
پێپ گوادیۆلا، راهێنه‌ری یانه‌ی مانچسته‌ر سیتی، سه‌رسامه به‌و ئاسته‌ی یانه‌كه‌ی پێشكه‌شی ده‌كا، به تایبه‌ت له خولی ئینگلیزی، كه زنجیره‌یه‌ك سه‌ركه‌وتنی له‌سه‌ریه‌كی تۆمار كردووه، ترسیشی له‌وه‌یه رۆژێك له رۆژان زنجیره‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كانی بووه‌ستێ.
یانه‌ی مانچسته‌ر سیتی، توانیی 18ـه‌مین سه‌ركه‌وتن له‌سه‌ریه‌ك به ده‌ست بهێنێ، كاتێك له گه‌ڕی 25ـی پرێمه‌ر لیگدا به ئه‌نجامی گۆڵێكی بێ وه‌ڵا له یانه‌ی ئارسناڵی برده‌وه، له‌و ڕووه پێپ گواردیۆلا، راهێنه‌ری یانه‌كه، ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاندووه، كه سه‌رسامه به ئاستی یانه‌كه‌ی، له كاتێكدا ڕكه‌به‌ره‌كانی دیكه‌ی له ریزبه‌ندیی خوله‌كه زۆر لێی دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه و 10 خاڵ له نزیكترین ركهبهرییهوه دووره.
یانه‌ی مانچسته‌ر سیتی، وێڕای 18 سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو خول و پاڵه‌وانیه‌تییه‌كان، 13ـیه‌مین سه‌ركه‌وتنیشی له خولی ئینگلیزدا تۆمار كرد.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، پێپ گواردیۆلا، پێی وایه كه رۆژێك دێ ئه‌و زنجیره سه‌ركه‌وتنه‌یان ده‌پچڕێ، بۆیه ترسی له‌و رۆژه نه‌شارده‌وه.
له نۆڤێمبه‌ری ساڵی رابردووه‌وه، تا ئێسته یانه‌ی مانچسته‌ر سیتی تووشی شكست نه‌بووه، ئێسته‌ش به 59 خاڵ له 25 یاریدا، سه‌رلیستی یانه‌كانی خولی نایابی ئینگلیزیی گرتووه.
پێپ وتوویه‌تی: رۆژێك دێ ئه‌م ژماره‌یه ده‌وه‌ستێ و یاری ده‌دۆڕێنین، ئێسته زۆر سه‌رسامم به‌م ئاست و ئه‌نجامانه، له كاتێكدا هه‌موو یانه گه‌وره‌كان خاڵ له ده‌ست ده‌ده‌ن و دۆخیان باش نییه، ئێمه به جێگیری ئاستێكی باشمان هه‌یه و دوو مانگه ئه‌مه به‌رده‌وامه.
وتیشی: خه‌ڵك زۆر له‌سه‌ر ژماره‌ی پێوانه‌یی و سه‌ركه‌وتنه‌كان ده‌دوێن، به‌ڵام ئه‌وه‌ش بكه‌ی، هه‌ر پێویستت به سه‌ركه‌وتنه له‌م جۆره یارییانه‌دا و پێویستت به بردنه‌وه‌ی زیاتر و زیاتره.
مامەیارە ئەحمەد - هەولێر