ئەم پەڕەیە چاپ بکە

خاوه‌نی سێ ملوانكه‌ی زێڕه‌ و به‌بێ نازی كه‌وتووه‌ هێمن مه‌هدی: ژماره‌ی پێوانه‌یی و پاڵه‌وانی جیهانم له‌ شكاندنی شتایگه‌ر و پاشگوێ خراوم

هێمن مه‌هدی یاریزانی تایكواندۆ، خاوه‌نی چه‌ندان ناسناوی جیهانی و ئاسیاییه‌، ته‌مه‌نێكی درێژی له‌ یارییه‌ جه‌نگییه‌كان به‌ڕێ كردووه‌، خاوه‌نی ژماره‌ی پێوانه‌ییه‌ له‌ شكاندن، كه‌چی وەك خۆی دەڵێ، به‌رپرسانی وه‌رزشی به‌لایه‌وه‌ نه‌چوونه‌ و پاڵپشتییان نەكردووە، بۆ زیاتر ئاشنابوون به‌ ده‌ستكه‌وته‌ مێژووییه‌كان و باسكردنی چەند پرسێكی دیكە، رۆژنامه‌ی هه‌ولێر له‌ نزیكه‌وه‌ ئه‌م دیمانه‌یه‌ی له‌گه‌ڵیدا سازكردووه‌.

*بۆچی ئه‌م وه‌رزشه‌ت هه‌ڵبژارد؟
- له‌ ته‌مه‌نه‌ی منداڵیم زۆر سه‌یری فیلمه‌كانی جاكیشان و بڕوسلیم ده‌كرد، حه‌زێكی زۆرم بۆی هه‌بوو، بۆیه‌ باوكیشم رۆژێك ده‌ستی گرتم و منی برده‌‌ نزیكترین هۆڵ له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆمان، تیایدا ده‌ستم به‌ مه‌شقكردن كرد، دواتر ئه‌و هه‌نگاوه‌ منی به‌ره‌و ‌ پاڵه‌وان بوون برد.

*كێن ئه‌وانه‌ی پاڵپشتیت ده‌كه‌ن؟
- ئه‌وانه‌ی پاڵپشتیم ده‌كه‌ن، باوكم، ماڵه‌وه‌مان، خێزانه‌كه‌م هه‌موویان پشتگیرم ده‌كه‌ن، به‌ تایبه‌تیش له‌ كاتی پاڵه‌وانیتییه‌كان تا بتوانم به‌شداری بكه‌م، به‌ڵام نابێ رۆڵی ئه‌م دوو كه‌سایه‌تییه‌ له‌ بیر بكه‌م، كه‌ هاوكارێكی باشم بوونه‌ ئه‌وانیش (دانا محه‌مه‌د) سه‌رۆكی فیدڕاسیۆنی كاراتێی هه‌ولێر، له‌گه‌ڵ ( ره‌هێل ئازاد) ناوبژیوانی نێوده‌وڵه‌تییه‌ كه‌ هانده‌ر و پاڵپشتێكی باشی منن.

*ئه‌و گرفتانه‌ی له‌ كاتی پاڵه‌وانێتییه‌كان دێنه‌ به‌رده‌مت چین؟
- نه‌بوونی خه‌رجی و توانای دارای گه‌وره‌ترین گرفتی به‌رده‌م به‌شداربووانه‌، چونكه‌ پێویستییه‌كانی ئاماده‌كاری رۆژنه‌ له‌ ڕووی خۆراك كه‌لوپه‌له‌ مه‌شقییه‌كان و خۆراكی باش به‌ ئاسانی بۆ پاڵه‌وانێتییه‌كان ده‌ستناكه‌ون، كه‌ توانای دارای بۆ ئه‌م پاڵه‌وانێتییانه‌ پاڵپشتێكی باشه‌ له‌ ڕووی ئاماده‌كاری لایه‌نی جه‌سته‌ی و هونه‌ری و توانای گه‌شتكردن.

*ناسناوه‌كانی سه‌ر ئاستی جیهانی چین؟
- خاوه‌نی سێ ملوانكه‌ی زێڕم یه‌كه‌میان له‌ ساڵی 2017 له‌ بوومه‌ پاڵه‌وانی فێستیقاڵی جیهانی له‌ یاریی تایكواندۆ، به‌ به‌شداری 64 وڵات به‌ڕێوه‌چوو، من پله‌ی یه‌م به‌ده‌ستهێنا جارێكیتر له‌ 2019 به‌ به‌شداری 62 وڵات من پله‌ی یه‌كه‌مم له‌ پاڵه‌وانێتی تایكواندۆی جیهانی برده‌وه‌، له‌ هه‌مان ساڵ جارێكیتر له‌ ئه‌نده‌نوسیا بوومه‌ پاڵه‌وان و تاكه‌ یاریزانی وڵاتی عێراق و كوردستانم ئه‌م پاڵه‌وانیتییه‌ بباته‌وه‌، وه‌ خاوه‌ن ژماره‌ی پێوانه‌یم له‌ شكاندنی شتایگه‌ر، كه‌ له‌سه‌ر ئاستی خۆم توانیومه‌ دوازده‌ شتایگه‌ر بشكێنم، كه‌س ئه‌و ژماره‌ی تۆمارنه‌كردووه‌.

*لێژنه‌ی ئۆلیمپی چی بۆ ئێوه‌ كردووه‌؟
- من خۆم داوام كرد، سه‌ردانی لێژنه‌ی ئۆلیمپی بكه‌م تا له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداری ده‌ستكه‌وته‌كانم بن، به‌ڵام ئه‌وان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پاڵپشتیان نه‌كردم، نه‌ له‌ ڕووی ماددییه‌وه‌ نه‌ له‌ ڕووی مه‌عنه‌وییه‌وه‌، ته‌نانه‌ت رێزلێنانێكیشیان پێ ڕه‌وا نه‌بینیم بۆمی بكه‌ن، كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌ته‌دا ئه‌و لێژنه‌ بۆ پاڵپشتیی وه‌رزشوانان و یاریزانان دامه‌زراوه‌.

*كاردانه‌ی ناسناوه‌كانت له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان چۆنه‌؟
- له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان خه‌لكێك هه‌یه‌ ره‌خنه‌ی توند و رووخێنه‌رم لێ ده‌گه‌رن به‌هۆی ئه‌وه‌ی پێم ده‌ڵێن: تۆ پاڵه‌وانی تایكوانۆ نیت، به‌ڵام بۆ به‌رچاو ڕوونی هه‌موو لایه‌ك یاری تایكواندۆ جۆری هه‌یه‌، ته‌نها یاریی جه‌نگی نییه‌، من خاوه‌نی ژماره‌ی پێوانه‌یم له‌ جۆری شكاندن، كه‌ به‌ زمانی كۆرییه‌كان پێ ده‌وترێت (كیۆك پا)، من نه‌مگوتووه‌ پاڵه‌وانی جۆری یارییه‌ كوشنده‌كانم.

* تا ئێسته‌ هیچ لایه‌نێك خه‌ڵاتی كردوون؟
- هه‌تا ئێسته‌ دوای ئه‌وه‌ی چه‌ندین جار له‌سه‌ر ئاستی ناوه‌خۆی كوردستان و عێراق یا له‌سه‌ر ئاستی جیهانی بوومه‌ته‌ پاڵه‌وان یا ئه‌نجامی باشم به‌ده‌ستهێنابێت، كه‌س خه‌ڵاتی نه‌كردووم، ته‌نانه‌ت دوای بوونه‌ پاڵه‌وان و خاوه‌ن ژماره‌ی پێوانه‌ی له‌ جۆری شكاندن، كه‌س ئاوڕێكی لێ نه‌دامه‌وه‌، كه‌چی جارێكیان كونسوڵی وڵاتی كۆریا له‌ كوردستان خه‌ڵاتی كردم، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی خۆمان خه‌ڵات و رێزلێنانێك به‌من ڕه‌وا نابینن.

بارزان ئەكرەم - هەولێر