نیسان 15, 2021

بێكهام: ده مه وێ رۆناڵدۆ و مێسی له ئینته ر میامی ببینم

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

 

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

 

بێكهام: ده‌مه‌وێ رۆناڵدۆ و مێسی له‌ ئینته‌ر میامی ببینم

ده‌یڤید بێكهام، ئه‌ستێره‌ی پێشووی تۆپی پێی ئینگلیزی و خاوه‌نی ئێسته‌ی یانه‌ی ئینته‌ر مه‌یامیی ئه‌مریكی، خواستی ده‌ستخستنی هه‌ردوو ئه‌ستێره‌ و ئه‌فسانه‌ی تۆپی پێ (مێسی و رۆناڵدۆ)ـی بۆ یانه‌كه‌ی و خولی ئه‌مریكی هه‌یه‌.

ده‌یڤید بێكهام له‌ ئێسته‌دا دووه‌م وه‌رزه‌ سه‌ركردایه‌تیی یانهی ئنته‌ر میامی ده‌كا و بۆندی له‌گه‌ڵ یاریزانی ناسراو و به‌ناووبانگی جیهانیشدا كردووه‌، كه‌ دیارترینیان گۆنزالۆ هیگواین و بلێز ماتوێدییه‌.

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، بێكهام ده‌یه‌وێ بۆند له‌گه‌ڵ ئه‌ستێره‌ی دیكه‌ی تۆپی پێدا واژۆ بكا، تا تیپه‌كه‌ی به‌هێزتر بكا و له‌و كاره‌شدا هه‌ردوو یاریزان مێسی و رۆناڵدۆ له‌ ئامانجه‌كه‌یه‌وه‌ دوور نین.

بێكهام وتوویه‌تی: له‌ یه‌كه‌م رۆژی ئه‌كادیمییه‌كه‌مان، به‌ به‌شێكی گه‌وره‌ی یانه‌كه‌مان دانا و ده‌كۆشین بۆ ئه‌وه‌ی به‌هره‌وه‌ری گه‌وره‌ی لێ دروست بێ.

وتوویشیه‌تی: به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا، ده‌مانه‌وێ یاریزانی گه‌وره‌ی به‌ئه‌زموون بهێنینه‌ ئینته‌ر میامی، ئه‌مه‌ش كارێكه‌ به‌ ئامانجی تێكه‌ڵكردن ئه‌زموونی خاوه‌نئه‌زموونه‌كان و به‌هره‌ی به‌هره‌وه‌ره‌كان.

له‌ به‌شێكی گوته‌كانیدا، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، یاریزانی وه‌كوو هیگواین و ماتوێدی ده‌ست خستووه‌، به‌ڵام ده‌یه‌وێ به‌هره‌وه‌ی گه‌وره‌ و جیاوازتر بباته‌ ریزه‌كانییه‌وه‌، وه‌كوو لیۆنێل مێسی و كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ.

بۆ بیرهێنانه‌وه‌، كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ ئێسته‌ نزیكه‌ له‌وه‌ی یانه‌ی یوڤی جێ بهێڵێ، به‌ تایبه‌ت له‌ كۆتایی وه‌رزدا، بۆ مێسیش ڕوونه‌ كه‌ ئه‌گه‌ری نه‌مانی له‌ به‌رشلۆنه‌، ئه‌گه‌رێكی دوور نییه‌ و ڕه‌نگه‌ له‌ هاوینی داهاتوودا ئه‌و كاره‌ ببینرێ.

 

لیڤه‌رپوول جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ‌ یۆرگن كڵۆپ داده‌نێ

هه‌رچه‌نده‌ له‌ دوایاریدا له‌ خولی ئینگلیزی سه‌ركه‌وتنی به‌ ده‌ست هێنا، به‌ڵام یانه‌ی لیڤه‌رپوول ده‌یه‌وێ به‌ راهێنه‌رێكی دیكه‌ شوێنی یۆرگن كلۆپ بگرێته‌وه‌.

ئه‌نجامه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی یانه‌ی لیڤه‌رپوول به‌ گشتی، له‌ ئاستی خواستی هانده‌ران و كارگێڕیی یانه‌كه‌دا نین، به‌ جۆرێك ئێسته‌ له‌ خانه‌ی شه‌شه‌می پرێمه‌ر لیگدان و به‌ 19 خاڵ له‌ یانه‌ی مانچسته‌ر سیتیی پێشه‌نگه‌وه‌ دوورن.

رۆژنامه‌ی میڕه‌ڕی بریتانی بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ یانه‌ی لیڤه‌رپوول، ستێڤن جێراردی كاپتن و ئه‌فسانه‌ی پێشووی یانه‌كه‌ ده‌كاته‌ راهێنه‌ری یانه‌كه‌، له‌ بارێكدا ئه‌گه‌ر بڕیاری كۆتایی بۆ دوورخستنه‌وه‌ و له‌كارلادانی كلۆپ بخاته‌ واری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

كارگێڕیی یانه‌ی لیڤه‌رپوول ئه‌وه‌ ده‌زانێ كه‌ یۆرگن كلۆپ نیازی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌، كه‌ ببێته‌ راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌ڵمانیا و شوێنی یواكییم لۆف راهێنه‌ری ئێسته‌ بگرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ یه‌كیه‌تیی تۆپی پێی ئه‌ڵمانیا، ده‌یه‌وێ ئه‌و ئه‌ركه‌ بدات به‌ یۆرگن كلۆپ.

رۆژنامه‌كه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، كه‌ هه‌لی راهێنه‌رایه‌تیكردنی هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌ڵمانیا بۆ كلۆپ، ئه‌مجاره‌ پێش هاتووه‌ و دووباره‌ نابێته‌وه‌، ناشیه‌وێ ئه‌و هه‌له‌ له‌ ده‌ست بدا و گه‌ره‌كیه‌تی ئه‌و ئه‌ركه‌ بگرێته‌ ئه‌ستۆ.

 

© 2017 Hawler