تشرینی یەکەم 25, 2020

گۆڤەند عەبدولخالق پڕۆژەیەکی وەرزشی پێشکەشی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات

گۆڤەند عەبدولخالق کە هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لەبەڕێوەبردنی وەرزش و سەرپەرشتیاری یارییە نێودەوڵەتیەکانە، لەڕێگەی چەند توێژینەوەیەک کە ئەنجامی داوە پڕۆژەیەکی ئامادە کردووە بە ناوی وەرزش ئاسایشی نیشتیمانیە، لەڕێگەی پانێل وۆرۆک شۆپی تایبەتەوە دەیەوێت زیاتر پڕۆژەکەی بناسێنێت، بەگووتەی خۆیشی دەیەوێت ئەو پڕۆژەیە پێشکەشی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات و گەشبینە بە سەرکەوتنی پڕۆژەکەی، لە دەسپێکیشدا لە ڕێگەی پانێلێکەوە لە هەولێر کە چیایی تەیمور و هاوکار سالاریش بەشدار بوون پێشنیار و چارەسەر بۆ دۆخی وەرزش خرایە ڕوو.

 

پلانێکی ستراتیجی داناوە

دەربارەی پڕۆژەکە و ئامانج و مەبەستەکەی لە دەسپێکدا (گۆڤەند عەبدولخالق) خاوەنی پڕۆژەکە قسەی بۆ ڕۆژنامەی هەولێر کرد و گووتی: ئەمە پڕۆژەیەکی ئەکادیمیە کە لە ڕێگەی توێژینەوەیەکەوە، پلانێکی ستراتیجیمان داناوە و پێشکەشی حکومەتی دەکەین، ناوەڕۆکی پڕۆژەکەیش ئەوەیە کە چۆن بتوانین وەرزش بە ئاسایشی نیشتیمانی بکەین، پلانی ئەوە دابنێین کە سوود لە شوناسی تاکی کورد ببینین، کە ڕێژەیەکی زۆری کۆمەڵگەی کوردی لاوان و گەنجان پێکی دەهێنن، باس لەوە دەکەین چۆن بتوانین لە قۆناغەکانی خوێندن لە قوتابخانەکان گرنگی بە وەرزش بدرێت و فەرامۆش نەکرێت، دواتریش لە ناوەندەکانی لاوان چۆن سوود لە توانای ئەو لاوانە ببینین، پاشان کە ئەو لاوە دەچێتە قۆناغەکانی خوێندن لە ئاستی زانکۆ و خوێندنی باڵا، چۆن مامەڵەیەکی تەندروست بکات و ئەنجامەکەی ئەوە بێت کە وەرزشکارو وەرزشوانی تەندروست و ئەکادیمی بۆ دروست دەبێت.

خاوەنی پڕۆژەکە کە یەکێکە لەو کەسانەی سەرپەرشتیاری یارییە نێودەوڵەتیەکانیش دەکات، هێمای بۆ ئەوەیش کرد کە ئەوان لە پڕۆژەکەدا باسی ئەوەیان کردوو، چۆن بتواندرێت وەبەرهێنان لە وەرزشدا بکرێت، لە جیاتی ئەوەی حکومەت ساڵان بە ملیار دینار بدات بە یانە و فیدراسیۆنە وەرزشیەکان، چۆن وا بکات ژێرخانێکی وەرزشی دابنێت و یانە و فیدراسیۆنە وەرزشیەکان باج بدات بە حکومەت و لە ڕێگەی ئەو باجدانەوە بتوانێت کوالێتی وەرزش ساڵ دوای ساڵ بەرزبکاتەوە و بەو پارەیە پڕۆژەی وەرزشی جی بەجی بکات.

ئاماژەی بۆ ئەوەیش کرد کە پڕۆژەکەی ئامادە کردووە و پلانی ئەوەی هەیە کە پێشکەشی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بکات، بە تایبەت ئەو کابینەیە نوێیە کە زۆر جەخت لەسەر چاکسازی دەکەنەوە، بێگومان وەرزشیش بەشێکی گرنگی ئەو چاکسازیە دەبێت، گووتیشی ئەگەر حکومەت ئەو پڕۆژەیە جێ بەجێ بکات و کاری لەسەر بکات زۆر گەشبینم کە گۆڕانکارییەکی زۆر لە وەرزش ڕوودەدات و سەرکەوتوو دەبێت.

 

پێویستە دەزگایەکی وەرزشی هەبێت

یەکێک لەو کەسانەی کە لە کاتی پێشکەشکردنی پانێلی وەرزش ئاسایشی نیشتیمانیە بەشدار بوو قسەی لەسەر ڕۆڵی لاوان کرد (چیای تەیمور) بوو کە پێشتر بەڕێوەبەری گشتی وەرزش و لاوان بووە، دەربارەی بۆچوونی لەسەر پڕۆژەکە قسەی بۆ ڕۆژنامەی هەولێر کرد و گووتی: بۆ باشترکردنی وەرزشی کوردستان سەرەتا پێویستمان بە دانانی فەلسەفەیەکی وەرزشیە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەچوارچێوەی ئەو فەلسەفەیە ئینجا پێویستە یاسا دابنێی، کە یاساش نەبێت ناتوانیت ڕێنمای دەربکەی بۆیە بەشێوەی ڕێزبەندی، فەلسەفە، یاسا، ڕێنمایی دەبێت بەم جۆرە بێت.

 کە فەلسەفە هەبوو ناتوانی لێی لابدەیت و دەسکاری بواری وەرزش بکەیت، هەنگاوی دووەم بۆ باشکردنی وەرزش لە کوردستان ئەویە کە دەزگایەکی وەرزشی هەبێت، کە هەموو ڕەنگ و دەنگەکان تێدا کۆبکاتەوە، ئینجا پێویستە دەستەیەک پێک بهێندرێت، کە نوێنەری وەزارەتەکانی پەروەردە و پێشمەرگە و ڕۆشنبیری و لاوان و ناوخۆی تێدابێت، بۆ ئەوەی هەر هەنگاوێک بنێین بۆ بواری وەرزش نوێنەری هەموو ئەو شوێنانەی کە پەیوەستن بەبابەتەکە ئاگاداربن و ڕێگری نەکرێت، ئەوە لەسەردەمی ئەنجومەنی باڵای وەرزش هەبوو کە نوێنەری هەموو وەزارەتەکانی تێدا بوو.

چیای تەیمور کە هەڵگری بڕوانامەی ماستەرزە لە کارگێڕی و ڕێکخستن باسی لە ڕۆڵی لاوانێش کرد لە پێشخستنی وەرزش و گووتی: لاوان توانایەکی لە بن نەهاتوون و ئەو وڵاتانەی کە لەسەرەتای دامەزراندنیانەوە پشتیان بە توانای لاوەکانیان بەستووە، وڵاتانی پێشکەوتوون، بۆ ئەوەی کوردستانیش سوود مەند بێت لە توانای لاوەکانی، پێویستە ناوەندەکانی لاوان زۆر بەباشی چالاک بکرێن، یانەی تایبەتمەند بە یاریەک و بوارێک لەنێو ناوەندەکانی لاوان دروست بکەین، پێویستە دەرفەتی ئەوە بۆ لاوان دروست بکەی کە بێنە ناوەندەکانی لاوان و وەرزش بکەن.

 

چۆن پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی تر بە‌هێز بکەین؟

یەکێکی تر لەو کەسانەی کە لەسەر بەرەوپێش بردنی وەرزشی کوردستان قسەی کرد و پێشنیاری کرد کە وەرزشی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەنگاوی زیاتر بنێت، دکتۆر (هاوکار سالار) بوو، کە ناوبژیوانی نێودەوڵەتی یاری فوتساڵە، لەوە بارەیەوە بۆ هەولێر دواو گووتی: بەپێی ئەزمونی کارەکەم وەکو ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لەسەر پەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەرەوە، چەند پێشنیارێکم کرد بۆ ناساندنی کوردستان بە جیهانی دەرەوە لە ڕێگەی وەرزشەوە، کە خۆی لەچەند خاڵێک  دەبینێتەوە و بریتین لە یەکەم بوونی کەسانی کورد لە فیدراسیۆنەکانی عێڕاق و عەرەبی و ئاسیاوی و جیهانی و ڕۆژنامەنووسانمان یاریزان و وەرزشکارانمان لەو ڕێکخراو و فیدراسیۆنە نێودەوڵەتیانە، ئەمانە هۆکارێک دەبن بۆ نزیک بونەوە و بوون بە ئەندام بوونی کوردستان لە فیدراسیۆنی ئاسیاو جیهان، خاڵی دووەم بریتیە لەڕۆڵی ڕاگەیاندن لە فیدڕاسیۆنەکان و لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستان دەبێت زۆر گرنگی بە ڕاگەیاندن بدەن، بۆ گەیاندنی کاروچالاکیەکانیان بۆ جیهانی دەرەوە تاوەکو بزانن ڕەوشی وەرزش و کاروچالاکیەکان چۆن بەڕێوەدەچن.

 خاڵی سێیەم بوونی یاسایەکی تایبەت بە وەرزش کە لە پەرلەمان پەسەند کرا بێت و لە عێڕاق و وڵاتانی دەرەوە باوەڕپێکراو بێت، بتوانین ڕۆڵ و کاریگەریمان هەبێت، بڵێین ئێمەیش یاسای وەرزشیمان هەیە، خاڵێکی تریش هێنانی کەسانی شارەزاو پسپۆڕ و ڕاهێنەران لە دەروە بهێندرێن و پڕۆتۆکۆڵی نێودەوڵەتی واژوو بکرێن و هەماهەنگی زیاتر هەبێت.

 

 

© 2017 Hawler