نیسان 15, 2021

ڕێکان عەبدولڕەحمان، ڕاهێنەری تۆپی پێ لە بریتانیا به سه ر ده كاته وه

 

ڕێکان عەبدولڕەحمان گۆڵپارێزی پێشووی یانەکانی بروسک و جیهان و ئاراراتە ماوەی دوازدە ساڵە لە وڵاتی بریتانیایە و لە بواری ڕاهێنەرایەتی ئاستەکانی پێنج تاوەکو شازدە ساڵان لە هەردوو ڕەگەزی کوڕان و کچان کاردەکات، جیا لەوەیش وەکو بەڕێوەبەری کاری یاریزانان و چاودێریکردن و گواستنەوەی یاریزانان کاردەکات، ڕاهێنەری تەکنیکە لە خولی پلە دووی ئینگلیزی بۆ ئاستی ئافرەتان.

 

کەی دەستی بەیاریکردن کردووە؟

لەدەسپێکدا ڕێکان عبدولڕەحمان باسی ژیانی وەرزشی خۆی کرد گووتی: سەرەتایی ژیانی وەرزشیم لە کوردستان وەکو گۆڵپارێز بوو، بەر لەوەی گەشتی دەرەوەی وڵات بکەم، ماوەی ٩ ساڵ لە یانەکانی بروسک و جیهان و ئارارات وەک گۆڵپارێز یاریم دەکرد، ساڵی ٢٠٠٩ دوای هاتنم بۆ وڵاتی بریتانیا بۆ ماوەی دوو ساڵ وەک گۆڵپارێز لە یاریکردن بەردەوام بووم، دوای ئەوە ڕاهێنەری یانەکە داوای لێکردم، کە وەکو یاریدەدەری ڕاهێنەر کاری لەگەڵ بکەم، ماوەیەکیش لەو ئەرکەم بەردەوام بووم.

ئەزموونی کارکردنی وەک ڕاهێنەر

گۆڵپارێزەکەی پێشووی بروسک و ئارارات زیاتر حەزو خولیای کاری ڕاهێنەرایەتی بووە و دوای وازهێنانی لە یاریکردن لەساڵی ٢٠١٤ تا وەکو ساڵی ٢٠٢٠ هەفتانە بۆ ماوەی ٢٥ کاتژمێر لە یاریگە جیاجیاکان وەک ڕاهێنەر کاری کردووە، لە ئاستەکانی پێنج تاوەکو شازدە ساڵان لە هەردوو ڕەگەزی کوڕان و کچان، جیا لە مەشق بەشێوەی کرداری، بەشێوەی تیۆریش بەشداری کۆرسەکان دەکات و ڕاهێنەری تەکنیکەیشە بۆ ئاستی ئافرەتان لە خولی یانە پلە دووەکانی ئینگلیزی.

بوون بە ڕاهێنەر مەرجی هەیە

ڕاهێنەرە لاوە کوردەکە زیاتر باسی کاری ڕاهێنەرایەتی کرد لە وڵاتانی ئەوروپا و لەو بارەیەوە گووتی: هەرکەسێک بیەوێت لە بواری ڕاهێنەرایەتی کاربکات، چەند مەرجێکی هەیە کە فیدراسیۆنی تۆپی پێ، بەپێی ئەو مەرجانە ڕێگەی پێدەدات کە بۆ ڕاهێنەرایەتی بخوێنی، کە گرنگترینیان، ئەوەیە کە پێویستە ڕاپۆرتی پۆلیس هەبێت کە تۆ هیچ گرفتێکت نیە و هیچ کەیسێکت لەسەر نیە، دووەمیان پێویستە یانەیەکی ئەو وڵاتە پشتگیریت بکات، سێیەمیشیان لەبەشێکی تایبەت لە یەکێک لە زانکۆکان بخوێنیت، منیش هەموو مەرجەکانم هەبوو، هەفتانە بەشێوەی تیۆری و پراکتیکی وانەی ڕاهێنەرایەتیمان لەلایەن چوار ڕاهێنەری شارەزا وەردەگرت.

جیاوازی ڕاهێنەرایەتی لە کوردستان و ئەوروپا؟

ڕێکان باسی جیاوازی کاری ڕاهێنەرایەتیشی کرد لە نێوان کوردستان و ئەوروپا و دەڵێت: ئەوانەی لە کوردستان دەبن بە ڕاهێنەر لە ڕابردوودا یاریزانێکی بەناوبانگ بوون ئێستە پۆستی ڕاهێنەرایەتی یانەکان دەگرنە ئەستۆ، بەڵام لە بریتانیا ئەگەر باشترین یاریزانی ئەو وڵاتەیش بوو بیت، ئەگەر مەرجەکانی فیدراسیۆنی ئەو وڵاتەت تێدا نەبێت، ناتوانیت ببیت بە ڕاهێنەر.

چۆن باسی فێرگەکانی تۆپی پێ دەکات؟

ئەو ڕاهێنەرە باسی ئەوەیشی کرد، کە هەوڵدەدات کاری زیاتر بکات و لەو بارەیەوە گووتی: لە کارکردن بۆ ئاستێکی باشتر بۆ کاری ڕاهێنەرایەتی بەردەوامم و هەوڵی بەرەو پێش چوونی زیاتر دەدەم، ئەگەر ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبوایە، ئەمساڵ لەگەڵ ڕائول گۆنزالێسی ئەستێرە و کاپتنی پێشووی یانە ڕیاڵ مەدرید بەیەکەوە بەشداری کۆرسی ڕاهێنانمان دەکرد و هەردووکمان لە یەک قۆناغداین لە بواری ڕاهێنەرایەتی.

پێویستە چۆن منداڵان فێری ڕاهێنان و تۆپی پێ بکەین؟

لەبەشێکی تری دیمانەکەی ڕۆژنامەی هەولێردا ئەو ڕاهێنەرە کوردە گووتی: بەپێی ئەزموونی چەند ساڵەم لەو بوارەدا، کە ڕاهێنەرایەتی منداڵان بووە، پێویستە لە قۆناغی یەکەم تا ماوەی ساڵێک، ئەو منداڵانە تەنیا کۆمەڵێک شتی سەرەتایی فێر بکرێن، گرنگترینیان ئەوەیە کە تۆپی پێ و مەشق و ڕاهێنان لەلایەن خۆشەویست بکەی، مەشقەکان، فێرکاری و خۆشی بەخشین بێت، ئامۆژگاریشم بۆ ڕاهێنەرانی فێرگەکانی کوردستان ئەوەیە لەکاتی مەشقەکان لە هەر گروپێکدا لە ١٠ منداڵ زیاتر نەبێت، وە پەلەش نەکەن و فشاریش دروست نەکەن لەوەی کە ئەو منداڵە بەزووترین کات فێربێت، بەڵکو دەبێت کاتی زیاتر بدرێت بەوانەی کە کەم و کورتیەکیان لەڕووی جەستەیی و تەکنیکی یاریکردن هەیە.

کاروپلانی داهاتووی چیە؟

ئەو ڕاهێنەرە باسی کارو بەرنامەی داهاتووی خۆیشی کرد و گووتی: لە ئێستەدا پلانی ئەوەم هەیە کە قۆناغەکانی کاری ڕاهێنەرایەتی تەواو بکەم، کە پێنج قۆناغە و من لە قۆناغی سێیەم دام، دواتر کاری چاودێریکردن و دۆزینەوەی یاریزانانیش بکەم و یاریزانی باش و بەهرەمەند بۆ یانەکان بدۆزمەوەم هەروەها پلانی ئەوەم هەیە کە چەند ڕاهێنەرێکی شارەزا بهێنم بۆ کوردستان، بۆ بینینی توانا و بەهرەی یاریزانانی کوردستان.

قۆناغەکانی کاری ڕاهێنەرایەتی لە بریتانیا

لە کۆتایی دیمانەکەدا ئەو ڕاهێنەرە، باسی لە شێوازەکانی کاری ڕاهێنەرایەتی کرد لە وڵاتی بریتانیا و گووتی: بۆ ئاستەکانی پێنج تا ١١ ساڵان ئەو سیستەمە جێبەجی دەکرێت، کە لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگلتەراوە داندراوە، کە ئەویش سیستەمی بنچینەی تۆپی پێیە، کە لە سێ بەش پێکهاتووە، ئەوانیش بریتین لە (پاراستنی تەندروستی، مرۆڤایەتی و یەکسانی، فێرکردنی یاری تۆپی پێ) ڕاهێنەرانیش ١٦ یاسایان بۆ ئامادەکراوە دەربارەی چۆنیەتی مەشق و ڕاهێنان، ئەوەی کە زۆر جەختیشی لەسەر دەکرێتەوە، کاتی مەشقەکانە بەپێی ئاستەکان، کە هەفتانە هەر ئاستێک پێویستی بە چەند کاتژمێرە بۆ مەشق کردن، بۆ نمونە منداڵانی پێنج تا ١١ ساڵان هەفتانە ١ تا ٥ کاتژمێر و دوو یاری ئەنجامدەدات.

هەروەها چوار بنەما هەن کە لەمەشق و ڕاهێنان دەبێت کاری لەسەر بکەین، ئەوانیش (تەکنیک، هێزو توانا، باری دەرونی، کەسایەتی) هەر ڕاهێنەرێکیش ساڵانە ڕاپۆرتێکی کارەکانی لەماوەی ئەو ساڵە پێشکەش دەکات.

هێمن ئەسکەندەر - هەولێر

 

© 2017 Hawler