ئاب 04, 2021

یانەی سلێمانی بۆ جاری پازدەیەم بووە پاڵەوانی خولی نایابی تۆپی سەرمێزی یانەکانی عێڕاق

هێمن ئەسکەندەر - هەولێر

 

بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لەشاری هەولێر و لە هۆڵی یانەی ئەکاد یارییەکانی خولی یانە نایابەکانی عێڕاق لە یاری تۆپی سەرمێز لە هەردوو ئاستی کچان و کوڕان ئەنجامدرا، خولەکە بەبەشداری ١٤ یانەی کوڕان و ٩ یانەی کچان بەڕێوەچوو، یانەی سلێمانی لەسەر

ئاستی کوڕان و گازی باشور لە ئاستی کچان بوونە پاڵەوانی خولەکە لە مانگی ئابی ئەمساڵیش هەردوو یانە لە وڵاتی ئوردن بەشداری پاڵەوانیەتی یانەکانی عەرەبی دەکەن.

پلانی داهاتوویان چیە؟
دەربارەی یارییەکانی ئەم وەرزەی خولەکە و پلان و بەرنامەی فیدراسیۆنی تۆپی سەرمێزی عێڕاق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ڕۆژنامەی هەولێر (هەردە ڕەوف) سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی سەرمێزی عێڕاق بەمجۆرە قسەی کرد و گووتی: ئەمە خولی نایابی عێڕاقە بۆ ئاستی کوڕان و کچان کە ١٤ یانەی ئاستی کوڕان و ٩ یانەی ئاستی کچان بەشدارییان کردووە، پاڵەوانی هەردوو ئاستەکە لە مانگی ئابی ئەمساڵ لە وڵاتی ئوردن بەشداری پاڵەوانیەتی یانەکانی عەرەبی دەکەن.
باسی ئەوەیشی کرد پلانی ئەوەیان هەیە دوای ئەم خولە، خولی ئاستی تەمەنە جیاوازەکان ئەنجام بدەن، بۆ ئەم مەبەستە عێڕاقیان بۆ ٤ ناوچە دابەشکردووە، لەهەموو ناوچەکان لە قۆناغی یەکەم یارییەکانی ئەنجام دەدەن و دواتر یارییە کۆتاییەکان لەیەکێک لەشارەکان ئەنجام دەدەن، گووتیشی هەمان شێوازی خولیش بۆ یانەکانی پلەیەک ئەنجام دەدەن، هێمای بۆ ئەوەیش کرد لەبەر ئەوەی شارەکانی هەرێمی کوردستان هەموو پێداویستیەکانی خولەکانی تێدایە، بۆیە بەردەوام خولەکان لەشارەکانی کوردستان ئەنجام دەدەن.

بۆ جاری پازدەیەم سلێمانی بووە پاڵەوان
هەردەم یانەی سلێمانی لە پلەکانی پێشەوەی خولی تۆپی سەرمێزی عێڕاق بووە، تا ئێستەیش زۆرترین جار بۆتە پاڵەوانی خولەکە کە ١٥ جارە، لە خولی ئەمجارەدا هەریەک لە یاریزانان (عومەر ئەیاد، حوسێن عومەر، مەحەمەد زیاد، کۆچەر فواد) نوێنەرایەتی یانەی سلێمانیان کرد بوونە پاڵەوانی خولەکە و لەسەرجەم یارییەکان براوە بوون، ئەنجامی سەرجەم یارییەکانی سلێمانیش بەمشێوەیەی خوارەوە بوو:
سلێمانی - ئەکاد / ٣-٠
سلێمانی - گازی باشوور/ ٣-٠
سلێمانی - نەوتی باکوور / ٣-٠
سلێمانی - سناعە / ٣-٠
سلێمانی - برایەتی / ٣-٠
سلێمانی - پێشمەرگەی سلێمانی / ٣-١
ڕیزبەندی کۆتای یانەکان لە ئاستی کوڕان بەمشێوەیەی خوارەوە بوو:
١- یانەی سلێمانی
٢- یانەی جەیش
٣- یانەی پێشمەرگەی سلێمانی
٤- یانەی نەوتی باکوور
٥- یانەی برایەتی
ڕیزبەندی کۆتای یانەکان لە ئاستی کچان بەمشێوەیەی خوارەوە بوو:
١- یانەی گازی باشوور
٢- یانەی پێشمەرگەی سلێمانی
٣- یانەی سناعە٤- یانەی ئاشتی

© 2017 Hawler