ئاب 04, 2021

هه‌ولێر سبه‌ی ده‌یه‌وێت له‌ خولی نایابی عێراق گرێكوێره‌كه‌ی بكاته‌وه‌

رۆژی چوارشه‌مه‌ له‌ گه‌ڕی 37 یارییه‌كانی خولی نایابی عێراقی هه‌ولێر میوانداریی سناعات كاره‌با ده‌بێته‌وه‌، یارییه‌كه‌ش كاتژمێر (7:30) له‌ یاریگه‌ی یه‌كه‌می فره‌نسۆ هه‌ریری به‌ڕێوه‌ده‌چێت، بۆ هه‌ولێرییه‌كان ئاشتكردنه‌وه‌ی دڵی هانده‌رانه‌، به‌ڵام بۆ سناعات كاره‌با جه‌نگی مان و نه‌مانه‌ تا له‌ خوله‌كه‌ بمێنێته‌وه‌.

ته‌ها قادری راهێنه‌ر گه‌ڕی رابردوو یه‌كه‌م شكستی له‌سه‌ر ده‌ستی نه‌فتی به‌سڕه‌ له خوله‌كه‌ وه‌ك راهێنه‌ر تووش هات، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت جێی ده‌ستی خۆی له‌ خوله‌كه‌ بنه‌خشێنێت و بردنه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ و سێیه‌م بردنه‌وه‌ بۆ یانه‌كه‌ی به‌ده‌ستبهێنێت، به‌ڵام بۆ ئه‌م یارییه‌ له‌تواناكانی شێركۆ كه‌ریم، سانتۆسی به‌رازیلی بێ به‌ش ده‌بێت به‌هۆی كه‌ڵه‌كه‌بوونی كارته‌ زه‌رده‌كانه‌وه‌، به‌ڵام تواناكانی هه‌ردی سیامه‌ند و شوان مامۆی بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ته‌های راهێنه‌ر ده‌یه‌وێت ئه‌م دوو یارییه‌ی ماوه‌ ده‌رفه‌تی زیاتر به‌ یاریزانه‌ لاوه‌كان بدات، تا بۆ وه‌رزی داهاوو ئاماده‌یان بكات.
هه‌ولێر له‌ دوای 36 یاریی رابردووی خوله‌كه‌ 9 بردنه‌وه‌ و 14 یه‌كسان و 13 دۆڕانی هه‌یه‌، 37 گۆڵی كردووه‌ و 38 گۆڵی لێ كراوه‌، 41 خاڵی له‌ هه‌گبه‌دایه‌ و خانه‌ی دوازده‌یه‌می ریزبه‌ندییه‌كه‌ی گرتووه‌، شێركۆ كه‌ریمی هێرشبه‌ریشی به‌ 9 گۆڵ گۆڵكه‌ری یانه‌ی هه‌ولێره‌.
سناعات كاره‌با، له‌ كۆی 36 یاریی 7 بردنه‌وه‌ و 15 یه‌كسان و 14 دۆڕانی هه‌یه‌، 26 گۆڵی كردووه‌ و 37 گۆڵی لێ كراوه‌، به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 36 خاڵ له‌ خانه‌ی حه‌ڤده‌یه‌می ریزبه‌ندییه‌كه‌ دێت و هه‌ڕه‌شه‌ی دابه‌زینی له‌سه‌ره‌.
له‌كۆی چوار یاریی رابردووی نێوان هه‌ولێر و سناعات كاره‌با، درێس زه‌رده‌كانی هه‌ولێر هیچ یارییه‌كیان نه‌بردووته‌وه‌، سناعات كاره‌باش 3 یاریی بردووه‌ته‌وه‌ و یه‌ك یاریش یه‌كسان بوونه‌
قوه‌ی جه‌وییه‌، به‌كۆكردنه‌وه‌ی 80 خاڵ پله‌ی یه‌كه‌می خوله‌كه‌ی گرتووه‌ و بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه‌ی بۆخۆی یه‌كلا كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌یمه‌ن حوسێنی هێرشبه‌ریشی به‌ 20 گۆڵ گۆڵكه‌ری خوله‌كه‌یه‌، یانه‌ی سه‌ماوه‌ش تاكه‌ یانه‌یه‌ به‌فه‌رمی بۆ ریزی پله‌ یه‌كه‌كان دابه‌زیوه‌.

 

بارزان ئەکرەم - هەولێر

© 2017 Hawler