حوزەیران 22, 2021

ڕێکخراوی یاریزانانی تێنسی کوردستان گەورەترین پاڵەوانیەتی لە هەولێر کردەوە

بەبەشداری ٥٨ تێنسزان لەسەر ئاستی هەموو شارەکانی عێڕاق، ڕێکخراوی یاریزانانی تێنسی کوردستان، بە سپۆنسەری هەر یەک لە گەراجی شیمالی هەولێر و تاقیگەی فارابی پزیشکی، پاڵەوانیەتیەکی ئاستە جیاوازەکانی لە هەولێر کردەوە، پاڵەوانیەتیەکە بۆ ماوەی ٤ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، بە پێی گوتەی بەرپرسانی ئەو ڕێکخراوە، ٣ ساڵ دەبێت پاڵەوانیەتی بەو شێوە گەورەیە لە کوردستان و عێڕاق نەکراوەتەوە.

ژمارەیەکی زۆر یاریزان بەشدارن
دەربارەی کردنەوەی پاڵەوانیەتیەکەیش لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی هەولێر (ناسر عەبدولڕەزاق) سەرۆکی ڕێکخراوی یاریزانانی تێنسی کوردستان، گووتی: بەبەشداری ٥٨ تێنسزان کە لە شارەکانی کوردستان و عێڕاقن پاڵەوانیەتیەکی ئاستە جیاوازەکانی تێنسمان کردۆتەوە، کە بریتین لە ئاستی خوار ٨ ساڵان، خوار ١٠ ساڵان، خوار ١٢ ساڵان، ١٣،١٤، ١٥،١٦ ساڵان، پاڵەوانیەتیەکە ماوەی ٤ ڕۆژ بەردەوام دەبێت و یارییەکانی لە یاریگەکانی پاڕکی پێشمەرگەو یەکیەتی تێنسی هەولێر بەڕێوەدەچن، ئاماژەی بەوەیش کرد کە ئەو پاڵەوانیەتیە بە سپۆنسەری هەریەک لە گەراجی شیمالی هەولێر و تاقیگەی فارابی پزیشکی بەڕێوەدەچێت، کە خەرجی پاڵەوانیەتیەکەیان لە ئەستۆ گرتووە، گووتیشی ماوەی ٣ ساڵ دەبێت لە کوردستان و عێڕاق پاڵەوانیەتی ئاوا گەورە نەکراوەتەوە کە هەموو تەمەنەکانی تێدا بێت.

پلانی داهاتووی ڕێکخراوەکەیان چییە؟
دوای تەواو بوونی قۆناغەکانی پاڵەوانیەتیەکە لەسەر ئاستی هەموو تەمەنەکان یاری کۆتایی بۆ ئاستەکان ئەنجام دەدرێت و خەڵات و دیاری بەسەر یاریزانە سەرکەوتووەکان دابەش دەکرێت، ناسڕ عەبدولڕەزاق سەرۆکی ڕێکخراوی یاریزانانی تێنسی کوردستان، باسی ئەوەیشی کرد کە بڕیار وایە لە مانگی داهاتوو پاڵەوانیەتیەکی گەورەتر لە هەولێر بکەنەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ فیدراسیۆنی تێنسی عێڕاق، پاڵەوانیەتیەکە بۆ ئاستی یاریزانانی پێشکەوتوان و دێرینەکان دەبێت، ئاستی پێشکەوتوان یارییەکانی تاکی دەبن، دێرینەکانیش یاری جوتی دەبن، گووتیشی لەگەڵ یەکێک لە کۆمپانیاکان ڕێکەوتوون کە ببن بە سپۆنسەری پاڵەوانیەتیەکە، یەکەمەکانی پاڵەوانیەتیەکەیش خەڵاتی دارایی شایستە وەردەگرن، پێشبینی دەکەین ژمارەیەکی زۆری تێنسزان لەسەر ئاستی کوردستان و عێڕاق بەشداری پاڵەوانیەتیەکە بکەن.

 

هێمن ئەسکەندەر - هەولێر

© 2017 Hawler