ئاب 04, 2021

مارتینیز: به‌ هۆی مێسییه‌وه‌ ناكۆكیم له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌م هه‌یه‌

ئیمیلیانۆ مارتینیز، گۆڵپارێزی ئه‌رژه‌نتین، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كا، به‌ هۆی لیۆنێل مێسییه‌وه‌، ناكۆكیی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌یدا هه‌یه‌.
مارتینیز، له‌ لێدوانێكدا، كه‌ له‌ هه‌ژماری فه‌رمیی ئه‌رژه‌نتین له‌ تویته‌ر بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، نووسیویه‌تی: ده‌مه‌وێ له‌گه‌ڵ ماڵباته‌كه‌م، چێژ له‌ بردنه‌وه‌ی ئه‌م ناسناوه‌ ببینم.
وتیشی: به‌ زۆر قۆناغدا تێپه‌ڕیوم، كه‌سانێكیش متمانه‌یان پێم نییه‌، به‌ڵام بردنه‌وه‌ی ئه‌م ناسناوه‌ وا ده‌كا له‌ مێژوودا به‌ نه‌مری بمێنینه‌وه‌، خه‌ونه‌كه‌مان به‌ دی هێنا.
ئه‌و گۆڵپارێزه‌ی ئه‌ستۆن ڤێللا وتیشی: ئه‌م په‌تایه‌ (كۆرۆنا)، وای له‌ هه‌موو ئه‌رژه‌نتینییه‌كان كرد، له‌ بارێكی خراپ و ناڵیندا بن، ئێمه‌ ئه‌م ناسناوه‌مان له‌ پێناو ئه‌واندا به‌ ده‌ست هێنا.
وتیشی: پێش چه‌ند مانگێك وتمان ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ باشترین یاریزانی جیهان ئه‌و ناسناوه‌ بباته‌وه‌، به‌ هاوسه‌ره‌كه‌م وت ئه‌مه‌ خه‌ونی منه‌، به‌ڵام لێم تووڕه‌ بوو، هێشتاش ناتوانم دیدار له‌گه‌ڵ كچه‌كه‌م بكه‌م.
وتیشی: هیچ وشه‌یه‌ك نییه‌ بۆ باسكردن و هێنانه‌زمانی ئه‌م ساتانه‌، ئه‌مه‌ خه‌ونی ئه‌و كاتانه‌ بوو كه‌ منداڵ بووم، ئه‌و كاته‌ی ته‌مه‌نم 17 ساڵان بوو چوومه‌ ئارسناڵ و بۆ ژیانێكی باشتری ماڵباته‌كه‌م ده‌گه‌ڕام، دوای كۆششێكی زۆر، گه‌یشتمه‌ ئه‌م ساته‌ی ده‌مویست پێی بگه‌م.
بۆ زانین و بیرهێنانه‌وه‌، ئه‌رژه‌نتینییه‌كان ساڵانێكه‌ به‌ ده‌ست مۆته‌كه‌ی نه‌بردنه‌وه‌ی ناسناوی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ گیرۆده‌ بووبوون، به‌ تایبه‌ت كه‌ له‌ سه‌روه‌ختێكدان باشترین یاریزانی جیهان له‌ ریزه‌كانیندا بووه‌، ئه‌ویش لیۆنێل مێسی، مێسی تاكه‌ ره‌خنه‌ی به‌رده‌وام ئاراسته‌ی ده‌كرا، ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌رژه‌نتیندا بێناسناو بوو، له‌ كاتێكدا له‌ ئاستی یانه‌ و تاكیش، هه‌موو ناسناوێكی بردووه‌ته‌وه‌ و خاوه‌ن شه‌ش تۆپی زێڕینه‌.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler