ئایار 16, 2021

کارو چالاکیەکانی یانەی ئافرەتانی هەولێر لە دیمانەیەکی هەولێردا

یانەی ئافرەتانی هەولێر، یانەیەکە، کە تایبەتە بە یارییەکانی کچان و لەساڵی ٢٠٠٧ دامەزراوە، لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەشداری خول و پاڵەوانیەتیەکانی کوردستان و عێڕاقی کردووە و ئەنجام و دەسکەوتی بەرچاوی بەدەستهێناوە، لە ئێستەیشدا یانەکە لەهەوڵی ئەوەدایە لەڕێگەی سپۆنسەریەوە بە تیپە جیاوازەکانی بەشداری خول و پاڵەوانیەتیەکان بکات.

دۆخی یانەکە چۆنە؟
دەربارەی کاروچالاکیەکانی یانەی ئافرەتانی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە ڕۆژنامەی هەولێر ڕازاوە کەریم سەرۆکی یانەی ئافرەتانی هەولێر بەمجۆرە قسەی کرد و گووتی: دوای دەسبەرکاربوونم وەکو سەرۆکی یانەکە لەساڵی ٢٠١٥ یانەکە لەڕووی داراییەوە بە دۆخێکی خراپدا تێپەڕیوە و هیچ بودجەیەکی نەبووە، لەگەڵ ئەوەیشدا لە هەموو خول و پاڵەوانیەتیەکان بەشداریمان کردووە، لەو ماوەیەدا هەندێک شوێن بونەتە سپۆنسەرمان، بەڵام وەکو پێویست نەبووە، خول هەبووە ٢١ ملیۆنمان خەرج کردووە، بەڵام ٢ ملیۆنمان لە سپۆنسەر وەرگرتووە، لە ئێستەدا کۆمپانیای لالاڤ وەکو سپۆنسەری یاری تۆپی دەست سپۆنسەریمان دەکەن بۆ یارییەکانی خولی عێڕاق و بڕی ٥ ملیۆنمان مانگانە پێدەدەن، کە بڕیار وایە لە ٣٠ ئەم مانگە پاڵەوانیەتیەکە دەسپێبکات و ئامانجمان ئەوەیە ئەنجامێکی باش بەدەست بهێنین ٢ یاریزانی پیشەگەری ئێرانیشمان هێناوە.

پلان و بەرنامەی داهاتوویان چیە؟
سەرۆکی یانەی ئافرەتانی هەولێر زیاتر باسی کاروچالاکیەکانی یانەکەی کرد و گووتی: لە یانەکەی ئێمە ٩ یاری جیاواز هەن، کە هەریەکەو خەرجی پێویستە و هەر یارییەکیش سەرپەرشتیارێکمان بۆ دانەوە، ئامانی ئێمە ئەوەیە زۆرترین کچە یاریزان لە یانەکەی خۆمان کۆبکەینەوە و وەرزشی هەولێر لەسەر ئاستی کچان زیاتر بەرەو پێش ببەین، هەوڵی ئەوەیش دەدەین کە سوود لە توانای یاریزانانی خۆمان وەربگرین و چیتر پشت بە یاریزانی پیشەگەر نەبەستین.
ئاماژەی بەوەیش کرد کە دەیانەوێت لەڕێگەی سپۆنسەری کردنەوە بۆ یانەکەیان ئەرکی سەر شانی حکومەت کەم بکەنەوە لە پێدانی پارە بە یانەکەیان، چونکە حکومەت بە دۆخێکی دارایی خراپدا تێدەپەڕێت.

ئەنجام و دەسکەوتی باشیان هەبووە
هێمای بۆ ئەوەیش کرد کە بەڕێوەچوونی کاروچالاکیەکانی ئەوان بەباشی بەڕێوەچووە ئەنجامی باشیان بەدەستهێناوە، لە یاری پایسکیل سواریدا سێیەمی عێڕاق بوون، لە تۆپی دەست سێیەمی عێڕاق بوون، لەیاری جۆدۆدا یەکەمی کوردستانن، لەیاری تایکواندۆدا یەکەمی کوردستان و عێڕاقن، لەبەرزکردنەوەی قورسایی دووەمی کوردستانن.

داواکاریی چیان هەیە؟
لەبەشێکی تری دیمانەکەی ڕۆژنامەی هەولێردا سەرۆکی یانە ئافرەتانی هەولێر گووتی: لەماوەی ٤ ساڵدا حکومەت سێ جار هاوکاری ئەوانی کردووە و کاروچالاکیەکانیان پێ بەڕێوەبردووە، زۆر جاریش ئەندامانی کارگێڕی یانەکە لەسەر خەرجی خۆمان یانەکە بەڕێوەدەبەین و هەر ئەندامێک سەرپەرشتی یارییەک دەکەین بە پارەی خۆمان بەشداری خولەکان دەکەین، دواتر کە حکومەت پارەی پێداین وەریدەگرینەوە، داواکاری ئەوەیشی لە دایک و باوکان کرد کە ڕیگری لە کچەکانیان نەکەن و ڕێگەیان پێبدەن وەرزش بکەن، تاوەکو ئەوانیش پەنا بۆ یاریزانی پیشەگەر نەبەن.

ئەوان بە یانەی هەولێر تێگەیشتوون
لەدواین پەیڤیدا سەرۆکی یانەی ئافرەتانی هەولێر گووتی: لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هەوڵمان داوە بەپێی توانا چەند کچە یاریزانێکی یانەکە لە وەزارەت و دامودەزگاکان دابمەزرێنین وەکو هاوکارییەکی باش بووە بۆ هەندێک خێزان، گوتیشی کە دەڵێن هاوکاری ئافرەتانی هەولێر بکەن، پێمان دەڵێن ناتوانین، ئێمە بە یانەی هەولێر تێگەیشتون و دەڵێن ئێوە مۆڵ و دوکان ڕێستۆرانتیان بەکرێداوە، بەڵام لەڕاستیدا ئێمە ژوور دانیشتنی کارگێڕی یانەکەمان قەنەفەشی تێدا نیە بۆ دانیشتن.

 

هێمن ئەسکەندەر - هەولێر

© 2017 Hawler