کانونی دووەم 18, 2022

زۆرترین بینراو دیمانه‌

Error: No articles to display

خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی: پۆستی سەرکۆمار و هیچ پۆستێکی دیکە بۆ لایەنەکان مۆنۆپۆل نەکراوە

سارا سەباح - هه‌ولێر

 

خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پێسوەختەی عێراق، لەم هەڤپەیڤینەی لەگەڵ "هەولێر" کۆمەڵێک تەوەری تایبەت بە هەڵبژاردن و پەیوەندی لایەنە سیاسییەکان و ئامادەکاری پارتی بۆ هەڵبژاردن دەخاتەڕوو؛

* ئەو سیستەمە نوێیەی بریارە لە هەڵبژاردنی پیشوەختەی عێراق پەیڕەو بکرێت لە بەرژەوەندی کام لایەن و زیانی کام لایەنە؟
خەسرۆ گۆران: ئەوەی لێڕاهاتبووین سیستەمی یەک بازنەیی هەڵبژاردن بوو لە عێراق، بەجۆرێک کورد لە بەسرەش بووایە دەیتوانی دەنگ بە هاوپەیمانی کوردستانی بدات، ئەوە لە قازانجی ئێمە بوو، چونکە دەمانتوانی کورسی زیاتر بەدەستبێنین و دەنگەکانمان کۆدەکرانەوە، دوای ئەوە لە ٢٠١٠ سیستەمی هەڵبژاردن کرایە ١٨ بازنە ، هەر پارێزگایەک و بازنەیەک، لە یەک بازنەییدا ٧٧ کورسیمان هەبوو، بە ١٨ بازنەوە کورسیمان کەمی کرد بۆ ٦٠ کورسی، ١٧ کورسیمان لەدەستدا، ئێستا کە هەر پارێزگایەک چەند بازنەیەکە، ئەوە لە بەرژەوەندی پارتە گەورەکانە، چونکە جەماوەریان زیاترە، دەنگدەریان زۆرترە، بەڵام حیزبە بچووکەکان ئەگەر هاوپەیمانی دروست نەکەن، تووشی کێشە دەبن، بۆچی؟ چونکە ناتوانن دەنگەکانیان کۆبکەنەوە و پەرت دەبێت، بۆ نموونە حیزبێکی بچووک دەیتوانی لە هەموو پارێزگاکە دەنگ کۆبکاتەوە، بەڵام ئێستا ناتوانێ بۆیە هەڵبژاردنەکە بۆ حیزبە بچووکەکان زەحمەتترە .

* بۆچی پارتی بڕیاریدا بە تەنیا بەشداری هەڵبژاردن بکات؟
- ئێمە قەت لەگەڵ ئەوە نەبووین بە تەنیا بەشداری هەڵبژاردن بکەین، بەتایبەت لە ناوچە دابڕاوەکان، ئێمە لە رابردوودا سەرکێش بووین بۆپێکهێنانی هاوپەیمانی کوردستانی،ئێمە ئەو هاوپەیمانییەمان دروست کرد. لە دوو ساڵی رابردووشدا کە بڕیاردرا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکرێت، ئێمە دەستپێشخەربووین لە دروستکردنی هاوپەیمانی کوردستانی لە کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان، بۆ ئەوەمان بوو دەنگی کورد لەو ناوچانە نەفەوتێت،ئەمجارە نەکرا چونکە هەندێک کەموکوڕی هەبوو لە پەیوەندی نێوان لایەنەکان و لێکتێنگەیشتن هەبوو، هەروەها یاسای هەڵبژاردنیش گۆڕا، لیست نەما، تۆ ناتوانی لیست دروست بکەی بۆ دەنگدان تەنیا دەتوانی هاوپەیمانی دروست بکەی،پێشتر هەموو کاندیدەکان دەچوونە یەک لیست لە کەرکووک، کوردی کەرکووک دەنگی بەو لیستە دەدا، دواتر لە نێو کاندیدەکانیش دەنگی بە کێ دەدا، ئەوە کێشە نەبوو، ئێستا ئەوە نەماوە، ئەگەر یەکێتی کاندیدی هەبێت، دەبێت دیاری بکرێت کاندیدە لە کام بازنە،یان ئەگەر پارتی کاندیدی هەبێت دەبێت بڵێ فڵان کاندید لەم بازنەیە کاندیدە، دەنگ بۆ کاندید دەبێ، بۆیە گرنگی هاوپەیمانی کەمترە لە جارانی پێشوو، بەڵام ئێمە هەر لەگەڵ هاوپەیمانیداین، ئەگەر بە جیاش بەشداربین بچینە بەغدا هەوڵدەدەین بلۆکی کوردی یەک بلۆک بێ، هەر داکۆکیکاری مافەکانی خەڵکی کوردستانیش دەبین.

* بەڵام بەجیا بەشداریکردنتان جۆرێک لە غرووری سیاسی پێوە دیار نییە؟
-بەو قسانە بوختان بە پارتییەوە دەکەن، پارتی قەت مەغروور نەبووە، لە ٢٠٠٥وە هەردەم لەگەڵ یەکڕیزی دابووە، لە هەموو هەڵبژاردنەکانی پێشتریش بە تەنیا بەشدارنەبووین، لە ساڵی ٢٠٠٥ بە هاوپەیمانی کوردستانی، لە ٢٠١٠ بە رێککەوتنامەی ستراتیژی لەگەڵ یەکێتی و بە هاوپەیمانی بەشداربووین، لە ٢٠١٤شدا کە داعش هات و قەیرانی دارایی دەستیپێکرد، هەموو لایەنەکان ویستیان بە تەنیا بەشداری هەڵبژاردن بکەن، بۆیە پارتیش کەوتە ئەمری واقیع و بەتەنیا بەشداری کرد، ئێستاش هەموو لایەنەکان بە تەنیا بەشدارن، چی بووە تەنیا یەکێتی و گۆڕان جۆرێک لە لێکتێگەیشتنیان هەیە پاڵپشتی یەکدی بکەن، بەجۆرێک هەرلایەنێک لەناوچەیەک کاندیدی نەبێ پاڵپشتی ئەوی دیکە بکات، ئەوە لێکتێگەیشتنە نەک هاوپەیمانی

* پارتی و گۆڕان لە یەکدی نزیکتر بوون بۆ هاوپەیمانی نەک گۆڕان و یەکێتی، رێککەوتنی حکومەتیشتان هەیە، پەیوەندی بەوە هەیە کە دەنگی گۆڕان لە سلێمانییە و ئێوەش بەجۆرێک دەستتان لەگەڵ نەرمکردن بۆ ئەوەی نفوزیان نەفەوتێ لە سلێمانی، گۆڕان پرس و ڕای پێکردن بۆ ئەو هاوپەیمانییە؟
-ئێمە سەرکردایەتی گۆڕان نین، ئەوان سەرکردایەتی خۆیان هەیە، پارتێکە بەشدارە لە حکومەت و خاوەن بڕیاری خۆیەتی، ئەوان ئازادن چۆن بڕیار دەدەن، بەڵێ زانیاریمان هەبوو لە سەرەتاوە کە هەوڵێک هەبوو بۆ ئەوەی هەردوولا جۆرێک لە هاوپەیمانی دروست بکەن

* راستەوخۆ و ناڕاستەخۆ دەگوترێت پارتی هەر یەکەم دەمێنێتەوە، ئەوەی دەیڵێن شەڕی دەروونیە لەگەڵ لایەنەکان یان راپرسیتان کردووە و دەزانن دەنگەکانتان چۆنە و چەند کورسی دێنن؟
-سەرکردەی حیزبەکانی دیکە خۆیان دەڵێن؛ پارتی لەگەڵ چینیش هەڵبژاردن بکات یەکەم دەبێ. ئەوە ئێمە نین وادەڵێین. پارتی وەکو هەر لایەنێكی دیکە هەوڵدەدات یەکەم بێت و پێگەی خۆی وەکو حیزبی یەکەم لە هەرێمی کوردستان و عێراق یەکەم بێت لە ئاستی حیزبدا.

* پرسیارم کرد پێشبینی دەکەن چەند کورسی بەدەستبێنن، راپرسیتان کردووە؟
-من ناتوانم هیچ ژمارەیەک بۆ کورسی بڵێم، بەڵام حەتمەن پارتی هەوڵدەدات پێگەی خۆی لە عێراق بپارێزێت، چاومان لەوەیە کورسی زیاتر بەدەستبێنین نەک کەمتر.

*بەڵام ئێوە دەزانن دۆخی ناوچە کوردستانییەکان باش نییە، کورد لەو ناوچانە دەسەڵاتی نییە، دەنگتان لەو ناوچانە کەمدەکات یان چ کاریگەرییەکی دەبێ ئەو دۆخە سەربازی و ناسەقامگیرەی لەو ناوچانە هەیە؟
-بێگومان کاریگەری دەبێ وبارمان قورسە، پێشتر خۆمان لەوێ بووین و بارەگامان لەوێ بوو و دەسەڵاتدار و حاکم بووین، لە ناو خەڵک و جەماوەری خۆمان بووین، خەڵکی ئێمە ئاوارە نەبوو، دەزانین ئەرکمان قورسە، سەرەڕای ئەوەش هەوڵدەدەین خەڵک و دەنگدەری خۆمان ببەینە سەر سندوقی دەنگدان بۆ ئەوەی پێگەی کورد لەو ناوچانە لاواز نەبێ کورسی بەدەستبێنین، ساڵی ٢٠١٨ ئێمە بە هەمان شێوە لە موسڵ نەبووین، بەڵام ٦ کورسیمان بەدەستهێنا،ئەمجارە هەوڵی کورسی زیاتریش دەدەین.

*هەڕەشە و ترسی سەر کاندیدی پارتی ئەگەرێکە لە ناوچە کوردستانییەکان، ئەگەر هەڕەشە لە دەنگدەر و کاندیدانتان کرا، هەڵوێستتان چی دەبێت؟
-بەپێی دەستووری عێراق، هەموو کەسێک لە ناوخۆ بێ یان لە دەرەوە، مافی خۆ کاندیدکردنی هەیە ودەبێت رێزی لێ بگیرێت، مافی دەنگدان بۆ هەمووانەو دەبێت بدرێتە هەموو کەسێک،بەهیچ شێوەیەک رێگەنادەین هەڕەشە لە کاندیدانمان بکرێت و هەر هەوڵێکیش وا هەبێ سەرکۆنەی دەکەین، تانەش لە هەر بڕیارێک دەدەین دژی کاندید یان دەنگدەرانمان بێ لە هەر پارێزگایەک،لەسەر ئەو پرسەش سەردانی بەغدامان کردووە و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و لایەنی حکومیش قسەمان کردووە، کە دەبێ مافی کاندید و دەنگدەرانمان لەو ناوچانە پارێزراو بێ،زیاتر لەوەش داوامان کردووە بارەگاکانمان بدرێتەوە و رادەستمان بکرێتەوە بۆ ئەوەی بچینەوە ئەو ناوچانە،چونکە کاری سیاسی ئازادە بۆ هەموو لایەنێک و نابێ قەدەخە لەسەر هیچ لایەنێک هەبێ لە هەر شوێنێکی عێراق بێ

* بژاردەی بایکۆتتان تاوتوێ کردووە، ئەگەر لە ناوچە کوردستانییەکان نەتانتوانی بانگەشە بکەن؟
- ئێمە لە ٢٠١٨دا لە کەرکووک بڕیارماندا بایکۆت بکەین، بەڵام ئەمجارە تاوەکو ئێستا بڕیارمان ئەوەیە لە هەموو ناوچە کوردستانییەکان بەشداری هەڵبژاردن بکەین
*لەگەڵ سائیروون گفتوگۆتان هەبوو و لەیەکدیش نزیک بوون، دەگوترێت بەنیازن لە حکومەتی داهاتووی عێراق پێکەوە بن و هاوپەیمان بن، ئەوە راستە؟
-ئێمە لە هەموو لایەنەکان نزیکین، سەردانی هەموو لایەنەکانمان کردووە، ئەوانیش بە هەمان شێوە، لەبەغدا لەگەڵ سائیروون، حیکمە، دەوڵەتی یاسا و لایەنی دیکەش دانیشتووین، ئەوانیش چ شیعە یان سوننە سەردانیان کردووین، تاوەکو ئێستا هاوپەیمانیمان لەگەڵ هیچ لایەنێک نییە، بۆ لێکتێگەیشتنیش رەنگە هەندێک لایەن نزیکتر بن لە هەندێکی دیکە بۆ ئێمە، بەڵام لەگەڵ هەموو لایەنەکان چ سوننە شیعە گفتوگۆمان هەیە و دەرگامان واڵایە هاتووچۆش بەردەوامە، بۆ پێکهێنانی حکومەتیش ناتوانین ئێستا بڕیار بدەین ،ئەنجامی هەڵبژاردن دیاری دەکات لەگەڵ کێ دەبین لە حکومەتدا .

* بەڵام لەکام لایەن نزیکن، کێن ئەوانەی بە زارەکی لەگەڵ پارتین و رازین هاوپەیمان بن؟
-ئێمە پێش هەموو شت لەگەڵ نزیکی لایەنەکانی کوردستانین، وەکو پێشتر، ناکرێت لەسەر بودجە و مووچە و نەوت و پرسی دیکە کێشە هەبێت لە نێوان لایەنەکانی کوردستان، گەورەتر لە کێشەی مووچە و بودجە ئایندەی ناوچە کوردستانییەکانە، دەبێ پێکەوە بین لەگەڵ لایەنەکان و هەوڵی چارەسەری دۆخی ئەو ناوچانە بدەین، لەگەڵ کێش نزیکین، وەکو باسم کرد لە هەندێک لایەن نزیکترین هۆکارەکەشی لێکتێگەیشتنی باشترە، رابردوومان پێکەوە باشتر بووە لەگەڵ هەندێك لایەنی عێراقی مێژوو و خەباتمان پێکەوە بووە بۆیە لەگەڵیان نزیکین.

* دێمە سەر پرسێکی دیکە قسەی پێشوەختەی پارتی چییە لەسەر پۆستی سەرکۆمار، وا تێبینی دەکرێت یەکێتی ئەو پۆستە بە ئیستیحقاقی خۆی بزانێ؟
-پۆستی سەرکۆمار ئیستیحقاقی کوردە، لە ساڵی ٢٠٠٥وە بووەتە عورف ئەو پۆستە لای کورد بێ، بەپێی رێککەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەکێتی ئەو پۆستە ئەوکات درایە یەکێتی و خوالێخۆشبوو مام جەلال تاوەکو کۆچی دوایی کرد، دواتریش درایە د.فوئاد مەعسوم، لە ئایندەشدا بێ گومان جۆرە لێکتێگەیشتنێک دەبێ بۆ ئەو پۆستە، بەڵام ئەگەر بڵێی ئەو پۆستە مۆنۆپۆلە بۆ یەکێتی، هیچ شتێک بۆ هیچ لایەنێک مۆنۆپۆل نییە بۆ هیچ لایەنێک، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیش مۆنۆپۆل نییە بۆ پارتی، سەرۆکایەتی حکومەتیش، ئەنجامی هەڵبژاردن بڕیار دەدات لەسەر یەکلایی کردنەوەی ئەو پۆستانە.

*واتە پارتی بەنیازە پۆستی سەرکۆمار وەربگرێت؟
-ئێمە نازانین جارێ، هێشتا هیچ بیرکردنەوەیەکی وامان نییە.

* وا دەردەکەوێ هەڵبژاردنی ئەمجارە گرنگ و چارەنووسساز بێ، هەڵبژاردنەکە چی لە ریزبەندی سیاسی عێراق دەگۆڕێت، شیعە و سوننەش لە نێوان خۆیان تەبا نین؟
-بڕواناکەم هەڵبژاردنەکە شتێکی ئەوتۆ لە پرۆسە و دۆخی سیاسی عێراق بگۆڕێت، ئێستا ئەگەر سەیری ریزبەندی سیاسی بکەی، هاوپەیمانی سائیروون بە ٥٤ کورسی یەکەمە و دوای ئەویش هاوپەیمانی فەتح بە ٤٧ کورسی، هاوپەیمانی نەسر بە ٤٢ کورسی پلەی سێیەم و لە پلەی چوارەمیش پارتییە، پارتی لە پلەی چوارەم و یەکێتی لە پلەی حەوتەمی ریزبەندی کورسی لایەنەکانە لە پەرلەمان،گۆڕانیش لەوانەیە لە پلەی پازدە یان شازدە بێ،پێشبینی دەکەین ئەو ریزبەندییە هەر وا بمێنێتەوە رەنگە گۆڕانکارییەکی کەم رووبدات،لەگەڵ ئەوەش هەندێک لایەن دەنگیان زۆر کەمدەکات و دەچنە خوارەوە ،پێشبینی دەکەم هاوپەیمانی نەسر کورسی کەم بکات،چونکە ئەو سیستەمە نوێیە رەنگە گۆڕانکاری لە ریزبەندی سیاسی دروست بکات .

*کە باسەکە دێتە سەر یەکڕیزی پرسیار دروست دەبێ، بۆ شیعە لە پرسی هەستیاردا سەرەڕای ناکۆکی یەکدەگرن، بەڵام کورد وانییە لە بەراوردی ناکۆکیدا کورد لە نێوخۆی یان شیعە ناکۆکترن ؟
-بە داخەوە لە پرسە هەستیارەکاندا، عەرەب بەشیعە و سوننەوە یەکدەگرن، لەوانە لە پرسی بودجە، دۆخی ناوچە دابراوەکان هاوهەڵوێستن، بەڵام کورد وانییە یەک ناگرێت لەو پرسانەدا، قوربەسەری کورد ئەوەیە و لەبەرئەوە نەبووینەتە دەوڵەت، چونکە لەکاتی تەنگانەدا یەکناگرین.

* پارتی دەتوانێ وەکو حیزبی یەکەم لە رووی ژمارەی کورسییەوە یەکەم بمێنێتەوە؟
- بێ گومان ئێمە هەوڵدەدەین هەر حیزبی یەکەمی کوردستان بمێنینەوە چ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یان لە پەرلەمانی کوردستاندا.

*پێشبینی دەکەن ژمارەی دەنگەکانتان کەم بکات یان زیاد ؟
-من نامەوێت شتێک بڵێم دواتر وا دەرنەچێ، بێ گومان ئێمە توێژینەوەی خۆمان کردووە، بۆ ئەوەی بزانین چەند کورسی بەدەستدێنین، نەک تەنیا بۆ خۆمان بۆ لایەنەکانی دیکەش، بەڵام لە ئێستاوە نایدرکێنین.

© 2017 Hawler