ئاب 12, 2020

یانه‌ی ئاسۆ له‌ پێناو به‌هێزكردنی ژێرخانی وه‌رزشی گرێبه‌ستێكی بۆ ماوه‌ی 50 ساڵ واژۆ كردووه‌

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر

 

بەمەبەستی دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی یاریگەکەی یانەی ئاسۆی شاری هەولێر لە ئێستەدا، لەگەڵ یەکێک لە سەرمایەدارەکانی شاری هەولێر سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەی یاریگەکەیەتی بەشێوازێکی مۆدێرن، پڕۆژەکە یاریگەی تۆپی پێ و هۆڵی داخراو و دروستکردنی پەیژەی یاریگەو چەند ژورێکی کارگێڕی و خۆگۆڕینی یاریزانان لە خۆ دەگرێت، جگە لەوە یانەکە لەبەرانبەر بە پێدانی بەشێک لە زەوی یاریگەکە بەو سەرمایەدارە، کە دەیکات بە دووکان و بازاڕ ساڵانە بڕێک پارە وەردەگرێت، ماوەی پڕۆژەکەیش ٥٠ ساڵە.

پڕۆژەکە بۆ ماوەی ٥٠ ساڵ دەبێت
لە دەسپێکدا (حازم کازم) سەرۆکی یانەی ئاسۆ بەم جۆرە قسەی کرد و گوتی: لەپێناو باشترکردنی و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێز بۆ یانەی ئاسۆ گرێبەستێکی ٥٠ ساڵیمان لەگەڵ یەکێک لە سەرمایەدارەکانی شاری هەولێر واژوو کردووە، گرێبەستەکە بریتیە لە دروستکردنی یاریگەیەکی تۆپی پێ بە چیمەنێکی چوار وەرزی مۆدێرن و باش، هەروەها دروستکردنی هۆڵێکی داخراو، کە ٢٠ ساڵ جارێکیش ئەو سەرمایەدارە وەک لە گرێبەستەکەدا هاتووە تەواوی یاریگە و هۆڵە داخراوەکە نۆژەن دەکاتەوە.
دروستکردنی پەیژەیەی یاریگەکە کە شوێنی زیاتر لە ٥٠٠ هاندەر بگرێت، دروستکردنی شوێنی کارگێڕی بۆ یانەکە و شوێنی خۆگۆڕینی یاریزانان و پەیژەی هاندەرانی هۆڵی داخراوەکە بە پێی ستاندارد و بەشێوەیەکی مۆدێرن دەبێت.
لەبەرامبەردا ئەو سەرمایەدارە بەشێک لە یاریگەکە بۆ ئەو دەبێت بۆ ماوەی ئەو ٥٠ ساڵە، کە لە رێگەی دروستکردنی کۆمەڵێک دووکان سوودی لێ وەردەگرێت، وە ساڵا بڕی ٤٢ هەزار دۆلار دەدات بە یانەی ئاسۆ.

سوودی پڕۆژەکە بۆ یانەی ئاسۆ
سەرۆکەکەی یانەی ئاسۆ سوودی ئەو پڕۆژەیەی بۆ یانەی ئاسۆ ئاشکرا کردوو هێمای بۆ ئەوە کرد، ئەم پڕۆژەیە سوودی زۆری دەبێت بۆ یانەکەی ئێمە، کە بریتیە لەوەی ئێمە کە گرفتی نەبوونی یاریگەیەکی باش و هۆڵێکی ستاندارد و مۆدێرنمان هەبوو، ئەو کێشەیە چارەسەردەبێت و بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ وەرزشکاران دەتوانن یاری تێدا بکەن و شاەی هەولێریش دەبێتە خاوەن یاریگە و هۆڵێکی داخراوی باش.
هەروەها لەڕووی ژێرخانی وەرزشی بۆ یانەکە زۆر گرنگ دەبێت، ئەگەرچی ئەو بڕە پارەیەی ساڵانە وەریدەگرین، هەموو پێداویستی و خەرجیەکانی یانەکە پڕناکەتەوە، بەڵام فاکتەرێکی باشی بودجەی یانەکە دەبێت.

چۆن داهاتی یانەکە زیاد دەکەن؟
حازم کازم لەسەر دۆخی یانەی ئاسۆ زیاتر قسەی کرد و گووتی: لەگەڵ بوونی ئەو پڕۆژەیە و وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە، بەڵام هەموو خەرجیەکانی یانەکە چارەسەر ناکات و بیرمان لەوە کردۆتەوە لەچەند ڕێگەیەکی ترەوە داهاتی یانەکە زیاد بکەین، دوای تەواو بوونی ئەو پڕۆژەیە هەوڵدەدەین ئەکادیمیای تایبەت بە یاری باسکە و یارییەکانی تر دابنێین، کە ئەمە دوو سوودی دەبێت، لەڕووی داراییەوە بۆ ئێمە سوودی هەیە و داهاتی یانەکە باشتر دەبێت، لەڕێگەی وەرگرتنی بڕە پارەیەک لەو کەسانەی کە دێنە ئەکادیمیای یانەی ئاسۆ، سوودی دووەمی بۆ وەرزش بەگشتی دەبێت و هۆکارێکی باش دەبێت بۆ بوژانەوەی یارییەکانی تر و دروست بوونی جیلێکی نوێ لە یاریزان.

یاریگە و هۆڵی داخراوەکە بە چ شێوازێک دەبێت؟
هەر لەسەر پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی یاریگەی  یانەی ئاسۆ و چۆنیەتی کارەکانی سەرۆکی یانەکە دەڵێت، ماوەی تەواو بوونی پڕۆژەکە ساڵێک دوو مانگ بوو، بەڵام بەهۆی دۆخی کۆرۆناوە لەسەرەدا نەتواندرا کاربکرێ، ئێستە کە دەست بەکارەکان کراوە، لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو کارەکان تەواو دەبن، جیا لە یاریگەکانی تری کوردستان پێمان باش بوو، چیمەین یاریگەکە سروشتی چوار وەرزە بێت، نەک دەسکرد.
هەروەها گرێنتیشمان وەرگرتووە کە دەبێت بەچ شێوازێک دروست بکرێت، لەڕوی فلەتری ئاو بەشی ژێرەوەی یاریگەکە، بەجۆرێک بێت بتاندرێت بۆ ماوەیەکی دورو درێژ بەرگەی هەموو ساردی و گەرمی بگرێت، ئەگەر سەرکەوتوو نەبێت، خاوەن پڕۆژەکە دەبێت بۆمان چاک بکاتەوە، هەروەها هۆڵی داخراوی یانەکەیش بەشێوازێکی باش دەبێت، هەرچەندە بەهۆی بچووکی شوێنەکە لە ئاست داواکاری ئێمە نابێت، ڕووبەرەکەی ١٩ مەترە کە ١٥ مەتری دەبێت بە یاریگە و ئەوەی تریش شوێنی دانیشتنی یاریزانان و پایژەی دانیشتنی هاندەرانیش بۆ ١٥٠ کەس دروست دەکرێت، هەروەها ژووری خۆ گۆڕینی یاریزانانیش لەدەرەوەی هۆڵەکە دەبێت.

پڕۆژەکە ئەمانە لە خۆ دەگرێت:
یاریگەی تۆپی: ڕووبەرەکەی ١٠٠م درێژی ٦٥م پانی دەبێت
هۆڵی داخراو: ڕووبەرەکەی ١٩م ١٥ م یاریگە ئەوەی تر شوێنی دانیشتنی یاریزانان
دروستکردنی پەیژەی یاریگەی تۆپی پێ کە جێگەی ٥٠٠ هاندەر دەبێتەوە.
دروستکردنی پەیژەی یاریگەی هۆڵی داخراو بۆ ١٥٠ کەس
دروستکردنی ژووری خۆگۆڕینی یاریزانان بۆ یاریگەی تۆپی پێ و هۆڵی داخراو
دروستکردنی ژووری کارگێڕی بۆ یانەکە
دروستکردنی شوێنی دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەناو یاریگە

پڕۆفایل:
یانەی ئاسۆ لە سالێ ١٩٩٤ دامەزراوە
لە سەرەتای دامەزراندنی یانەکە تا ساڵی ٢٠٠٥یارییەکانی خۆی لە یاریگەی کرێکاران لەگەڕەکی ڕوناکی ئەنجامداوە دواتر هاتۆتە ئەو یاریگەیەی ئێستە کە لە گەڕەکی شارەوانیە.

© 2017 Hawler