ئەم پەڕەیە چاپ بکە

با خۆمان لە لێدوانی فیزاوی بپارێزین

عومەر چنگیانی 

 

هەر دوو ڕۆژێک تێپەڕیبوو بەسەر ڕاپەڕاندنی ڕێفراندۆمە پڕ بەها مێژوویەکەماندا، کە لە ژێر سەردێڕی ' با خۆمان لە لێدوانی غروورئامێز بپارێزین'دا بابەتێکم نووسی و لە لاپەڕە “۹” ی ڕۆژنامەی هەولێری ژمارە ۲٦۹۳ سێشەممە ۲۷ی ئەیلوولی ۲۰۱۷ بڵاو كرایەوە؛ ئیمڕۆیش لە کەشوهەوایەکی دیکەدا و دوای هەڵبژاردنێکی پێشوەختە لە وڵاتدا لە ۱۰ی ئۆکتۆبەری۲۰۲۱دا بۆ دەنگدان بە بەربژێرانی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق و بەدیارکەوتنی لایەنی یەکەمی سەرکەوتە لە ئاستی هەرێمی کوردستاندا، بە پێویستی سەرشانمی دەزانم لەگەڵ خۆشحاڵیم بەو سەرکەوتنەکەدا، هەمان بابەت بخەمەوە بەر دیدی ئێوەی بەڕێز کە ئەوکات گوتوومە؛ پشتیوان بە خوا بە ئەركی دەزانم گوڵخەرمانی ئەمڕۆم تەرخان بكەم بۆ بیرهێنانەوەی دوو نموونەی قورئان دەربارەی نەچاوپۆشیكردنی
خوا لە وتاری غروورئامێز با كەسەكە پێغەمبەری خوایش بووبێت!
نموونەی یەكەم/ موسا پێغەمبەر سڵاوی خوای لێ بێت
وەك سەرچاوەی دروست بۆمانی باس دەكەن، “رۆژێكیان موسا پێغەمبەر سڵاوی خوای لێ بێت، لەنێو كۆمەڵێك لەشوێنكەوتووەكانیدا، سەرگەرمی ئامۆژگاری و گەیاندنی پەیامی خوا دەبێت؛ كابرایەكی جوولەكەی خاوەنبڕوا، كە زۆر دەبێتە شەیدای گفتارەكەی موسا و كار لە دەروونی دەكات، پێی دەڵێ: ئەرێ گەورەم! كەست شك دێت كە لە جەنابت شارەزاتر بێت؟ ئەویش بێ سێ و دوو لێكردن، دەفەرمێت: نەخێر! یەكسەر خوای گەورە نیگا دەنێرێ بۆ موسا و پێی دەفەرمێت: بەڵێ بەندەی وامان هەیە كە لە تۆ زۆر شارەزاترە؛ ئیتر ڕێی پێ نیشان دەدات كە بڕوات بەندە شارەزارترەكە
ببینێت ”۱”.
قورئان لە سوورەتی (كەهف)دا باسی لێ دەكات و چەندین فەرموودەی دروستی پێغەمبەریش - دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت - بۆمانی ڕوون دەكاتەوە، كە ئەو گەشتە فەراهەم هات، كە “خدر” تیایدا چەندین دەرسی پێویستی بە موسا دادا و، بچوكترینیان ئەوە دەبێت، كە هەر لەسەرەتای گەشتەكەدا دەبن، دەبینن: پەلەوەرێك نزم دەبێتەوە بۆ سەر دەریا و دەندووكێكی لێ دەدات و دەفڕێت، لەوێدا خدر لە مووسا دەپرسێ: “ ئەرێ ئەو پەلەوەرەی كە بینیت، توانیی چەند لەو ئاوە كەم بكاتەوە؟ دە بزانە چەندێتی نێوان ئاوەكەی دەنووكی ئەو و دەریاكە چۆنە، نێوان زانستی من و تۆ، لە ئاستی زانستی خوای پەروەردگار، هێندەیە”. لێرەوە دەڵێین: باشە ئەگەر موسا، كە پێغەمبەری خوا بووە و لەناو هەموو پێغەمبەراندا، بە”كەلیم”، ناراوە و زۆرجار ڕاستەوخۆ بەبێ جبرەئیلی فریشتەی نیگا، لەگەڵ خوای گەورەدا دواوە، ئەمە حاڵی بووبێت كە خوا قەبووڵ نەكردبێت لێی و، تووشی حاڵەتی خۆنەناسی ببێت، داخۆ فیز و لەخۆباییبوون، لە هیچ كەسێكی دیكە قەبووڵ دەكرێت؟ جێی خۆیەتی هەموو گەورەیەك زۆر بە وردی ڕەفتار و هەڵسوكەوت بكات لەگەڵ ئەوانەدا كە دەیانەوێت بە پێداهەڵگوتن و پەسناندنی بێسنوور و فێڵاوی، لە خشتەیان ببەن! مێژوو چەسپاندوویەتی كە زۆرجار
ئەو جۆرانە ئیشەكەیان كاتی و بەرژەوەندیخوازانە بووە و بەس.
نموونەی دووەم/ لە جەنگی حونەیندا
وەك سەرجەم سەرچاوەكانی تەفسیر و فەرموودە و سیرە بۆمانی باس دەكەن، دوای ئەوەی كە خوای گەورە سەركەوتنی زۆری کردە قسمەتی پێغەمبەرەكەی و یارانی و دوایین شوێنی زەوتكراوی گەورە و پیرۆزی لای مسوڵمانان واتە مەككەیان ڕزگار كرد و لەو”فەتح”ەدا زیاتر لە دەیان هەزار كەس لە خزمەت پێغەمبەردا بوون و خەڵكانێكی زۆر و خێڵەكییەكان هاتنە نێو بازنەی ئیسامەوە و وای دەخواست كە بۆ دوایین جار ئەو ناوە پاك بكرێتەوە، ئیتر پێغەمبەر دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت و زۆرێك لە یاران بە سوپایەكی گەورەوە، بەرەو ”تایف”، بەڕێ کەوتن. ئەوە بوو لەوكاتەدا یەكێك لە یاران – خوایان لێ ڕازی بێت - كە چاوی بەو هەموو هێزە كەوت، بە فیزەوە گوتی: ئەمڕۆ ئێمە ئەوەندە بەهێزین كە دەرەقەتمان نایەت و چارمان ناکات؛ دوای ئەو لەخۆباییبوونە، لە “دە”ی شەوالی ساڵی هەشتی پێغەمبەرایەتیدا، لە شیوەڵی حونەیندا، خێڵی “هەوازین” هەلیان بە دەرفەت گرت و پەلاماری لەشکری ئیسامیان دا و كوشتوبڕێکی زۆریان کرد؛ یاران خراپ شڵەژان و تەنانەت نەیاندەپەرژایە سەر ئەوەی بەرگری لە پێغەمبەریش بكەن! كە خوای گەورە و میهرەبان لە ئایەتی ۲٥و۲٦ی سوورەتی “تەوبە”دا، ناز دەکاتە سەر پێغەمبەر و یارانیدا، دروود و سڵاوی خوای گەورەیان لێ بێت و، دەفەرمێت: “بە ڕاستی خوای گەورە یارمەتییەکی زۆری داون لە زۆر جێگەدا، نەخاسمە لە ڕۆژی حونەیندا، ئەوكاتەی وا لە خۆشیی لەشکرە گەورەکەی خۆتاندا، لە خۆتان بایی بوون و، فیزتان لە خۆ کرد؛ کەچی ئەوەتان لێ بەسەر هات كە بەسەرتاندا هات! زۆر و زەوەندیەکەتان، گومڕای کردن و هیچیشتان پێ نەكرا و ئەو زەوینە پانوبەرینەتان وەها لێ بەرتەسک بووەوە کە پشتتان كردە دژمن، بەڵام خوای گەورە خوی ئۆقرەی خستەوە دڵ پێغەمبەر و بڕوادارانەوە."
پەڕاوێزەكان:
“۱”فتح الباري شرح صحيح البخاري فەرموودە ژمارە ۷٤”