ئاب 04, 2021

گەڕی پێنجەمی خولی نایابی لاوانی کوردستان بەڕێوە چوو، لاوانی هەندرێن خانەی یەکەمی گرت

بە ئەنجامدانی پێنج یاری، گەڕی پێنجەمی خولی نایابی لاوانی کوردستان بەڕێوەچوون، لاوانی یانەکانی هەندرێن و سیروانی نوێ لەم گەڕەدا سەرکەوتنی گرنگیان بەدەستهێنان و سوود مەندترین یانەکانی ئەم گەڕە بوون، سێ یاری دیکەیش بە یەکسان بوون کۆتاییان پێهات، بەهۆی ئەوەی کە ژمارەی یانەکان لە وەرزی ڕابردوو کەمترە و یارییەکان بە یەک قۆناغ بەڕێوەدەچن، ڕکەبەری نێوان یانەکان بۆ بەدەستهێنانی خولەکە زۆر بەهێزە، ڕۆژنامەی هەولێر خشتەی یارییەکان ڕیزبەندی یانەکان دەخاتە ڕوو.

هەندرێن و سیروانی نوێ براوە بوون
لە یارییەکانی گەڕی پێنجەمی خولەکەدا لاوانی یانەکانی هەندرێن و سیروانی نوێ سوود مەندترین یانەکانی ئەم گەڕە بوون، لاوانی هەندرێن لەسەر یاریگەی خۆی میوانداری لاوانی کۆیەی کرد و بە پێنج گۆڵی بێ بەرانبەر یارییەکەی لێبردەوە، بەمەیش هەندرێن بە ١١ خاڵ هاتە پێشەنگی یانەکان.
لاوانی سیروانی نوێش دوای بردنەوەی لەلاوانی یانەی سیروانی شارەزوور چەند هەنگاوێک هاتە پێش و هاتە خانەی سێەمی خولەکە، سێ یارییەکەی دیکەی ئەم گەڕە بەبەرانبەر بوون کۆتاییان هات، لاوانی یانەکانی برایەتی و پێشمەرگەی هەولێر لەلایەک و یاری نێوان لاوانی پێشمەرگەی سلێمانی و دهۆک لەلایەکی تر بەبێ گۆڵ کۆتایی هات و لەیارییەکی بەهێزیشدا لاوانی یانەکانی شێروانە و نەورۆز بە گۆڵێک یەکسان بوون.

خشتەی یارییەکانی گەڕی شەشەم بەم شێوەیە دەبن:
بەهۆکاری تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ، بڕیار وایە یارییەکان تا سەرەتای مانگی داهاتوو بوەستن و یارییەکانی گەڕی شەشەم بەمشێوەیە دەسپێدەکەنەوە
لاوانی پێشمەرگەی هەولێر - لاوانی شێروانە / یاریگەی پێشمەرگەی هەولێر
لاوانی نەورۆز - لاوانی برایەتی / یاریگەی نەورۆز
لاوانی کۆیە - لاوانی سیروانی هەڵەبجە / یاریگەی کۆیە
لاوانی دهۆک - لاوانی سیروانی نوێ / یاریگەی دهۆک
لاوانی هەندرێن - لاوانی پێشمەرگەی سلێمانی/ یاریگەی هەندرێن
ڕیزبەندی سەرجەم یانەکان تا ئێستە بەمشێوەیەیە:
دوای تەواو بوونی یارییەکانی گەڕی پێنجەم ڕیزبەندی یانەکانی بەمشێوەیەی خوارەوەیە:
١-لاوانی هەندرێن ١١ خاڵ
٢- لاوانی پێشمەرگەی هەولێر ١٠ خاڵ
٣- لاوانی سیروانی نوێ ١٠ خاڵ
٤- لاوانی شێروانە ٩ خاڵ
٥- لاوانی پێشمەرگەی سلێمانی ٩ خاڵ
٦- لاوانی نەورۆز ٨ خاڵ
٧- لاوانی دهۆک ٧ خاڵ
٨-لاوانی کۆیە ٣ خاڵ
٩- لاوانی برایەتی ١ خاڵ
١٠- لاوانی سیروانی هەڵەبجە ٠ خاڵ
خولی نایابی لاوانی کوردستان بەبەشداری ١٠ یانە و بەشێوازی خول بەیەک قۆناغ بەڕێوەدەچێت و کام یانە زۆرترین خاڵ کۆبکاتەوە دەبێتە پاڵەوانی خولەکە، ٢ یانەیش دادەبەزن بۆ ڕیزی یانە پلە یەکەکان بۆ ئاستی لاوان.

 

هێمن ئەسکەندەر - هەولێر

© 2017 Hawler