ئاب 04, 2021

هه‌ولێر له‌ یارییه‌كی زه‌حمه‌تدا ده‌بێته‌ میوانی ته‌ڵه‌به

له‌ چوارچێوه‌ی یارییه‌كانی گه‌ڕی 32 خولی یانه‌ نایابه‌كانی عێراقی، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌مه‌، له‌ شاری به‌غدا، هه‌ولێر ده‌بێته‌ میوانی یانه‌ی ته‌ڵه‌به‌، یارییه‌كه‌ش كاتژمێر(9:30) ئێواره‌ له‌ یاریگه‌ی گه‌ل به‌ڕێوه‌ده‌چێت، هه‌ولێر چاوی له‌ بردنه‌وه‌یه‌ تا هه‌نگاوێكی دیكه‌ مانه‌وه‌ له‌ خوله‌كه‌ مسۆگه‌ر بكات.

زه‌ردپۆشه‌كانی قه‌ڵا، دووه‌م گه‌ڕه‌ له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی راهێنه‌ر ته‌ها قادر یاریی ده‌كه‌ن، كه‌ له‌ یاریی یه‌كه‌م له‌ یاریگه‌ی خۆی به‌ (2-1) گۆڵ له‌ یانه‌ی نه‌فتی برده‌وه‌، ماوه‌ی مانگێكه‌ یارییه‌كانی خولی نایابی عێراقی به‌هۆی پاڵاوتنه‌كانی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق وه‌ستاوه‌، له‌و ماوه‌شدا هه‌ولێر ئاماده‌كارییه‌كی باشی كردووه‌، تا بۆ ئه‌و حه‌وت گه‌ڕه‌ی ماوه‌ ئه‌نجامی باش به‌ده‌ستبهێنێت.
ته‌ها قادری راهێنه‌ر پشت به‌خاڵه‌ به‌هێزه‌كانی تیپه‌كه‌ی ده‌به‌ستێ له‌وانه‌ سانتۆسی به‌رازیلی له‌ ناوه‌ڕاست و شوان مامۆ و بارزان شێرزاد و شافیۆی هێرشبه‌ری پیشه‌گه‌ری و شێركۆ كه‌ریمی هێرشبه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی عێراق، له‌ دڵی به‌رگریش چاوی له‌ پچڕانه‌كانی هه‌ردی سیامه‌ند و نیاز محه‌مه‌ده‌، له‌ قۆناغی چوونی یارییه‌كان هه‌ولێر له‌ یاریگه‌ی خۆی به‌ (5-0) له‌ ته‌ڵه‌به‌ی برده‌وه‌.
پاسه‌وانانی قه‌ڵای زه‌رد له‌ كۆی 31 یاریی رابردوو، 8 بردنه‌وه‌ و 11 یه‌كسان و 12 دۆڕانیان هه‌یه‌، 34 گۆڵیان كردووه‌ و 35 گۆڵیان لێكراوه‌، خاوه‌نی 35 خاڵن و له‌ خانه‌ی سێزده‌یه‌می ریزبه‌ندییه‌كه‌ دێن، گۆڵكه‌ری تیپه‌كه‌ش شێركۆ كه‌ریمه‌ به‌ 9 گۆڵ.
ته‌ڵه‌به‌، ئه‌م وه‌رزه‌ كیشه‌ی زۆری هه‌بووه‌، له‌ ڕووی كارگێرییه‌وه‌ گۆڕانكاری له‌ پۆسته‌ كارگێڕییه‌كان كران و سه‌رۆكی یانه‌كه‌ ناچار به‌ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ كرا، به‌هۆی ئه‌نجامه‌ خراپه‌كانیشی هه‌ڕه‌شه‌ی دابه‌زینی له‌سه‌ره‌، بۆیه‌ جه‌نگی مانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ولێر ده‌كات، به‌شێوه‌یه‌كی باشتر له‌ قۆناغی یه‌كه‌م خۆیان ئاماده‌كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی مانه‌وه‌ له‌ خوله‌كه‌ مسۆگه‌ر بكه‌ن، وه‌كاع ره‌مه‌زان به‌ 6 گۆڵ گۆڵكه‌ری تیپه‌كه‌یه‌.
ته‌ڵه‌به‌، له‌ كۆی 31 یاریی رابردووی 6 بردنه‌وه‌ و 11 یه‌كسان و 14 دۆڕانیان هه‌یه‌، 28 گۆڵیان كردووه‌، 40 گۆڵیان لێكراوه‌، به‌ 29 خاڵ له‌ خانه‌ی 17 ـیه‌م دێن.
له‌ كۆی 10 یاریی رابردووی نێوان هه‌ولێر و ته‌ڵه‌به‌، زه‌ردپۆشه‌كانی پایته‌خت 5 بردنه‌وه‌یان هه‌یه‌ و ته‌ڵه‌به‌كانی به‌غداش یه‌ك بردنه‌وه‌یان هه‌یه‌، له‌ 4 یارییش یه‌كسان بوونه‌.
یانه‌ی قوه‌ی جه‌ویه‌، به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 66 خاڵ له‌ 30 یاریی دا، پله‌ی یه‌كه‌می ریزبه‌ندییه‌كه‌ی گرتووه‌، ئه‌یمه‌ن حوسێنی هێرشبه‌ری جه‌وییه‌ به‌ 17 گۆڵ گۆڵكه‌ری خوله‌كه‌یه‌، یانه‌كانی حدود و سه‌ماوه‌ش له‌ خانه‌كانی نۆزدیه‌م و بیسته‌م دێن.
یانه‌ی جه‌ویه‌ به‌ 20 بردنه‌وه‌ خاوه‌نی زۆرترین بردنه‌وه‌یه‌ له‌ خوله‌كه‌ تا ئێسته‌، یانه‌ی سه‌ماوه‌ش به‌ 16 دۆڕان خاوه‌نی زۆرترین دۆڕانه‌، یانه‌ی حدودیش به‌ 17 یه‌كسان خاوه‌ن زۆرترین یه‌كسان بوونه‌، سه‌ماوه‌ 44 گۆڵی لیكراوه‌، كه‌ زۆرترینه‌، قوه‌ی جه‌ویه‌ش به‌ 39 گۆڵ زۆرترین گۆڵی هه‌یه‌.

 

بارزان ئەکرەم - هەولێر

© 2017 Hawler