ئاب 04, 2021

دیارترین كاردانه‌وه‌كانی یۆرۆی 2020

راهێنه‌ری كرواتیا ره‌خنه‌ له‌ یاریزانه‌كانی ده‌گرێت
دوای یه‌كسانبوونه‌وه‌ی نێوان كرواتیا و چیك له‌ یۆرۆی 2020، زڵاتکۆ دالیچ راهێنەری کڕواتیا رەخنە لە یاریزانەکانی دەگرێت و دەڵێت بەپێی پلانەکانیان کاریان نەکردووە، لوکا مۆدریچی ناوەراستکاری کرواتیش دووپاتیدەکاتەوە، ئەگەر بەمشێوەیە یاریی بکەن ناتوانن بەردەوام بن.

مۆدریچ باسی بێهیوابوون ده‌كات
دوای یارییه‌كه‌یان به‌رامبه‌ر چیك، لوكا مۆدریچ كاپتنی هه‌ڵبژارده‌ی كرواتیا گوتی: ئەگەر بەمشێوەیە یاریی بکەین ناتوانین بەردەوام بین لە یۆرۆ، ئێمە بەهیوابووین بردنەوە بەدەست بهێنین، بەڵام ئەوە دوو یارییە نابەینەوە، لە نیوەی یەکەمی یارییەکە باش نەبووین، کاردانەوەشمان لە نیوەی دووەم وەکو پێویست نەبوو، لە دوا یاریدا پێویستە ببەینەوە، دەزانین هاندەرانیش دلخۆش نین و پێویستە قەرەبوویان بکەینەوە.

راهێنه‌ری كرواتیا توڕه‌یه‌
زلاتکۆ دالیچ راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی كرواتیا پێیوایه‌ ئه‌نحامه‌كه‌یان به‌رامبه‌ر چیك دادپه‌روه‌رانه‌ نه‌بوون، ده‌شڵێت: یەکسان بوون بە گۆڵێک ئەنجامێکی دادپەروەرانەبوو، ئاستی هەڵبژاردەکەمان زۆر لاواز بوو بەتایبەت لە نیوەی یەکەم، هەندێک یاریزانمان زۆر رایانکرد و وزەیان خەرج کرد بەبێ ئەوەی پێویست بێت، ئەوە پلانی ئێمە نەبوو، پێموایە کە پێرسیچ چووە لای چەپ کەمێک باشتر بووین، بەڵام وەکو پێویست کارمان نەکرد تا یارییەکە ببەینەوە.

راهێنه‌ری ئینگلاند بێزاربووه‌
گاریس ساوزگەیت بێزاری خۆی بەرامبەر یه‌كسانبوونه‌كه‌ی ئینگڵاند به‌رامبه‌ر سكۆتلاندا دەردەبڕێت و دەڵێت: پێویست بوو چالاکتر بین و ئەم یارییە ببەیەوە، راهێنەری سکۆتلەنداش دەڵیت بە باشی یاریمان کرد و لە یاریی رابردووش بە نادادپەروەرانە رەخنەیان لێگیرا.
گاریس ساوزگەیت راهێنەری ئینگڵاند گوتیشی: ئێمە لەم یارییە پێویست بوو زیاتر بجوڵێین، لەم قۆناغە پێویست بوو ئەم یارییە ببەینەوە، وەکو پێویست کارمان نەکرد، شەوێکی ناخۆش و بێزارکەرە، هەندێکجاریش ئەوەی گرنگە نەدۆرێی ئەگەر نەتوانی سەرکەوتن تۆمار بکەی. له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌ ستیڤ کلارک راهێنەری سکۆتلەندا ده‌ڵێت: بە باشی یاریمان کرد، پێموایە ئێمە رۆژی دووشەممە دوای یارییەکەی بەرامبەر چیک بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە رەخنەمان لێگیرا، من دەزانم تیپەکەمان کۆمەڵێک یاریزانی باشی هەیە و ئەمشەویش خۆیان سەلماند و بەباشی هەڵسوکەوتمان دەکرد کاتێک ئینگڵاند کۆنترۆڵی تۆپی دەکرد، چەند دەرفەتێکیشمان بۆ گۆڵکردن رەخساند،

بارسێلۆنا له‌گه‌ڵ دیپای گه‌یشته‌ رێككه‌وتن
له‌ گه‌رمه‌ی یارییه‌كانی یۆرۆی 2020، بارسێلۆنا چوارەمین گرێبەستی ئەم هاوینەی یه‌كلایی كردووه‌ته‌وه‌ و لە چەند کاتژمێری داهاتوو گرێبەستی مەمفێس دێپای هۆڵەندی رادەگەیەنێت كه‌ ئێستا ئه‌و یاریزانه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی وڵاته‌كه‌ی سه‌ركه‌وتنی بۆ قۆناخی 16ـی یۆرۆی 2020 مسۆگه‌ر كردووه‌.
فابریزیۆ رۆمانۆی په‌یامنێری سكای سپۆرتس ئاشكرای كردووه‌ كه‌ بارسێلۆنا لەگەڵ دێپای گەیشتە رێککەوتن و گرێبەستەکەی یەکلایی کردووەتەوە و لە چەند کاتژمێری داهاتوو بە فەرمی رادەگەیەنرێت، گرێبەستەکەشی بۆ ماوەی دوو وەرز دەبێت.
سەرچاوەکە هێمای بۆ ئەوە کردووە گرێبەستی دێپای دەبێتە چوارەمین گرێبەستی ئەم هاوینەی بارسێلۆنا دوای ئەوەی هەر یەکە لە سێرخیۆ ئاگوێرۆ و ئێریک گارسیا و ئێمێرسۆنی گواستەوە ریزەکانی.
مێمفیس دیپای ته‌مه‌ن 27 ساڵ، پێشتر له‌ یانه‌ی ئایندهۆڤن زیاتر گه‌شایه‌وه‌ و پێگه‌یشت، پاشان له‌ 2015 ئه‌م یانه‌یه‌ی جێهێشت و به‌ گرێبه‌ستێكی 34 ملیۆن یۆرۆ روویكرده‌ مانچێسته‌ر یونایتد، دوای دوو ساڵ ریزه‌كانی شه‌یتانه‌ سووره‌كانی جێهێشت و به‌ گرێبه‌ستێكی 16 ملیۆن یۆرۆ له‌ هاوینی 2017 په‌یوه‌ندی به‌ یانه‌ی ئۆڵمپیك لیۆن كرد، له‌م وه‌رزه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م یانه‌یه‌ له‌ كۆی 40 یاری، 22 گۆڵ و 12 ئاسیستی كرد.

 

ئەسعەد ئیسماعیل - هەولێر

© 2017 Hawler