کانونی دووەم 18, 2022

زۆرترین بینراو دیمانه‌

Error: No articles to display

لە چیرۆکی منداڵانەدا نابێت گەورە، ئامۆژگاریکەر بێت، بەڵکو دەبێت منداڵ خۆی تـــێدا ببینێتەوە

ديمانە: ئارام كۆشكی - سلێمانی

 

ئەژین عەبدولخالق، زیاتر وەکو وەرگێڕی بابەتی فکریی و نووسەر ناسراوە، نەک وەرگێڕانی چیرۆکی منداڵانە. بەڵام لە ئەزموونێکی نوێی کارکردنیدا کتێبێکی منداڵان وەردەگێڕێت بە ناونیشانی "لیسابێت دەنکە نۆکێک دەخاتە نێو لووتی" لە نووسینی نووسەری سویدی ئاسترید لیندگرێن و ئەو لە زمانی سویدییەوە کردوویەتی بە کوردی و "ناز عەلی عەوڵا" نیگارکێش، نیگارەکانی بۆ چاپە کوردییەکە کێشاوە و ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەندیش کتێبەکەی بە چاپ گەیاندووە و هەر لەم مانگەدا لە هەولێر لە کەمپی ئاوارەکانی بەحرکە 200 کۆپی لە کتێبە بەسەر منداڵاندا دابەش کرا و لە شاری سلێمانیش لە گەڕەکی خەبات نزیکەی 300 کۆپی دابەش کرا. ئێستا کتێبەکە لە کتێبفرۆشییەکاندا بەردەستە. بۆ ئاشنابوون بەم ئەزموونە نوێیەی خاتوو ئەژین ئەم دیدارەمان لەگەڵدا ساز دا.

• چۆن بیرتان لە وەرگێڕانی کتیبی منداڵان کردەوە؟ کە کارێکی هەستیارە و پێویستی بە تایبەتمەندی و پسپۆڕی هەیە؟
- پێم وایە مرۆڤ بۆیە منداڵ دروست دەکات، بۆ ئەوەی نموونەیەکی جوانتر لە خۆی لەم دونیاییە جێبهێڵێ، ئەوە سرووشتی مرۆڤە کە حەز بە پەروەردەکردنی منداڵ دەکات بە باشترین و پێداگۆژیترین شێوە کە دەیزانێ. وەک نووسەر خەمێکت هەیە شتێک لەم دونیاییە بگۆڕیت لە ڕێگای داهێنانی وشەوە. من هەم دایکم هەم نووسەرم، کەواتە ئەرکی من دووجار قورسترە. لەگەڵ کچەکەم فرۆکەخانەی چەندین وڵات گەڕاین لە نێو فڕۆکەخانەکاندا کتێبخانەی کتێبی منداڵان هەبوو، جگە لە فرۆکەخانەکانی کوردستان، کە ڕێک ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگای کوردییە و کتێبی تێدا نییە. هەمیشە پرسیاری کچەکەم بوو بۆ کتێب و چیرۆکی منداڵانمان نییە بە کوردی، هەستم بە شەرمەزاریێکی گەورە دەکرد، بۆ کتێبی منداڵان نییە لە نێو فرۆکەخانەکانی کوردستان، ئەو بەڕێزەی لە دەرەوەی وڵات دەژی و دەیەوێ منداڵەکەی کوردیێکی باش فێربێت، لە ڕێگای چ کتێب و سەرچاوەیەکەوە منداڵەکەی فێردەکات؟
وڵاتان کار لەسەر پەروەردەی منداڵەکانیان دەکەن لە ڕێگای کتێبەوە، بە کورتی دەتەوێ منداڵەکەت چی بێت ئەم جۆرە لە چیرۆکی فێربکە و بۆی بخوێنەوە. چیرۆکی لیسابێت نووسینی ئاسترید لیندگرێن، یەکەم چیرۆکی منداڵانی منە، کە لە سویدییەوە وەرمگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. ئەم چیرۆکە کاتی زۆر زۆری لێ بردم، نەک هەر من هی هاوڕێ نزیکەکانم و هی ناوەندی چاپەکەش. کتێبیکی گەوران قەت هێندە وردەکاری و ماندووبوونی ناوێ، چونکە یەک وشەی هەڵە بۆ من و تۆی گەورە هیچ لە باسەکە ناگۆڕێت و دەزانین هەڵەی چاپە، یان زمان و دیالێکت و یاری نووسەر بە زمان. بەڵام منداڵێك یەک هەڵە دەبێتە تاێکی گەرم لە جەستەی، منداڵ هەستیارە و ئاسان بەرگەی هەڵە ناگرێ، لەوەش گرنگتر لەوەیە تا دونیا ماوە هەمان هەڵەی زمانەوانی دووبارە بکاتەوە. نموونەشمان ئەو منداڵانەی دایکیان (ع) و (ح) لێک جیاناکەنەوە، منداڵەکانیان ئۆتۆماتیکی لێکی جیاناکەنەوە و هەمان هەڵەی دایکیان دووبارە دەکەنەوە. کەواتە هەڵە زمانەوانییەکە بەردەوام دەبێ. دەتوانم بڵێم، نەبوونی کتێبی منداڵان وەک پێویست هانی دام ئەم کتێبە و چەند کتێبێکی تریش وەرگێڕم. کتێبی فکریم وەرگێڕاوە ڕۆمانم نووسیوە، بە قەد ئەم کتێبەی منداڵان کاتی نەبردووم، بە تایبەت لە قۆناغی پێداچوونەوە و دیزاینی کتێبەکەدا.

• لەم مانگەدا یەکەم کتێبی ئاسترید لیندگرین بە وەرگێڕانی ئێوە لە ناوەندی ڕەهەند چاپ و بڵاو کرایەوە؛ وەرگێڕانی کارەکانی ئەم نووسەرە تا چەند گرنگی بۆ کۆمەڵگەی ئێمە هەیە؟
- ئاسترید لیندگرێن، کاریگەری یەکجار زۆری لەسەر چەندین نەوە لە منداڵانی سکەندەنافیا داناوە. هەر ئەمەش نا، وەرگێڕانی چیرۆکەکانی بۆ زیاتر لە سەد زمانی جیاواز وای کرد، کە بە یەک لە دە کاریگەرترین نووسەرەکانی بواری منداڵان لە دنیادا هەژمار بکرێت. ئاسترید کارەکتەرێکی منداڵانەی هەبووە، گەر ئاشنابیت بە چیرۆکەکانی تەواو هەست بەوە دەکەیت، منداڵێک فەنتاسیا و خەیاڵی خۆیت بۆ دەگێڕێتەوە نەک گەورەیەک، ئەم ژنە ڕۆحێکی منداڵانە و سەلیقەیەکی جوانی نووسین بوو. زۆرێک لە چیرۆکەکانی کراون بە فیلم و زنجیرە تەلەفزیۆنی منداڵان و تا ئێستاش لە بۆنەکانی کریستمس و سەری ساڵ سویدییەکان گەورە و بچووک سەیری دەکەن و وەک ترادیشونێک. گرنگی چیرۆکەکانی ئاسترید بۆ منداڵانی کورد لەوێدایە، کە ئاسترید کاریگەری تەواوی لەسەر منداڵانی کۆمەڵگای سویدی داناوە، کە ئازابن و کچەکان باوەڕی تەواویان بە خۆیان هەبێ، چیرۆکەکانی بە تایبەت کارەکتەری پی پی وای لە کچی سویدی کرد، کە لە هەموو دنیا بە ئازایەتی و باوەڕبەخۆبوونەوە ناودەرکەن.
بۆ من کە لە کۆمەڵگایەکم ئافرەت هێشتا ئۆبجێکتێکە و ژن خۆیشی زۆرجار لە یەکسانی لە ماف و یەکسانی لە ئەرک تێنەگەیشتووە، گرنگە لە ڕێگای چیرۆکی منداڵانەوە بتوانین نەوەێکی تەندروست پێبگەێننین.

• کارکردن بۆ دنیای منداڵان بە هەستی گەورانەوە لای نووسەرانی کورد دەبینرێت و تێکستەکان زیاتر لە شێوەی ئامۆژگارییدان، کە ئەمە چ زیانێکی هەیە؟
- یەکێ لە مەبەستەکانم لە پشتی وەرگێڕانی ئەم کتێبە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە پرسیارەکەی ئێوەوە هەیە، چیرۆکی منداڵان نابێت گەورە تێدا ئامۆژگاریکەر و خیتاببێژ بێت. بە پێچەوانەوە منداڵ دەبێ خۆی تێیدا بەڕێوبەر و چالاکەوان و کارەکتەری سەرەکی بێت. هەرمنداڵێک کە چیرۆکێکی منداڵان دەخوێنێتەوە دەبێ هەست بکات نووسەر لە ناخی ئەوەوە ئەم چیرۆکەی سازاندوە و دروستی کردووە. نەک لە دیدگای مرۆڤێکی گەورەوە. وەک باسمکرد ئاسترید بۆیە یەک لە تۆپ نووسەرەکانی دونیای منداڵە ئەو لە ڕۆحی منداڵانەوە دەینووسی. وەک ئەوەی منداڵ خۆی چۆن بیردەکاتەوەو چۆن ئەقڵی بە شتەکان دەشکێ و دەیانبینی و لەمسیان دەکات. پێموایە بەشێک لە دروست نەبوونی خوێنەری کورد و لاوازی بە کولتورکردنی خوێندنەوە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی مادە و کتێبی پێویست بۆ منداڵان. منداڵ حەزی لە ئامۆژگاری گەوران نییە و دەیەوێ بە ئەقڵ و خولیای خۆی چیرۆکەکان بنووسرێنەوە، نەک بە ئامۆژگاری و دیدگا و بینینێکی گەورانە.

• نووسەرانی کورد بەوە خۆیان لە نووسین لە بواری ئەدەبیاتی منداڵاندا دەدزنەوە کە نووسین بۆ منداڵان سەختە، وەکو نووسەرێک بیرتان لە نووسین نەکردووەتەوە بۆ منداڵان؟
- گوناح ناکەم گەر بڵێم نووسەری کورد، لە بێخەمترین نووسەرانین. جارێ ئەوەی بەلامانەوە گرنگ نەبێ مەسەلەی منداڵ و سرووشت و ئاژەڵ و هەموو ئەو باسانەیە، کە نووسەرانی دونیا پڵۆت و گروندی نووسینیانی لەسەر بوونیاد نراوە. ئێمە هێندەی دەست بۆ خەمی گەورە دەبەین لە نووسیندا، وەک کۆچڕەو و ئەنفال و هتد، هێندە نەمانتوانیوە لە ڕێگای خەمەکانیترەوە گوزارشت لە خۆمان بکەین. بە گشتی کارەکتەری کوردی کارەکتەرێکە له خەمی ڕابردوو دەژی و هەم و خەمی داهاتووی نییە. زۆرینەی نووسەری کورد زیاتر لە یەک زمان دەزانێ، کامیان بوێری ئەوەیان هەیە کتێبێک بۆ منداڵان وەرگێڕن، لە کاتێکدا هەژارترین کتێبخانەی کوردی منداڵانمان هەیە.

• پرۆژەی نوێتان بۆ دونیای منداڵان چییە؟ ئایا لە وەرگێڕانی کارەکانی دیکەی ئاسترید لیندگرین بەردەوام دەبن؟
-حەز دەکەم کات و بوار هەبێ چەند چیرۆکێکی تری وەرگێڕمە سەر زمانی کوردی، یەکێک لە هیواکانم دەهاتە دی ئەگەر هاتوو کتێبی منداڵان هێندە زۆر بێ بە کوردی، ئیتر کە منداڵان یەکتر دەبینن گفتوگۆی ئەو چیرۆکانە بکەن کە خوێندوویانەتەوە. چەند خۆش دەبوو منداڵی من و تۆ فێری خوێندنەوە بێ لە ڕێگای چیرۆکی خۆش خۆشەوە، نەک مەجبوور بێ تەنیا و تەنیا ئەو کتێبانە بخوێنێتەوە کە مامۆستا و قوتابخانە فەرزی دەکات بیخوێنێتەوە. یەقینم لەوەی خوێنەوار بە کتێبی مەکتەب دروست نابێ، خوێنەوار بەو کتێبانە دروست دەبێ کە لە دەرەوەی پڕۆگرامن. زۆرن ئەو منداڵانەی لە دونیادا پێش چوونە مەکتەب دەتوانن بخوێننەوە، ئەوانەشی کە کتێب دەخوێننەوە لە هەموو پۆلێکدا مامۆستاو پرۆگرام تێدەپەڕێنن.

© 2017 Hawler