ئەم پەڕەیە چاپ بکە

ڕیزبەندی گۆڵکاران و چەند ئامار و زانیارییەکی نوێ دەربارەی خولی نایابی کوردستان دەخاتە ڕوو

 

گەڕی پێنجەمی خولی نایابی کوردستان کۆتایی هات، یانەکانی سیروانی نوێ و دەربەندیخان پلەی یەکەمی هەردوو کۆمەڵەکەیان گرتووە، لەم گەڕەدا یانەی نەورۆز دوای چوار شکست یەکەم بردنەوەی بەدەستهێنا، یانەی سۆرانیش کە هیچ خاڵێکی نەبوو، یەکەم بردنەوەی لە وەرزی ئەمساڵ بەدەستهێناو لە یانەی هەولێری بردەوە، لە پێنج گەڕی ڕابردوودا، ٨٤ گۆڵ تۆمار کراون، ڕۆژنامەی هەولێر هەفتانە، ئامار و زانیارییەکان و ڕیزبەندی یانەکان و گۆڵکار و کۆمەڵێک زانیاری نوێ دەخاتە ڕوو.

 

یەکەم بردنەوە بۆ سۆران و نەورۆز

یارییەکانی گەڕی پێنجەمی خولەکە کۆتاییان هات و یانەکانی سیروانی نوێ و دەربەندیخان پلەی یەکەمی کۆمەڵەکانیان گرتووە، لە یارییەکانی کۆمەڵەی یەکەم یانەی سیروانی نوێ لە ئەنجامە باشەکانی بەردەوامە و لەدەرەوەی یاریگەی خۆی بەگۆڵێکی بێ بەرانبەر لە یانەی شێروانەی بردەوە و پێشەنگی یانەکانی ئەو کۆمەڵەیەی قایمتر کرد، یانەی سۆرانیش دوای سێ شکستی لەسەر یەک، بەگۆڵێکی بێ بەرانبەر لە یانەی هەولێری بردەوە، یانەی برایەتیش لەدەرەوەی یاریگەی خۆی بە دوو گۆڵی بێ بەرانبەر لە یانەی هەڵۆی بردەوە و گەڕایەوە پلەی دووەمی یانەکانی ئەو کۆمەڵەیە.

لە کۆمەڵەی دووەمیشدا یانەی پێشمەرگەی هەولێر دوای دۆڕانەکەی گەڕی ڕابردوو، لە یاری دێربی پیرمامدا بەگۆڵێکی بێ بەرانبەر بە یانەی ئارارات دۆڕا، یانەی دەربەندیخانیش لەگەڵ ئەوەی لەدەرەوەی یاریگەی خۆی بە یانەی دهۆک دۆڕا، بەڵام هەر لە ۆلەی یەکەمی ئەو کۆمەڵەیە مایەوە، یانەی نەورۆزیش دوای چوار شکست یەکەم بردنەوە و سێ خاڵی لە وەرزی ئەمساڵ بەدەستهێنا و بە دوو گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک لە یانەی هەندرێنی بردەوە، لە دواین یاری ئەم کۆمەڵەیەیشدا یانەی زاخۆ و پێشمەرگەی سلێمانی بەبێ گۆڵ یەکسان بوون، لەو یارییەی کە لەیاریگەی زاخۆ بەڕێوەچوو.

لەم گەڕەدا بەبەراورد بە چوار گەڕی ڕابردوو کەمترین ڕێژەی گۆڵ تۆمارکران کە لە کۆی ٧ یاریدا تەنیا ٩ گۆڵ تۆمارکرا کە دەکاتە ڕێژەی ١،٢ گۆڵ بۆ هەر یارییەک.

 

چەند ئامارێک لەسەر خولەکە

دوای تێپەڕبوونی پێنج گەڕ ٣٥ یاری ئەنجامدراون، ٨٤ گۆڵ تۆمارکراون ڕێژەی گۆڵ بۆ هەر یارییەک، ٢.٤ گۆڵە، یاری نێوان هەولێر و شێروانە زۆرترین گۆڵی تێدا تۆمارکراوە، کە ٧ گۆڵ بووە، بەهادین بەکر هێرشبەری سیروانی نوێ خاوەنی خێراترین گۆڵی ئەم وەرزەیە، کە لە گەڕی دووەمی خولەکە لەبەرانبەر بە یانەی هەولێر لە چرکەی ١٣ دا گۆڵی تۆمارکرد، نەریمان خدر گۆڵپارێزی هەندرێن، خاوەنی زۆرترین کلین شیتە کە لە ٤ یاریدا لە ٣ یاریدا گۆڵەکەی بە خاوێنی پاراستووە و تەنیا ١ گۆڵی لێ تۆمارکراوە، یاریزانی یانەی هەولێر عەبدولقادر ئەیوب بچوکترین یاریزانە لە خولەکە کە گۆڵ تۆمار بکات و لە تەمەنی ١٧ ساڵی لە گەڕی سێیەمی خولەکە لەبەرانبەر بە یانەی هەڵۆ گۆڵی تۆمار کرد، دوای ئەنجامە خراپەکانی نەورۆز، یونس سلێمان بووە یەکەم ڕاهێنەر واز لە پۆستی ڕاهێنەرایەتی بهێنێت، لە نێو ١٥ یانەی بەشداربووی خولەکە، یانەکانی دەربەندیخان و پێشمەرگەی هەولێر و سیروانی نوێ و برایەتی خاوەنی زۆرترین بردنەوەن کە ٣ بردنەوەیە، یانەکانی نەورۆز و هەولێر خاوەنی زۆرترتن دۆڕانە کە ٤ دۆڕانە، یانەی هەڵۆ خاوەنی زۆرترین یەکسان بوونە کە ٣ یارییە، یانەی برایەتی خاوەنی زۆرترین گۆڵە کە لە ٤ یاریدا ١٣ گۆڵی تۆمار کردووە، یانەکانی هەندرێن و هەڵۆ خاوەنی هەژارترین هێڵی هێرشبەرن کە تەنیا ٢ گۆڵیان تۆمار کردووە، یانەی هەولێر لاوازترین هێڵی بەرگری هەیە و ١٤ جار تۆڕی گۆڵەکەی هەژێندراوە، یانەی زاخۆ خاوەنی بەهێزترین هێڵی بەرگریە و تەنیا ٢ گۆڵی لێ تۆمارکراوە.

 

ڕیزبەندی گۆڵکارانی خولەکە

دوای تێپەڕبوونی پێنج گەڕ کە ٣٥ یاری ئەنجامدراوە، بەبەراورد بە وەرزەکانی ڕابردوو، ژمارەی گۆڵەکانی گۆڵکاران کەمترە، تا ئێستە یاریزانی یانەی چەمچەماڵ عومەر ئەحمەد و یاریزانی یانەی برایەتی ژیار گۆڤەند خاوەنی زۆرترین گۆڵن و ٤ گۆڵیان تۆمار کردووە.

ڕیزبەندی گۆڵکارانیش بەم شێوەیەیە:

١- عومەر ئەحمەد ٤ گۆڵ / یانەی چەمچەماڵ

٢- ژیار گۆڤەند ٤ گۆڵ / یانەی برایەتی

٣- ئامانج ئەکرەم ٣ گۆڵ / یانەی پێشمەرگەی هەولێر

٤- دڵشاد حەمەڕەش ٣ گۆڵ / یانەی پێشمەرگەی سلێمانی

٥- عەلی کاکە مینە ٣ گۆڵ / یانەی دەربەندیخان

٦- شادومان سەباح ٣ گۆڵ / یانەی سیروانی نوێ

 

یارییەکانی گەڕی شەشەم:

بریار وایە ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی داهاتوو گەرێکی تری خولەکە بە ئەنجامدانی ٧ یاری لە یەک کاتدا بەم شێوەیە لەکاتژمێر ٢:٠٠ بەڕێوەبچن:

کۆمەڵەی یەکەم:

هەڵۆ - شێروانە / یاریگەی بلێ

 برایەتی - چەمچەماڵ / یاریگەی برایەتی

سیروانی نوێ - سۆران/ یاریگەی سیروانی نوێ

هەولێر چاوەڕوانە

کۆمەڵەی دووەم:

دەربەندیخان - ئارارات/ یاریگەی دەربەندیخان

هەندرێن - پێشمەرگەی هەولێر / یاریگەی هەندرێن

پێشمەرگەی سلێمانی - نەورۆز / یاریگەی پێشمەرگەی سلێمانی

دهۆک - زاخۆ / یاریگەی دهۆک

 

ڕیزبەندی یانەکان بەم شێویەیە:

کۆمەڵەی یەکەم:

١- سیروانی نوێ ١١ خاڵ

٢- برایەتی ٩ خاڵ

٣- چەمچەماڵ ٨ خاڵ

٤- شێروانە ٦ خاڵ

٥- هەڵۆ ٣ خاڵ

٦- سۆران ٣ خاڵ

٧- هەولێر ١خاڵ

کۆمەڵەی دووەم:

١- دەربەندیخان ١٠ خاڵ

٢- پێشمەرگەی هەولێر ٩ خاڵ

٣- پێشمەرگەی سلێمانی ٨ خاڵ

٤- زاخۆ ٨ خاڵ

٥- دهۆک  ٧ خاڵ

٦- ئارارات ٦ خاڵ

٧- هەندرێن ٥ خاڵ

٨- نەورۆز ٣ خاڵ

 

هێمن ئەسکەندەر - هەولێر