌ره‌ڕای دۆخی خراپی دارایی یانه‌ گه‌وره‌كانی تۆپی پێ، به‌ڵام یانه‌ی ریاڵ مه‌درید له‌ ماوه‌ی گواستنه‌وه‌ی یاریزاناندا قازانجی كردووه‌.
دوێنێ دووشه‌ممه‌ 2/8/2021، مێدیاكان بڵاویان كرده‌وه‌، یانه‌ی ریاڵ مه‌درید به‌ هۆی فرۆشتنی ئه‌ستێره‌كانیه‌وه‌ قازانجی زۆری كردووه‌، به‌ تایبه‌ت یاریزان رافائێل ڤاران، كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ یانه‌ی مانچسته‌ر یونایتده‌وه‌ كرد.
یانه‌ی ریاڵ مه‌درید و مانچسته‌ر یونایتد له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی ڤاران بۆ ئینگلته‌را ڕێك كه‌وتوون و مێدیاكان ئاشكرایان كردووه‌، كه‌ قازانجی ریاڵ مه‌درید له‌ بۆندی ڤاراندا 50 ملیۆن یۆرۆیه‌.
ڤاران سێیه‌م یاریزانی یانه‌ی ریاڵ مه‌دریده‌ كه‌ ئه‌م هاوینه‌ ریزه‌كانیان جێ ده‌هێڵێ، پێشتریش هه‌ریه‌ك له‌ یاریزانان سێرجیۆ رامۆس و ئیبراهیم دیاز ریزه‌كانی شایانه‌یان جێ هێشتبوو، كه‌ یه‌كه‌میان له‌ بۆندێكی بێ به‌رانبه‌ردا چووبووه‌ پاریس سان جێرمان و دووه‌میان به‌ شێوه‌ی خواستن چووه‌ یانه‌ی ئه‌ی سی میلانی ئیتاڵی.
له‌م دوو ساڵه‌ی دواییدا، یانه‌ی ریاڵ مه‌درید هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كی نه‌به‌خشیوه‌ بۆ كڕینی یاریزانی نوی، ته‌نیا یاریزانی نه‌مسایی ده‌یڤید ئه‌لابای به‌ بۆندێكی بێ به‌رانبه‌ر ده‌ست خست، دوای ته‌واوبوونی ماوه‌ی بۆنده‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یانه‌ی بایرن میونشن.
مێركاتۆی 2019 دوا مێركاتۆ بوو، كه‌ یانه‌ی ریاڵ مه‌ردید پاره‌ی بۆ بۆندی نوێ ته‌رخان كرد، به‌ڵام له‌م دوو ساڵه‌دا به‌ هۆی كێشه‌ و قه‌یرانی داراییه‌وه‌، كه‌ هۆكاره‌كه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا بوو، یانه‌كه‌ هیچ یاریزانێكی تازه‌ی به‌ پاره‌ ده‌ست نه‌خستووه‌.
ریاڵ مه‌درید تا ێسته‌ 153.5 ملیۆن یۆرۆ له‌ دوا دوو ساڵی ماوه‌ی گواستنه‌وه‌ی یاریزاناندا ده‌ست خستووه‌، ئه‌مه‌ش به‌ هۆی ده‌ستبه‌رداربوونی له‌ 20 یاریزان به‌ یه‌كجار.
ئه‌و یانه‌یه‌ هه‌ر 20 یاریزانه‌كه‌ی به‌ ته‌واوی نه‌فرۆشتووه‌، به‌ڵكوو به‌شێكیانی به‌ شێوه‌ی خواستن داوه‌ به‌ یانه‌كانی دیكه‌، هه‌روه‌ها سوودی له‌ هه‌ندێكیان وه‌رنه‌گرت، به‌و هۆیه‌ی دوای ته‌واوبوونی بۆنده‌كانیان ریزه‌كانی شایانه‌یان جێ هێشت و به‌ بۆندی بێ به‌رانبه‌ر چووه‌ ریزی یانه‌ی دیكه‌وه‌، یه‌كێك له‌وانه‌ یاریزانی كۆلۆمبی جیمس ڕۆدڕیگز، كه‌ ساڵی ڕابردوو به‌ره‌و یانه‌ی ئێڤه‌رتۆنی ئینگلیزی هه‌نگاوی نا، بۆیه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌یر و چاوه‌ڕێنه‌كراو، بێ هیچ بڕه‌پاره‌یه‌ك ده‌ستبه‌رداری بوو.
یانه‌ی ریاڵ مه‌درید سوودی له‌ سیاسه‌تی زگهه‌ڵگوشین (ته‌قه‌شوف) وه‌رگرتووه‌ و له‌ دوو ساڵی رابردوودا په‌یڕه‌وی كردووه‌، ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ سوودێكی زۆری ده‌ست بكه‌وێ، به‌ تایبه‌ت له‌ فرۆشتن و به‌خواستندانی یاریزاناندا.
ئه‌شره‌ف حه‌كیمی، یاریزانی مه‌غریبی، گرانترین بۆندی هاوینی ڕابردووی یانه‌ی ریاڵ مه‌درید بوو، به‌ جۆرێك به‌رانبه‌ر 41 ملیۆن یۆرۆ فرۆشتییه‌ یانه‌ی ئینته‌ر میلانی ئیتاڵی، كه‌ دواجار یانه‌كه‌ توانیی ناسناوی خولی تۆپی پێی ئیتاڵیا بباته‌وه‌ و یانه‌ی یوڤێنتوس له‌و ناسناوه‌ بێبه‌ش بكا، كه‌ ساڵانێك بوو ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتبوو و مۆنۆپۆڵی كردبوو.
له‌م ماوه‌یه‌ی گواستنه‌وه‌ی ئێسته‌شدا، ڤاران گرانترین بۆندی یانه‌ی ریاڵ مه‌درید بووه‌ و ڕیزی چواره‌می گرانترین بۆندی ئه‌و یاریزانانه‌ی گرتووه‌، كه‌ ریزه‌كانی یانه‌ی شایانه‌یان جێ هێشتووه‌، ئه‌ویش له‌ داوی كریستیانۆ ڕۆناڵدۆی پورتوگالی، ئه‌لڤارۆ مۆراتای ئیسپانی و ئه‌نخێل دی ماریای ئه‌رژه‌نتینی.

یوڤێنتوس یاریزانێكی چێڵسی له‌ بری لۆكاتێلی ده‌كاته‌ ئامانج
یانه‌ی یوڤێنتوسی ئیتاڵی، هه‌وڵێكی نوێ ده‌دا، بۆ ده‌ستخستنی یاریزانی یانه‌ی ساسۆلۆ مانوێل لۆكاتێلی و ده‌یه‌وێ له‌ ماوه‌ی گواستنه‌وه‌ی هاوینه‌دا بیباته‌ ریزه‌كانیه‌وه‌، له‌ باری سه‌رنه‌كه‌وتنیدا له‌و كاره‌، په‌نا بۆ یاریزانێكی یانه‌ی چێڵسی ده‌با.
دوێنێ دووشه‌ممه‌ 2/8/2021، مێدیاكانی ئیتاڵیا بڵاویان كرده‌وه‌، كه‌ یانه‌ی یوڤێنتوس هه‌وڵێكی تر بۆ ده‌ستخستنی لۆكاتێلی ده‌دا، له‌و ڕووه‌وه‌ رۆژنامه‌ی لاگازێتتا دێللۆ سپۆرتی ئیتاڵیا، باسی ئه‌وه‌ی كردووه‌، كه‌ دوێنێ فیدریۆك چیرۆبینی، به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌رزشیی یانه‌ی خانمه‌ پیره‌كه‌، پلانی ئه‌وه‌ی داناوه‌ جارێكی تر په‌یوه‌ندیی به‌ كارنیڤاڵی، سه‌رۆكی یانه‌ی ساسۆلۆوه‌ بكا، بۆ ئه‌وه‌ی بیهێنێته‌ بڕوا تا به‌و خستنه‌ڕووی یانه‌ی یوڤی رازی بێ و ده‌ستبه‌رداری لۆكاتێلی بێ.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، كه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌، یوڤی نایه‌وێ گۆڕانكاریی له‌و ئۆفه‌ره‌دا بكا كه‌ پێشكه‌شی ساسۆلۆی كردووه‌ و ده‌یه‌وێ به‌و ئۆفه‌ره‌ رازی بن و ده‌ستبه‌رداری بن.
سه‌رنج خراوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش، كه‌ كارگێڕیی یانه‌ی خانمه‌ پیره‌كه‌، پلانی جێگره‌وه‌شی داناوه‌ له‌ باری سه‌رنه‌كه‌وتن له‌و بۆنده‌، به‌ جۆرێك تیمۆی باكایاكۆی یاریزانی ناوه‌ڕاستی چێڵسی بكاته‌ ئامانج، كه‌ شوێنی له‌ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كیی یانه‌كه‌یدا نابێته‌وه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ژێر سه‌رپه‌رشتیی راهێنه‌ری ئه‌ڵمانی تۆماس تۆخێلدا.

هاری كین یاخی بوو و له‌ مه‌شقه‌كانی تۆتنهام داده‌بڕێ
له‌ واده‌ی ده‌ستپێكردنی مه‌شقه‌كانی ئاماده‌كاریدا بۆ وه‌رزی نوێی تۆپی پێ، یاریزان هاری كین په‌یوه‌ندیی به‌ یانه‌كه‌ی (تۆتنهام)ـه‌وه‌ ناكا.
دوێنێ دووشه‌ممه‌ 2/8/2021، مێدیاكان بڵاویان كرده‌وه‌، كه‌ هاری كین، یاریزانی یانه‌ی تۆتنهام، په‌یوه‌ندیی به‌ مه‌شق و ئاماده‌كارییه‌كانی یانه‌كه‌یه‌وه‌ نا و هه‌ندێ راپۆرتی مێدیایی، ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردووه‌ ئه‌و یاریزانه‌ له‌م ماوه‌یه‌ی هاوینه‌دا ده‌چێته‌ یانه‌ی مانچسته‌ر سیتی، چونكه‌ له‌وه‌ بێهیوا بووه‌ یانه‌كه‌ی بتوانێ ناسناو و پاڵه‌وانیه‌تییه‌كان به‌ده‌ست بهێنێ، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ كارگێڕیی یانه‌كه‌شی ئاگه‌دار كردووه‌ته‌وه‌.
سكای سپۆرتی ئینگلیزی بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ هاری كین دوێنێ دووشه‌ممه‌ ئاماده‌ی مه‌شقه‌كانی یانه‌كه‌ی نه‌بوو، كه‌ دوای پشووی هاوینه‌ ده‌ستی پێ كردووه‌ته‌وه‌.
لای خۆیه‌وه‌ فابریزۆ رۆمانۆ، رۆژنامه‌نووسی تۆڕی سكای سپۆرت، باسی ئه‌وه‌ی كردووه‌، به‌ پێی زانیارییه‌كانی، ئاماده‌نه‌بوونی هاری كین، به‌ هۆكاری تایبه‌تی و كه‌سییه‌وه‌یه‌ و په‌یوه‌ندیی به‌ پشكنینی ڤایرۆسی كۆرناوه‌ نییه‌.
پێشتر مێدیای تێلیگراف باسی له‌وه‌ كردبوو، كه‌ هاری كین سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بچێته‌ یانه‌ی مانچسته‌ر سیتی، پاڵه‌وانی وه‌رزی رابردووی پرێمه‌ر لیگ.
هه‌روه‌ها مێدیای فوتبۆڵ له‌نده‌ن، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، نائاماده‌بوونی كین و یاخیبوونی، تۆتنهام هان نادا بۆ فرۆشتنی، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ یانه‌كه‌ سه‌ختگیرتر ده‌كه‌ن و ناچنه‌ ژێر باری داواكه‌یه‌وه‌.
سام لی، په‌یامنێری زه‌ ئه‌تله‌تیك، روونی كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ مان سیتی متمانه‌ی به‌ تواناكانی هه‌یه‌ بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی بۆندی كین له‌م ماوه‌یه‌ی هاوینه‌دا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی تۆتنهام ره‌تی كردووه‌ته‌وه‌ ده‌ستبه‌رداری كاپتنه‌كه‌ی بێ.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler