ئەم پەڕەیە چاپ بکە

كۆتایی ھەڵبژاردن ، سەرەتای ئاستەنگی ڕاستەقینە لە ئێراق

مەشخەڵ كەوڵۆسی

 

ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، شۆكێكی گەورەبوو بۆ زۆرینەی هەرە زۆر هێزە سیاسییەكان لەئێراق. هەموو ئەو هێزانەی كە خۆیان بۆ سەركەوتنی گەورە ئامادەكردبوو" جگەلە پارتی دیموكراتی كوردستان و ڕەوتی سەدر" ئیدی هێزەكانی تر بەبراوەكانیشەوە، تووشی شۆك
بوون و، ئەنجامەكە لە ئاستی چاوەڕوانییەكانی ئەواندا نیە. ئەنجامەكان بەجۆرێك شۆكهێنەرن، چەندین هێزی كاریگەر و خاوەن سەنگی هەڵبژاردنەكانی پێشووی كردۆتە دەرەوەی كایەكە.
هیچ ئیسرێكی مێژووی و شۆرشگێڕی نەبووە فریادڕەسی لایەنەكان.
بەڵام لەوەش شۆكهێنەرتر، ئەوەیە كاتێ سەرنجی ئەنجامەكان دەدەین، دەبینین هەموو ئەو هێزانەی كەبەجۆرێك لەجۆرەكان لەسەر هێڵی سیاسەتی ئێرانی ژمێردراون، پاشەكشەیان كردووە، هەندێكیان تەنها پاشەكشە نیە، بەڵكو تاڕادەی سفربوونەوە
ڕۆشتوون.
بەچاوخشاندن بەسەر نەخشەی یارییەكەدا، نابێ قورسایی بەرەی "بایكۆت" و دەنگی ناڕازی هەرگیز نادیدە بگیرێت، بەڵكو ئەگەر بەواقیعی سەیر بكەین، پێم وایە پێشبڕكێی لەمڕۆ بەدواوە، بۆ حیزبەكان ئەوەیە كامیان سەركەوتووتر دەبن لەئاشتكردنەوەی ناڕازییەكان و جەماوەری بایكۆتدا؟.
هەرچۆن بێت، پێویستە مامەڵە لەگەڵ ئەنجام و كاریگەری و لێكەوتەكانیدا بكەین، بۆ ئەم مامەڵەیەش دوو سیناریۆمان لەبەردەستە و سێیەمیان نیە.
یەكەم: ئەگەرچی لەكوردستان و لە ئێراقیش هەندێ دەنگی وەكو "هادی عامری" ناڕازین بە ئەنجامەكە، بەڵام پرسیاری ئەم سیناریۆیە ئەوەیە: ئەگەر لایەنەكان ڕازی نەبن بە ئەنجامەكان، دۆخی سیاسی و ئەمنی ئێراق بەكوێ دەگات؟ چۆن كورد خۆی بۆ ئەگەرێكی لەو جۆرە ئامادە بكات؟.
دووەم: ئەگەر لایەنەكانیش قایل بوون بە ئەنجامەكان، ئەوجا نەخشەی سیاسی و هاوكێشەكان چۆن دادەڕێژرێنەوە؟ كورد چۆن و بەچ ئامادەكارییەكەوە بەپیر ئەم ئەگەرەوە بچێت؟.
بەڕای زۆرێك لەئاگایان، وێڕای ناڕەزایی هەنوكەیی هەندێك لایەن، بەڵام دواجار ڕێگەیەكی تریان لەبەردەمدا نیە جگەلە ڕازی بوون بەو ئەنجامانە، یان گرتنە بەری ڕێكارە دەستورییەكان بۆ دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكان.
لەهەردوو حاڵەتەكەدا مامەڵەكە سیاسی و یاسایی دەبێت. كوردیش پێویستە بۆ هەردوو ئەگەرەكە ئامادەبێت و بەتەواوی
خۆی تۆكمە و تەیار بكات.
ڕەنگە ئامادەسازی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەنجامەكاندا، واقیعیترین سیناریۆبێت، چونكە ئیستا ئەوە فاكتە و لەبەردەستە و ئەگەرەكانی تر، تەنها ئەگەرن. ئەگەرچی وڵاتانی ئیقلیمیش هەوڵ بدەن ئەم فاكتە ببەزێنن.
بۆیە دەپرسم: كورد بەنیازە لەم حاڵەتەدا چۆن بچێتە بەغدا؟ چۆن پۆستەكانی ئەمجارە دابەش دەكات؟ بەتایبەتی چارەنوسی پۆستی سەرۆككۆمار چۆن دەبێت؟ ئایا بەلۆژیكی زۆرینەو كەمینە دەبێت؟ یان بە تەوافوق پۆستەكان یەكلایی دەكرێنەوە؟.
جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕۆژی ٦ی۱۰ لەگەرمەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا، لەسلێمانی كۆمەڵێك كۆدی فڕێدایە ناو كایەكە كە بۆ ئێمەی چاودێران بایەخی خۆیان هەبوو. نێچیرڤان بارزانی بە دەنگێكی بەرز گوتی: لەپێناوی كوردستاندا،
پارتی ئامادەیە لە بەشی خۆی، بەشی هاوپەیمانەكانی بدات".
ئەم كۆدە ڕەنگە بۆ دڵنیایی دان بەوەی پارتی ئامادەیە تەوافوق لەسەر پۆستەكان بكات، پەیامێكی دڵخۆشكەر بێت بۆ یار و نەیاری پارتی.
مادەم ئەوان ئامادەبن لەبەشی خۆیان ببەخشن، بۆیە لە ئیستاوە چاوەڕوان دەكرێت پارتی هەموو لایەنە كوردییەكان كۆبكاتەوەو، تەوافوق بكەن لەسەر پۆستەكانی بەغدا.
تەوافوق بەهەمان مۆدیلی پێشووی پرۆسەی سیاسی لەئیراق، واتە كورد وەك یەك بەرەی خاوەن ستراتیژ و بەیەك گوتار بچێتەوە بۆ بەغدا.
هیوادارم كوتەلەی كوردی ئەمجارە وەكو یەك جەستە لەوێ بن، كۆبوونەوەی خولاویان هەبێت، یەك وتەبێژیان هەبێت بۆ میدیا، لیژنەی پلانی كاریان هەبێت.
كۆبوونەوەی خولاویان لەگەڵ سەركردایەتی سیاسی كوردستان هەبێت.
جگەلەوەش تیمێكی ڕاوێژكاری یاساییان هەبێت بۆ ئەوەی لایەنە عەرەبییەكان نەتوانن فێڵی یاساییان لێ بكەن. هەروەها تیمێكی دیراساتی سیاسییان هەبێت.
جگەلەوەش ئەنجومەنێكی گشتییان هەبێت بۆ ئەوەی هەموو پێشهاتە
تازەكان لەوێدا شەنوكەوبكرێن و بڕیار وەربگیرێن.
بەوەش دەبنە تیمێكی پەرلەمانی كە بتوانن شۆڕشی یاسایی بۆ پاراستنی مافەكانی كورد دروست بكەن، لەدەرەوەی ئەو ستراتیژە كوردستانییە، بڕواناكەم خەباتی ئەمجارەی پەرلەمانی هیچ سودێك بەكورد بگەیەنێت.