کانونی دووەم 27, 2021

ئیبراهیمۆڤیچ: جارێكی تر لێدانی سزا جێبەجێ ناكەم

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

 

ئیبراهیمۆڤیچ: جارێكی تر لێدانی سزا جێبەجێ ناكەم

زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ، ئەستێرەی سوێدی یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵی، دوای لەدەستدانی لێدانی سزایەك بەرانبەر یانەی ڤیرۆنا لە خولی ئیتاڵیا، دووپاتی كردەوە كە ئیتر لێدانی سزا جێبەجێ ناكا.

لەو یارییەی ئیبرا لێدانە سزاكەی لە دەست دا، لە كۆتا ساتەكانی یارییەكەدا ناوبراو گۆڵی یەكسانبوونی بۆ یانەكەی تۆمار كرد، بەڵام ئەو بە هۆی سەرنەكەوتنیان لەو یارییەدا تووڕەیە، بە تایبەت كە لێدانێكی سزای لە دەست دا و هەلی دیكەیشیان بۆ ڕەخسا و نەیانقۆستەوە.

زڵاتان پێی وایە كە گرینگترین شت ئەوەیە پارێزگاری لە متمانەی خۆیان بكەن و بۆ یارییەكانی دیكە بە باشی ئامادە بن، ئەمە لە كاتێكدا پێی وایە ڕكەبەری لەسەر بردنەوەی خولەكە سەخت و ئاڵۆزە.

زڵاتان لە پای لەدەستدانی ئەو لێدانە سزایە، ئاماژەی بەوە كردووە كە جارێكی تر لێدانی سزا جێبەجێ ناكا.

زڵاتان ئاماژەی بەوەش كرد، كە وازی لە یاریی نێودەوڵەتی هێناوە و ناگەڕێتەوە بۆ هەڵبژاردەی سوێد، یانی ئەندرسۆنی راهێنەری هەڵبژاردەكەش ئەوەی خستە روو، كە هەلی گەڕانەوەی ئیبرا بۆ هەڵبژاردەی سوێد نییە و خۆی بڕیاری وازهێنانی داوە و ڕێزی بڕیارەكەی دەگرن.

 

دیبای گومانی لەسەر داهاتووی دروست كرد

میمفێس دیبای، یاریزانی هۆڵەندی یانەی لیۆنی فەرەنسی ئەوەی خستە روو ئەگەر هەیە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا ریزەكانی یانەكەی ئێستەی جێ بهێڵێت.

دیبای لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا زۆر لە پێوەندیكردن بە ریزەكانی یانەی بەرشلۆنەوە نزیك بوو، لەسەر بنەمای خواستی رۆناڵد كۆمانی راهێنەریی هۆڵەندیی یانەكە، بەڵام لە كۆتاییدا ئەو بۆندە سەری نەگرت و دیبای لە یانە فەرەنسییەكەدا مایەوە.

رۆژنامەی سپۆرتی كاتەلۆنی بڵاوی كردووەتەوە، كە دوای یاریی نێوان لیۆن و سانت ئیتیان، كە یەكشەممەی رابردوو بەڕێوە چوو، ئەو یاریزانە ئاماژەی ئەوەی داوە دوا وەرزی دەبێ لەگەڵ لیۆن.

ناوبراو ئەوەشی وتووە كە پێویستە یانەی لیۆن ئێستە سوود لە بوونی ئەو وەربگرن، هەموو ئەوەی ئێستە دەیكا، ئەو بابەتەیە.

ئاماژەی بەوەش كرد، هەموو رۆژێك هەوڵی ئەوە دەدا باشتر بێ و بۆ ئەو مەبەستە بەردەوام لە كۆشش و مەشق و هەوڵدایە.

یانەی بەرشلۆنە هەرچەندە ئێستە لە هێڵی پێشەوەدا لە كێشەیە، بەڵام رووبەرووی كێشەیەكی قووڵی دارایی بووەتەوە و ئەگەری هەیە لە سەرەتای ساڵی دادێ ڕەوشی یانەكە خراپتر بێ و نزیك لە مایەپووچبوون بێ.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

 

© 2017 Hawler