ئەیلول 18, 2020

کاریگەرییەکانی داخستنی هۆڵە وەرزشییەکانی هەولێر دەخاتە ڕوو

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر

 

زیاتر لە چوار مانگە لە شاری هەولێر و دەورووبەری بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هۆڵە وەرزشییەکان داخراون، ئەمەیش کاریگەری زۆری لەسەر وەرزشکارانی ئەو یارییە کردووە و بە تامەزرۆوە، چاوەڕوانی کردنەوەی هۆڵە وەرزشییەکان دەکەن، لە سنوری پارێزگای هەولێر زیاتر لە ١٢٠ هۆڵی وەرزشی هەن، کە بە داخستنیان لەو ماوەیەدا کاریگەری ماددی زۆری لەسەر خاوەن هۆڵەکان دروست کردووە، لەسەر کاریگەری داخستنی هۆڵە وەرزشییەکانیش سەرۆکی لەشجوانی لقی هەولێر قسەی بۆ ڕۆژنامەی هەولێر کرد.

چوار مانگە هۆڵەکان داخراون
دوای داخستنی هۆڵەکانی لەشجوانی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، نیگەرانی زۆر لەلای یاریزانانی هۆڵەکان دروست بووە و پێیان وایە، لە ئێستەدا وەرزشکردن باشترین هۆکار و چارەسەرە بۆ پەتای کۆرۆنا، لەلایەک بەرگری جەستەی مرۆڤ بەهێز دەکات و دەبێتە پاڵنەرێکی بەهێز بۆ ئەو کەسانەی تووشی ڤایرۆسەکە دەبن و زووتر چاک دەبنەوە، لەلایەکی تریش لایەنی دەرونی ئەوکەسەی کە وەرزش دەکات بەرزدەکاتەوە،  سەرۆکی یەکیەتی لەشجوانی لقی هەولێر (ئەحمەد خەیات) دەربارەی کاریگەرییەکانی ماوەی ئەو چوار مانگ داخستنە قسەی کرد و گووتی: بەهۆی پێگەکەم لە هەموو کەس زیاتر نیگەران بووم کە هۆڵەکان داخران، بەڵام دۆخەکە شتێکی جیهانیە و ژیان و تەندروستی مرۆڤ لەسەرووی هەموو شتێکەوەیە، لە سەرەتای مانگی سێدا بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ بڕیاری داخستنی هۆڵەکاندرا، دواتر بەهۆی ئەوەی کەبەریەک کەوتن لە هۆڵەکان زیاترە و لە هەر هۆڵێکی وەرزشیش ژمارەیەکی زۆر وەرزشیان دەکرد بۆیە ماوەی داخستنی هۆڵەکان زیاتر بوو تا ئێستەیش بەردەوامە.

کاریگەری داخستنی هۆڵە وەرزشییەکان چییە؟
 دەربارەی کاریگەری داخستنی هۆڵەکانیش سەرۆکی لقی هەولێری یاری لەشجوانی گووتی: جگە لەو هەموو خەڵکەی کە بۆ تەندروستی و چارەسەری نەخۆشی ڕوو لە هۆڵە وەرزشییەکان دەکەن، ژمارەیەکی زۆریش یاریزانمان هەیە کە خۆیان بۆ خول و پاڵەوانیەتیەکانی لەشجوانی ئامادە دەکەن.
زیاتر لە ٥٠ یاریزانی پاڵەوان کە ئومێدی ئەوەیان لێدەکرێت لە پاڵەوانیەتیەکانی دەرەوە بەشداربن و ئەنجام بەدستبهێنن داخستنی هۆڵەکان کاریگەی لێیان کردووە و ناتوانن وەکو پێویست مەشقەکانیان بکەن، یاریزان هەبووە زیاتر لە ٣ هەزار دۆلاری خەرج کردووە، بۆ پاڵەوانیەتی دەرەوە، بەڵام دەڕۆژ پێش گەشتەکەی بەهۆی ئەم دۆخەوە نەیتوانیوە بەشداری بکات، ئەمەیش کاریگەری لەسەری هەبووە
داخستنی هۆڵەکان کاریگەری لە زیاتر لە ١٠٠٠ خێزان کردووە، کە بژێوی ژیانیان لەسەر هۆڵەکانی لەشجوانیە و وەک ڕاهێنەر و پاککەرەوە و خزمەتوگوزار کاردەکەن، جگە لەوەی کە خاوەن هۆڵەکان زەرەرمەندی یەکەمن، لە داخستنی هۆڵەکان کە زۆربەیان هۆڵەکانیان بەکرێ وەرگرتووە بە پارەیەکی زۆر، بۆیە ئەوانیش زەرەر مەندن، بەڵام لەگەڵ ئەو کاریگەریانەیش ئێمە ژیانی مرۆڤەکانمان بەلاوە گرنگترە و پابەندین بە ڕێنماییەکانی خۆپارێزی و تا ئاسایی دۆخەکە پێمان باشە کە هۆڵەکان بە داخراوی بمێننەوە.

یاداشتێکیان پێشکەش کردووە
بۆ ئەوەی جارێکی تر هۆڵە وەرزشییەکان بکرێنەوە و یاریزانان بگەڕێنەوە بۆ یاریکردن، ئەحمەد خەیات دەڵێت: ئێمە بە یاداشتێک داوامان لە پارێزگای هەولێر کردووە، کە بە کۆمەڵێک ڕێکاری تەندروستی باش و سەلامەت و شوشتنی هۆڵەکان ڕێگەمان پێ بدرێت، هۆڵەکان بەڕووی یاریزانان و وەرزشکاران بکەینەوە، زیاتر لە ٨٠ واژوومان لە خاوەن هۆڵەکان کۆکردۆتەوە وەک پاڵپشتیەک، ڕادەستی لایەنی بەرپرسمان کردووە، هیوادارین کە لە ئایندەیەکی نزیکدا ڕێگە بدرێت ئێمەش دەسپێبکەینەوە، یاریزانانیش پێویستە ئارام بگرن، تا کاتی کردنەوەی هۆڵەکان.

© 2017 Hawler